سازشی سەرى ڕەش و دەباشان
2/1/2019 2:44:00 PM
ئەنوەر حسێن (بازگر)
هەڵبژاردن تەواو بوو، بەڵێنى زۆر دراوە بە خەڵک، بۆ
گەڕانەوەى متمانەش بە حکومەتى داهاتوو پێویستى بە نیشاندانى ئاماژەو کردارى، زەینى
و واقیعى (هەڵگرتنى پاشەکەوتى مووچەو پێدانەوەى پاشەکەوتەکان، هەنگاو هەڵگرتن بۆ
شەفافییەتى نەوت و دژایەتى گەندەڵى، ڕێگانەدان بە دووبارەبوونەوەى کابینەى پێشوو،
کە چەند وەزیرێک نەک سەرکەوتوو نەبوون، بەڵکو (نە خەڵک و هاوڵاتى، نە حزب و
تەنانەت حکومەتیش لێیان ڕازى نەبوو).
ئێستا گرفتى پێکهاتنى کابینەى حکومەت وەستاوە لەسەر:
یەکەم: ئاسایی بوونەوەى پەیوەندییەکانى یەکێتى و پارتى،
بەتایبەتى دواى کەیسی سەرۆک کۆمار کە تا ئێستا پارتى هەر لەسەر ئەو ریتمە دەڕوات،
کە تاسەر تەندروست نییە، هەموو دۆسیەکانى ئەو دوو هێزە، لەم بابەتەدا کورت
بکرێتەوە، بەڵکو دەبێت هەردوولا ئەو ئاریشەیە تێپەڕێنن، بەتایبەتى بارزانى دەبێت
دۆستانەتر مامەڵە بکات.
دووەم: خیلافى ناو پارتى، کە نێچیرڤان بارزانى پێیوایە
لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ، حکومەت پێکناهێنێت تا بەشداربن (پێیوایە شەش مانگ پێش
هەڵبژاردن کشانەوە، بۆ کۆکردنەوەى دەنگ و هەمیشە نەیارو دژى حکومەت بوون و خۆیان نەک
بە شەریک، بەڵکو بە بەشداریش نەزانیوە، کە ئەم بۆچوونانەى بارزانى ڕاستن، بەڵام
بەشەکەى ترى پارتى لەگەڵ ئەوەن گۆڕان بەشدار بێت، بەڵام کۆمەڵ نا، بەڵام نێچیرڤان
بارزانى ئەوەى رەتکردۆتەوەو پێشیوایە تەنها یەکێتى و پارتى حکومەت دروست بکەن.
سێیەم: ئەو بۆچوونەش باش نییە، کە پارتى چونکە براوەى
یەکەمە، بڵێ خۆم پۆستەکان دابەش دەکەم و بەپێى ئیستحقاقى هەڵبژاردن مامەڵە لەگەڵ
یەکێتى دەکەم.
بەڵام یەکێتى دەبێت ئەوە قبوڵبکات کە پارتى براوەى
یەکەمەو رەخنەکانى سەرۆکى حکومەت بەهەند وەربگرێت، لە دوالیزمى حکومەت و
ئۆپۆزسیۆن، بەڵام پارتیش ئەوە بزانێت، ئەوە ئەو نییە بڕیار لەسەر بەشدارى و فۆڕمى
و ئەو بەشدارییە دەدات لە حکومەتدا بۆ یەکێتى، ئەو ناعەدالەتییەى لە کابینەى
پێشووشدا کۆتایی پێبێنێت و زمانى سیاسی و میدیایی خۆیشی ئاسایی بکاتەوە، چونکە
خزمەتى پرۆسەى سیاسی هەرێم ناکات، کە دەیان ئەجێندای ناوچەیی مەترسیدار هەن کە
پارتى و یەکێتى و گەلى کوردستان و ئەزموونەکەى تێدا دەبنە قوربانى، بۆیە هەردوولا
مەحکومن، پێکەوە بوون بە جیاوازییەکانیانەوە، بەڵام بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتى
ڕازیکردنى خەڵکى کوردستان و سازشکردن بۆ یەکترى لەسەر مێزى دانوستانى سەرى ڕەش و
دەباشان، بە ڕەگەزو کەسایەتییە دڵسۆزەکان و پەرۆشەکان کە باشتر لە بارودۆخى یەکێتى
و پارتى تێدەگەن، باشترە لە بەغدا یان ئەنکەرەو تاران.