159وتار

خۆشەویستى هەولێرییەکان بۆ کتێب

6/24/2024 2:01:00 PM
ئەنوەر حسێن (بازگر)

پێشانگاى نێودەوڵەتى کتێب لە هەولێر لە (17 - 27/4/2024) بە پێشوازى گەرم و گوڕى خوێنەران بەگشتی و بە تایبەتیش هەولێرییەکان لە کتێب و دەزگا چاپەمەنییەکان، بە هەستکردن بە خۆشەویستى کتێب و گرنگبوونى، ئێمەى زۆر خۆشحاڵکرد. 

 

جارێ با هەندێ زانیارییتان پێبدەم لەسەر پێشانگاکە: 
- ماوەی پێشانگا: 11 ڕۆژ (17/4/2024) تا (27/4/2024)
- ڕێکخەری پێشانگا: دەزگای مەدا (بە سپۆنسەری وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێم و دامەزراوەی میدیایی +964).
- خول: خولی شانزەیەم
- ژمارەی ناوەندە بەشداربووەکان: (300) ناوەند لە (22 وڵات)ی جیهانەوە
- ژمارەی ناونیشانە نمایشکراوەکان: (1.500.000) ناونیشان
- ژمارەی خەمڵێنراوی کتێب لەناو پێشانگا: نزیکەی (50) ملیۆن  کتێب
- زیاتر لە نیو ملیۆن خوێنەر و هاوڵاتى سەردانى پێشانگاکەى کردوە.

 

ئەم پێشانگایە، کە لەلایەن دەزگاى (مەدا) و فەخرى کەریم ساڵانە بەڕێوە دەچێت، گرنگى بە دەزگا بەشداربوەکان، ناوەڕۆکى چاپکراوەکان، کوالیتى کتێب و ڕازاندنەوەى ساڵۆن و پاکووخاوێنى دەدەن و لەوەش گرنگتر هەموو ساڵێک جەنابى مەسعود بارزانى خۆى دەیکاتەوە و بەشدار دەبێت، کە وادیارە پاڵپشتى و سەپۆرتى مەدا و فەخرى کەریم دەکات، کە ئەمەش کارێکى دڵسۆزانەیە. 

 

ئەم پێشانگایە بە بەراورد بە شوێنەکانى تر لە کوردستان و بەپێى ئامارەکانى بەردەستى ئێمە، مەدەنى ترە، سیکۆلارتر و بەبەرنامەترە، خەڵکى هەولێریش لە کڕین و خوێندنەوە، پێش هەموو شارەکان کەوتوون بە (پایتەختى ڕۆشنبیریشەوە). 

 

بێگومان بۆ هەر دەزگایەکیش ڕێژەى فرۆش و ناوەڕۆکى بەرهەمەکانى و ڕێزگرتنى خوێنەر لە کارەکانى، پۆینتى پۆزەتیڤن. 

 

دەزگاى ئایدیا بۆ فکر و لێکۆڵینەوە، بە هاوکارى ستافەکەى هەموو ساڵ بەشدارى ئەم پێشانگایەى کردوە، بەڵام ساڵ بۆ ساڵ پێشوازى خەڵکى لە کارەکانى ئێمە و ڕێزگرتن لە هەوڵ و ماندووبوونى ئێمە بەرز دەنرخێنن. ئەم پێشوازییەش هەم لە ڕووی ژمارەی کتێبە فرۆشراوەکانە، هەم لە ڕووی بەدەنگەوەهاتنە بۆ ناوەڕۆکی کتێبەکان و ڕەوتی کارکردنی دەزگاکە.

 

سەبارەت بە دەزگای ئایدیا بۆچوونى زۆر باشى ڕێکخەرى پێشانگا (دەزگاى مەدا) و بەرزنرخاندنى کارەکانمان، هاوکارى و ڕێزگرتنى زانکۆى سەلاحەدین و یەکێتى بڵاوکەرەوە عێراقییەکان و چەندین لایەنی دیکە، یەکێکە لە پێوەرە سەرەکییەکانمان بۆ ڕادەی بەرهەمداریی کارکردنی فکریمان.

 

دەستخۆشى و ڕێزگرتن لە کارەکانمان بە بێ جیاوازی لەلایەن کەسانی جدیی وەک (رائد فەهمى - سکرتێرى حیزبى شیوعى عێراق، مەلا بەختیار، هێمن هەورامى، شێرزاد حەسەن، ڕێباز مستەفا، شەفیقى حاجى خدر، فەرهاد عەونى، مومتاز حەیدەرى، جەبار جەمال غەریب، حاکم ڕزگار ئەمین، عوسمان حاجى مارف - سکرتێرى حیزبى کۆمۆنیستى کرێکارى کوردستان، د. نەجاتى عەبدوڵڵا، عەلى ڕەنجبەر و سمکۆ محەمەد) و بە دەیان نووسەر و کەسایەتغى تر، بۆ ئێمە مایەى خۆشحاڵییە، کە لانى کەم ڕێز لە هەوڵ و ماندووبوونى ئێمە دەگرن، بە پێچەوانەى زۆر کەسى تر و لایەنى تر، کە دەست شکانێکیشمان پێ ناڵێن. 

 

بۆیە لە بەرامبەر ئەو دڵسۆزیەى ئەو دڵسۆزانە، ساڵانى تر بە گەرم و گوڕتر بەشدار دەبین و وەکو هەمیشە لەسەر ستراتیژى بە بیروباوەڕى خۆمان بەردەوام دەبین، هەرچەندە زۆر گرفت و ئاریشەى دارایشمان هەبێت، بەڵام بە هەوڵى خەڵکانى دڵسۆز و سەرمایەدارى نیشتمانى و ستافى چالاکى دەزگاکە، جەسورتر دەبین. 

 

دیسان دەبێ سوپاسى هەولێرییەکان بکەین، کە بە پێشوازییان لە دەزگا، دامەزراوە و کتێب، هانمان دەدەن، زۆرتر گەرموگوڕتر بین و هیوادارم پێشانگاى کتێب لە سلێمانى و شارەکانى تریش، بەمشێوەیە گەرم و گوڕ بێت. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن