پژاک و کۆمەڵە لە دەرەوەى دانوستان لەگەڵ ئێران
9/10/2019 2:48:00 PM
ئەنوەر حسێن (بازگر)
کاتێک پەیوەندییەکانى واشنتۆن – تاران لە ئەوجى خراپیدایە، ئۆپۆزسیۆنى ڕۆژهەڵاتى کوردستان خەریکى دانوستانە لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران و تا ئێستا نزیک بە پێنج گێمى دانیشتنەکان لە ئۆسلۆ بەڕێوەچووە.
ئەگەرچى پارادۆکسێک لەم کارەى ڕۆژهەڵاتییەکان دەبینرێت، ئایا پێیانوایە ئێران بە ڕاستى دانوستان دەکات و مافەکانى گەلى کورد دەستەبەر دەکات؟ یان بێئومێد بوون لە ئەمریکا، چ لە دۆستایەتى یان پاڵپشتى کردن و ڕووخاندنى ئێران کە چاوەڕوانیان دەکرد؟ گەر ئەم دوو حاڵەتە نەبێت! ڕەنگە ماندوو بووبن و بیانەوێت بە ئاکام بگەن، یان لانیکەم وچانێک بدەن و ئەزموونى دانوستانى نێوان (ى.ن.ک) و عێراقى ساڵى 1984 دووبارە بکەنەوە، ڕەنگە خۆشیان بڵێن مفاوەزات بەشێکە لە دبلۆماسییەت ئەوەش دروستە...!!
بەپێى هەندێک سەرچاوەى نزیک لەو کۆبوونەوانە، گوایە ئەمەریکییەکان و سعودییەکان ئاگادارن و بە وردى چاودێرى ئەو پرسە دەکەن.
بەڵام جیا لەوانە چەند گرفت لەبەردەم پرۆسەکەدا هەیە:
یەکەم: تا ئێستاش هێزەکانى ناو پرۆسەکە (کۆمەڵەو دیموکرات) وەکو ناوەندى کارى هاوبەشی حزبەکانى ڕۆژهەڵات بە ڕەسمى یەکتر ناناسن، تا ئەم ساتەش حزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران (حدکا)، حزبە هاوشێوەکەى (حزبی دیموکراتى کوردستان) (حدک) بە ڕەسمى ناناسێت و بەناوى (هاوڕێیانى پێشوو) مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.
هەروەها پەیوەندییەکانى (کۆمەڵەى شۆڕشگێرى زەحمەتکێشانى کوردستان – کۆمەڵە) لەگەڵ هاوشێوەکەى (کۆمەڵەى زەحمەتکێشانى کوردستان – کۆمەڵە) باش نییەو بە ڕەسمى یەکتر ناناسن.
دووهەم: لە دەرەوەى ئەم چوار حزبە، حزبی تریش هەن کە بەشدار نین وەک (ڕێکخراوى کوردستانى حزبی کۆمۆنیستى ئێران – کۆمەڵە)، (پارتى ژیانى ئازادى کوردستان – پژاک) و بگرە هێزێکى کاریگەرى وەک سازمانى مجاهیدینى خەلقیش، بێگومان کاریگەرى نێگەتیڤى دەبێت.
سێیەم: پەیوەندى خراپى نێوان (حدکا) و (کۆمەڵەى شۆڕشگێڕ) لەگەڵ (پژاک) کە لە سیاسەت و ئەدەبیاتى هەر سێ لادا دەبینرێتو دەشێت وەکو درێژکراوەى دیوى خراپ و پڕ ئاریشەى نێوان کۆمەڵەو دیموکرات لەگەڵ پەکەکە لێکبدرێتەوە.
لێدوانەکانى پێشووى مستەفا هیجرى کە وتبووى “پژاک داتاشراوى پەکەکەیە”و عەبدوڵڵاى موهتەدى کە وتبووى “لە داهاتووى ڕۆژهەڵات ڕێگا نادەین، پەکەکە کوێخامان بۆ داتاشێت”و لێدوانەکانى حاجى ئەحمەدى هاوسەرۆکى پێشووى پژاک کە ڕەخنەى لێگرتن و وتى: “من وەکو کۆمەڵەو دیموکرات ناکەم لە ئۆردوگا دابنیشم و ئاوى قەندیل دەخۆمەوە”، ئەوە لەکاتێکدا کە حاجى ئەحمەد هاوسەرۆکى پێشووى پژاک لە کادرانى قەدیمى دیموکراتەو سیامەند موعینى هاوسەرۆکى ئێستاش لە کادرانى پێشووى کۆمەڵەیە.
واتا پژاک دەیەوێت ڕۆڵى پەیەدەو هەسەدە لە ڕۆژهەڵات بگێڕێت، بەڵام نە لە ئیمکان هاتووە، نە کۆمەڵەو دیموکرات قبوڵى دەکەن، بەڵام لەهەر حاڵدا نە دەتوانن پژاک حەزف بکەن، نە پەکەکەش دەتوانێت دەست بەسەر ڕۆژهەڵاتدا بگرێت.
چونکە نە پژاکى ڕۆژهەڵات، پەیەدەى ڕۆژئاوایە، نە کۆمەڵەو دیموکراتى ڕۆژهەڵاتیش، ئەنەکەسەى ڕۆژئاوان، بەڵام ئەم پرسە پڕ لە مەترسییە لە ئایندەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بێ کێشە نابێتو دوور نییە، بە ئەزموونى باشوورو ڕۆژئاواى نێوان زلهێزەکاندا تێپەڕ نەبێت.
سەرەڕاى ئەوانە، لایەنە ناکۆکەکەى لەگەڵ کۆمەڵەو دیموکرات، حزبی کۆمۆنیستى ئێران (کۆمەڵە) ئێستا بۆتە دۆست و نزیکى پژاک، کە دیسان ئەمەش ڕەنگە هاوکێشەکە بگۆڕێت، لەکاتێکدا کۆمەڵە لە ڕووى فکرى و ئایدۆلۆژییەوە، هێندەى پژاک نزیک نییەو هەندێکجار لە ناوخۆی حزبەکەش دەنگى ڕەخنەو گلەیی لە کۆمەڵە بەرز دەبێتەوە، کە دژى ئەو نزیکى و دۆستایەتییەن، بەڵام ڕەنگە کۆمەڵە باشتر لە لایەنەکانى تر درکى گرنگى ئەو پەیوەندی و هاوکێشانەى کرد بێت لە ڕۆژهەڵات، بێگومان لە ڕۆژئاواش (کۆمەڵە) حزبی کۆمۆنیستى ئێران، نزیکە لە پەیەدە بە واتایەکى تر نزیکە لە پەکەکە، کە ڕێک پێچەوانەى دوو کۆمەڵەو دوو دیموکراتەکەى ترە، کە چوار لایەنى سەرەکى دانوستانەکانن لەگەڵ ئێران.
چوارەم: لەوەش سەیرتر لە کاتى ئەم دانوستاندنە هەردوولا ئێرانو چوار حزبەکە هێرش دەکەنە سەر یەکتر، کە هەموو ئاماژەکان دەڵێن “ئەم گفتوگۆیانە بەم ڕیتم و خەسڵەتە پڕ پارادۆکس و ناتەباییەى هەیەتى ممکن نییە، ئاکامێکى چاوەڕوانکراوى لێبکەوێتەوە”.
بەڵام ئەوە هەرگیز ماناى ئەوە نییە، مافەکانى خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان زوو یان درەنگ لە هەر هەلومەرجێکدا جێبەجێ نەبێت و ڕۆژهەڵات ڕزگارو ئازاد نەبێت.