382 ئابوری

شێخ فاخر شێخ تەیب رۆشنایی دەخاتە سەر كۆنگرەكەی داڤۆس

01:25 - 23/01/2025

زەمەن – ئابوری

به‌ڕێوبه‌ری جێبه‌جێكاری قه‌یوان گروپ له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ كۆنگره‌ی داڤۆس رایده‌گه‌یه‌نێت، یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی كه‌ ئه‌مساڵ داڤۆس زۆر ته‌ركیزی له‌سه‌ریه‌تی، بابه‌تی هه‌ماهه‌نگیكردنه‌ له‌نێوان كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌رتی گشتیدا و ده‌شڵێت، "چه‌ند دیدار و كۆبونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كۆمپانیا ئه‌نجامدا  گه‌شبینین كه‌ به‌رهه‌مدار بن".

له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌كۆنگره‌ی داڤۆس لە سویسرا، شێخ فاخر شێخ طیب، به‌ڕێوبه‌ری جێبه‌جێكاری قه‌یوان گروپ داڤۆس له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، "ئه‌مساڵ دوه‌م ساڵه‌ شاندی كوردی به‌سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم به‌شداری له‌ داڤۆس ده‌كات، له‌داڤۆسی ئه‌مساڵ گفتوگۆی هه‌مو ئه‌و كارانه‌ ده‌كرێت كه‌ بۆ ساڵی ئاینده‌ ده‌بێت له‌ پێشینه‌ی كاره‌كانی وه‌به‌رهێنه‌ران و ئه‌وانه‌ بن كه‌ به‌شدارن له‌ بریاری سیاسی و ئابوریدا ده‌كه‌ن".

وتیشی، "یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی كه‌ ئه‌مساڵ داڤۆس زۆر ته‌ركیزی له‌سه‌ریه‌تی، بابه‌تی هه‌ماهه‌نگیكردنه‌ له‌نێوان كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌رتی گشتیدا، ئه‌م جۆره‌ هه‌ماهه‌نگیه‌ زۆر گرنگه‌، چونكه‌ كه‌رتی تایبه‌ت و حكومه‌ت هه‌رچه‌ند به‌ده‌ستوبرد بن ناتوانن به‌ته‌نها هه‌مو ئه‌و بۆشاییانه‌ پڕبكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ئابوری هه‌ر وڵاتێكدا هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌شداری كه‌رتی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ كه‌رتی حكومی زه‌روره‌تێكی حه‌تمیه‌ له‌ئابوریدا".

بەرێوەبەری گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، "یه‌كێكی دیكه‌ له‌و بابه‌تانه‌ی داڤۆس ته‌ركیزی له‌سه‌ری بوه‌ بابه‌تی متمانه‌ و گه‌شه‌كردن و وه‌به‌رهێنانه‌ له‌سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌كان، چونكه‌ تا متمانه‌ به‌هێز بێت ئابوری به‌هێز ده‌بێـت، بابه‌تی گه‌شه‌كردنیش له‌سه‌رده‌می زیره‌كی ده‌ستكرد پێویستی به‌كارامه‌یی و لێهاتویی زیاتر هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ وه‌به‌رهێنان له‌سه‌رچاوه‌ی مرۆیی زیاتر بكرێت بۆئه‌وه‌ی بتوانرێت شاره‌زایی و كارامه‌یی زیاتر دروستبكرێـت و وه‌ڵامی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بداته‌وه‌ كه‌ پێی ده‌وترێت سه‌رده‌می زیره‌كی ده‌ستكرد".

شێخ فاخر شێخ طیب باسی له‌وه‌شكرد، "ماڵی كوردستانی له‌ داڤۆس به‌به‌رده‌وامی قه‌ره‌باڵغیه‌كی زۆری تێدایە و خه‌ڵكێكی زۆر روی تێده‌كه‌ن، چه‌ند دیدار و كۆبونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كۆمپانیا ئه‌نجامدا  گه‌شبینین كه‌ به‌رهه‌مدار بن، گفتوگۆ له‌نێوانمان هه‌بوه‌ و ئه‌نجامی گفتوگۆكانش پێویستیان به‌كاتی زیاتره‌ بۆئه‌وه‌ی بگاته‌ قۆناغی واژۆكردنی گرێبه‌ست به‌ڵام به‌گشتی گه‌شبینین".

ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، "داڤۆس به‌شێكە له‌دروستكردنی بریاری ئابوری، به‌شێك له‌ سیاسیه‌كانیش كه‌ رۆڵی كاریگه‌ریان له‌سه‌ر بریاری ئابوری هه‌یه‌ لێره‌ن، به‌ئاگابون له‌و مه‌ترسیانه‌ی ره‌نگه‌ روبدات له‌ئابوریدا، قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی له‌ ئابوریدا ره‌نگه‌ روبدات، به‌هه‌ردو روه‌كه‌ راسته‌وخۆ له‌ناو روداوه‌كه‌داین".

شێخ فاخر شێخ طیب راشیگه‌یاند، "كۆڕبه‌ندی ئه‌مساڵی داڤۆس هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربونی سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، كه‌ سیاسه‌تی ئه‌مریكاش به‌رامبه‌ر به‌ ئابوریش یه‌كێكه‌ ده‌بێـت و پێویسته‌ به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت".



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن