دادگای پێداچوونەوەی عێراق لە بەرژەوەندى وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێم بڕیاریدا
08:37 - 30/01/2025
زەمەن - کوردستانى
وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان راگەیاندراوێکى بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، دادگای پێداچوونەوەی عێراق لە بەرژەوەندى وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێم بڕیاریدا و رایگەیاند، "گرێبەستەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکان یاساییە".
وەزارەتەکە راشیگەیاندووە، دوای چەندین دانیشتنی دادگا و تانە لێدانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە بڕیارەکانی دادگای کەرخ، کە دوابەدوای بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دژ بە یاسای نەوت و گازی کوردستان دەرچووبوو، دادگای کەرخ دوای ماوەیەکی زۆر لەچەندین جار دادبینی لەبەرژەوەندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاری هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی پێشووی خۆی دا.
ئەوەشى راگەیاندووە، هەرچەندە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ دووبارە تانەی لە بڕیارەکان دا بەڵام دادگای پێداچوونەوەی عێراق بڕیاری دایەوە بە پەسەندکردنی بڕیارەکانی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرخ، بەمەش لە ڕووی یاساییەوە یەکلا بووەوە کە گرێبەستەکانی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیاکانی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان کارایە و دروستە.