932 عیراق

پەیامە سیاسیەكانی هاکان فیدان لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی

02:09 - 26/01/2025

زەمەن – عێراقی

 

 ئەمڕۆ یەکشەممە، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیان، هەریەکە لە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.

 فوئاد حسێن، رایگەیاند “پانتاییەکی فراوان لە نێوان تورکیا و عێراقدا بۆ کاری هاوبەش هەیە بەتایبەت لە بوارەکانی وزە، ئابوری، بازرگانیدا و پەیوەندییەکانمان پەرەپێدەدەین”.

پاشان هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرە  ڕۆژنامەوانیەكەیدا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی وتی: گفتوگۆمان لەسەر چەند بابەتێکی پەیوەست بە ناوچەکەوە کرد.

فیدان ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمە بە شێوەیەکی ستراتیژی  دەڕوانینە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ عێراق." وتیشی: "تا عێراق زیاتر ئاسایش و سەقامگیری هەبێت، ئاشتیی زیاتر لە تورکیا ڕەنگ دەداتەوەوعێراق دراوسێیەکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە".

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە پرسی پەکەکە و دۆخی سووریاش کرد، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "پەکەکە سەروەریی عێراق پێشێل دەکات، لە دوو رۆژی رابردوودا دوو سەربازی عێراقی شەهیدکران لەلایەن پەکەکەوە، وەکو چۆن پەکەکە هەڕەشەیە بۆ عێراق، هەڕەشەیە بۆ تورکیا و سووریاش".


باسی لەوەش کرد "ئێمە پێشتر 27 ڕێککەوتنمان لەگەڵ عێراق ئیمزا کردووە، هەروەها هەوڵ دەدەین بەشداری لە هەموو پڕۆژەکانی پەیوەست بە گەشەپێدان بکەین و کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان."

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان کرد و وتی: "قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق 20 ملیار دۆلارە."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سووریا فیدان وتی: "گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیدارەی نوێ لە سووریا دەدەین، هەروەها باسمان لەوە کرد سووریا دەبێت چی بکات تاوەکوو زیان بە پێگەی عێراق نەکەوێت."

ڕاشیگەیاند "هیوادارین پەیوەندییەکانی دیمەشق و بەغدا باش بێت، ئێمەش چیمان لەدەست بێت بۆ ئەو بابەتە دەیکەین."

سەردانەکەی ئەمڕۆی هاکان فیدان بۆ عێراق، لە چوارچێوەی سەردانێكی فەرمییە و پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بەغدا و پرسە هەرێمییەکان تاوتوێ دەکرێت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی دیپلۆماتی تورکیا، لەم سەردانەدا هاکان فیدان بە جیا لەگەڵ هەر یەک لە لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆمار، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران، مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کۆ دەبێتەوە.

هەروەها جەخت لە جێبەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتنانە دەکرێتەوە، کە لە میانەی سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە 22ی نیسانی 2024 لەگەڵ حکوومەتی عێراق ئیمزایان کردووە، لە نێویاندا پرسی ئاسایشی سنوورەکان و فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن