ئەندام پەرلەمانە شیعەکان هەڕەشە لە تەیف سامی دەکەن
11:44 - 25/01/2025
زەمەن _ عێراقی
ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە هەڕەشە لەتەیف سامی دەکەن، ئەگەر بێ ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم مووچە بنێرێت، لێپرسینەوەی لێدەکەن.
ئەمڕۆ شەممە، ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، کۆمەڵێک پەرلەمانتاری شیعە لە عێراق ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند: نابێت بێ رادەستکردنی نەوت، هیچ پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، ئەگەرنا لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان لێپرسینەوە لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەکەن.
ئاماژەیان بەوەشداوە، دوای پەسندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵیی سێ ساڵە، چەند مادەیەک هەبوون کە پەیوەندییان بە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەبوو، بەڵام پابەند نەبووە و تەنیا نزیکەی ٣٩٩ ملیاری لە داهاتی نانەوتی رادەست کردووە، کە خۆی زیاتر بووە لە چوار تریلیۆن، لەگەڵ رادەستکردنی ٩٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ ٦ مانگ، کە دواتر ئەویش راگیرا.
ئەو پەرلەمانتارانە دەشڵێن: سەرباری پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی هەوڵی داوە چارەسەری کێشەکان بکات، لەوانەش لە رێگەی تەرخانکردنی سێ قەرزی ساڵی رابردوو بە بڕی زیاتر لە دوو تریلیۆن دینار، کە ئەوە بە کارێکی نایاسایی ناودەبەن.
هاوکات ژمارەی ئەوە پەرلەمانتارانە نزیکەی ٢٠ ئەندام پەرلەمان دەبن.