کەمتەرخەمی باشور لە ئاست رۆژئاڤا
1/19/2025 7:42:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد
لەو ساڵانەی رابردو لە ئاهەنگێکی مەقامدا لە کەرکوک، بە رێکەوت لە تەنیشتی هونەرمەندێکی دۆستا دانیشتم، هەر کە چۆنی و چاکیم لەگەڵ کرد ، ئەم گفتوگۆیە دروستبو:
هونەرمەند: بەدەست ئەو داڵک حیزەوە هیچ باشنیم.
بەندە: بۆ قوربان، دایکی مناڵەکان بۆت خراپە؟
هونەرمەند: نا، بەڵام بۆ کوێ دەچم یەکێ لە کوڕەکان بەدوم دەخات.
بەندە: وا دیارە برادەر، پەرێزت پاک نیە.
بەڵی رابردو و پەرێز پاکی لە پەیوەندی سیاسیشدا گرنگە بۆ متمانە لە نێوان دولا و زو گەیشتن بە ڕێکەوتن.
پەرێزی دەسەڵات و حیزبەکان لە باشور
دەسەڵات لە باشور لە ٦٠ ساڵی رابردو چ لە شاخ و چ لە شار بەدەست جەلالی و مەلایی، پاشان یەکێتی و پارتی بوە. واتە ئەم دو گروپە لە دەسەڵات بونە، گروپەکانی تر یان دابەشبونە بەسەر ئەو دو لایەنە یان کۆڵەگەیەکی بەهێزبونە بۆ راگرتنی لایەنێکی ئەو دەسەڵاتە. پەرێزپیسی ئەم دەسەڵاتە و هەندێ لە گروپەکانی تر دەردەکەوێت لە:
١- مێژوی پەیوەندیەکانی ئەم دولایەنەی دەسەڵات لە ٦٠ ساڵی رابردودا تا ئەم سەردەمەش پڕن لە شەڕی خۆبەخۆ، ناپاکای،
گوێلەمشتی بێگانە و بون بە کەواسوری بەر لەشکری جیاجیای بێگانە.
٢- شەڕی کوردان و راوەدونانی شۆڕشگێڕانی پارچەکانی تری کوردستان، هەندێجار گرتنیان و رادەستکردنەوەیان بە داگیرکەر.
٣- دزی و گەندەڵی و بەرژەوەندخوازی.
٤- رۆڵدان بە خیڵ و بنەماڵە لە جیاتی رۆڵی نەتەوە.
٥- ئێستاش دابەشبونیان بەسەر دو بەرەی شیعە و سوننە.
٦- نزیکبونەوە و ئاشتبونەوەیان لەسەر ویستی خۆیان یان میللەت نەبوە ، بەڵکە لەسەر دەست و فشاری وڵاتانی دەرەکی بوە یان فشاری نالەباری بارودۆخەکە: وەک لەم سێ قۆناغەدا دەردەکوێ، ساڵی ١٩٧٠ و بەیانی ١١ ئازار، ١٩٨٨ بەرەی کوردستانی و ١٩٩٨ ئاشتبونەوەی واشنتۆن بە نمونە. نەبونی یەک هێزی پێشمەرگە یەکێکە لە بەرهەمەکانی ئەو دەست شکاندنەویە.
٨- لە ١٩٥٩ بۆ ئێستا هزری ئیخوانیزم کاریگەری نەرێنی زۆری کردۆتە سەر بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان.
٩- پابەندنەبونی ئەم دەسەڵاتە بە بڕیارەکانی پەرلەمانی کوردستان بە تایبەتی بڕیاری ژمارە ٢٤ ساڵی ٢٠١٤ تایبەت بە گەلی رۆژئاوای کوردستان. جگە لە پەرێزپیسی، هۆکارە بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتە گومان لە متمانە و بڕوا بە بەڵێنەکانی بکرێت.
رۆژئاوا و دەسەڵاتی باشور
جێی وەبیرهێناوەیە چونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ٢٠١٤ بۆ بەرگریکردن لە کۆبانێ و ناردنی کۆمەک بۆ رۆژئاوا جێی دەست خۆشیە. موخابن پاشان دەرکەوت ئەم هاوکاریەش پاش رازیبونی تورکیا و وڵاتانی دەرەوە بوە. چونکە ئەوەتا دەبینین ئێستا رۆژئاوا زۆر پێویستی بە هاوکاری هەمو لایەک هەیە کەچی ئەم دەسەڵاتە لەترسی تورکیا لە باسکردنیشی خۆیان دەپارێزن، هەنگاویان لە دژی رۆژئاوا ناوە ، بە تایبەتی لە سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک. ئەم هاوکارینەکردنە یان دروستکردنی بەربەست لە کۆکردنەوەی هاوکاری وەک ئەوەی لە کەرکوک کرا هێندەی تر پەرێزەکەی پیستر کردوە.
کۆبونەوەی سەرۆکی پارتی و سەرکردە و فەرماندەی هەسەدە
کۆبونەیەکە دڵی هەمو کوردانی خۆشکرد، باشتر دەبو تەواوی لایەنەکانی باشور پێشوازیان لە سەرکردە مەزڵوم بکردایا. خاڵە گرنگەکەی ئەم کۆبونەەیە یەکڕیزی لایەنەکانە لە رۆژئاوا بەوەی :
١- بونی یەک هێزی چەکدار، ئەمەش بە ئاوێتەبونی پێشمەرگەکانی رۆژ لە ناو هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێت. نەک هاوشێوەی باشور هەر حیزبە و خاوەن هێزی خۆی بێت.
٢- دورکەوتنەوەی ئەو لایەنە کوردیانەی لە بەرەی تورکیا.
٣- بەیەک بەرنامە و یەک گوتاری سیاسی لەگەڵ دیمەشق بکەونە گفتوگۆ.
نیازپاکی دەسەڵاتی باشور
بۆ متمانەپێکردنی زیاتر دوای ئەو مێژو و پەرێز پێسیەی رابردو، پێویستە دەسەڵات لە باشور بە گشتی و پارتی دیموکراتی کوردستان بە تایبەتی، ئەم هەنگاوانەی خۆارەوە بنێت بۆ دەرخستنی نیازپاکی لای رۆژئاوا و تەواوی گەلی کوردستان:
یەک: کردنەوەی رێگای سمێلکا.
دو: رێگەدان بە پەخشی هەردو کەناڵی روناهی و تیشک هاوشانی کەناڵە ناوخۆییەکانی هەرێم، تا میللەت چالاکی و نەهامتیەکانی کوردانی رۆژئاوا ببینن.
سێ: رێگەدان بە کردنەوەی نوسینگەی نوێنەرایەتی رۆژئاوا لە شارەکانی هەولێر و دهۆک.
چوار : پابەندبون بە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە ٢٤ – ساڵی ٢٠١٤ پەرلەمانی کوردستان.
لە کۆتاییدا، جێیەتی بوترێ سەرەڕای هەمو ئەو پەرێزپیسی و بێ بڕواییە، کۆبونەوەکەی نێوان سەرۆکی پارتی و فەرماندە و سەرکردە مەزڵوم عەبدی بۆ ئەم قۆناغە و ئەم بێکەسیە سەراتەیەکی باشە، بەهیوای ئەوەی، بەڵکو ببێت بە هەمەلایەنە و پڕبەرهەم بێت!.