عیبرەت لەجێ بەجێکردن دایە
1/21/2025 9:58:00 PM
مەریوان مەلاحەسەن
یاسای گەرانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە.
ئەو یاسایەی کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەسەندی کرد ئەوە بوو بینیمان نوێنەرانی کورد لە بەغداد بە زەردەخەنەی پڕاوپڕ لە دڵخۆشی و پیرۆزبایی کردن لەهۆڵی پەرلەمان ئاهەنگیان دەگیرا.
گرینگی ئەو یاسایە بۆ خەڵکی ناوچە دابڕاوەکانی دەرەوەی ھەرێم ئەوەیە کە ئیتر بێ ترس و دڵەراوکێ دەگەرێنەوە سەر موڵک و ماڵی خۆیان جوتیاران بە زەویەکانیان شادەبنەوە وەک دەڵێن ( حەق گەرایەوە بۆ خاوەن حەق).
ئەوەی لەسەرەوەدا ڕونمکردەوە ئەوەیە کە لەناوەرۆکی یاساکەدا ھاتووە، بەڵام دەرکردنی یاساکە چەندە گرینگە جێبەجێ کردنی دوو ھێندە گرنگە .
لێرەدا دەبێت ئێمە چەند پرسیارێکی جدی لەخۆمان بکەین کێ دێت ئەو یاسایە جێ بەجێ دەکات ؟ کێ رەقیب دەبێت لەسەر جێبەجێ کردنی ئەو یاسایە ؟ ئەو سەدان سکاڵایانەی لە دادگاکانن کەی یەکلا دەکرێنەوە وچۆن یەکلا دەکرێنەوە ؟ لەوەڵامی ئەو پرسیارانە کۆمەڵێک راستیمان بۆ دەردەکەوێت ئەویش ئەوەیە گەر هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە سنورەکانی ناوچە کێشە لەسەرەکان ، ئەوا گەڕانەوەی جوتیاران وخاوەن موڵک وماڵەکان ئەستەمە چونکە لەماوەی ڕابردوو سوپاسی عیراق بێلایەن نەبوو لە کێشەی جوتیارانی کەرکوک و دەوربەری وسەرگڕان وپەلکانە وسەرجەم ناوچەکانی سەر بە مادەی ١٤٠ رەقیبی جێ بەجێ کردنی ئەویاسایە لە فەوزای هەبوونی دەیان جۆری چەکدار چۆن دەتوانێت ئەوانەی سەرپێچی ئەو یاسایە دەکەن پەلکێشی بەردەم دادگایان بکەن چونکە ئەوەی لەماوەی ڕابردوو ڕویداوە تەنیا دەرکردنی بەیاننامەی ناڕەزایی بووە ئەوەش هیچی لێ سەوز نەبووە بۆیە دەبێت حکومەت لەجێ بەجێکردن ومیکانیزمی جێبەجێکردنی یاساکەدا ڕەچاوی ھەموو بارودۆخێکی کردبێت جگە لەمە یاساکە تەنیا حبری سەر وەرەقەیە و سودی بۆ ھیچ لایەک نابێت.