مەرگى مەرگبارى تاهیرى خەلیلى
1/30/2024 8:46:00 PM
ئەنوەر حسێن (بازگر)
جاک شیراک -
سەرۆکى فەڕەنسا جارێک وتى؛ "ڕێز
گرتن لە نوسەران، هونەرمەندان و فەیلەسووفان ئەرکێکى گەورەمانە، ئەوانە مێژووى
ئێمەن لە زهن و بیرەوەرى خەڵکیدا دەمێنێتەوە".
وتى؛ کێ هەیە لە
جیهاندا نەزانێ کامۆ، سارتەر، ڕۆسۆ، سیمۆن، فەڕەنسین؟
چەند ڕۆژى
ڕابردوو، مەرگى هونەرمەند تاهیرى خەلیلى هەموانى نیگەرانکرد.
تاهیر، هەر
هونەرمەند نەبوو، پێشمەرگە، شۆڕشگێڕ و سرودبێژى شاخ و شۆڕشیش بوو، سەرمایەکى
گەورەى هونەرى و ئینسانى بوو.
تاهیر و
هاوشێوەکانى پڕن لە نیگەرانى و دڵشکان و ساردبوونەوە لە هونەر و کارى ئەفرێنەر،
تاهیر بێ مەسڵەحەت و بە تەسجلێکى ئاکاى کۆن لە دەیەى هەشتاکان (لە قەندیلى
سەربەرزەوە، هێزى پێشمەرگە، شیرین شیرینی) تۆمارکرد و بوە وێردى سەر زمانى خەڵکى و
خۆشەویستى خۆى بەدەستهێنا.
بەڵام لە سەدەى
بیست و یەکدا و لە سایەى حکومەتى کوردى خۆیەوە، بەو هەموو تەکنەلۆژیا و
ئیمکانییەتەوە کە هەیە، تاهیر بۆى نەلوا دوو کاسێت و سى دى نوێ تۆمار بکات، بۆ؟
چونکە ڕێزى خۆى و
هونەرەکەى نەگیرا، دڵشکاو بوو، چونکە خزمەتى هونەرى ئەو بە کارێکى مەزن سەیر نەکرا.
ناسرى ڕەزازى
دەبوو ئۆرکستراى بۆ دامەزرێنن، نەک خەریکە لە حەسرەتا دڵى بتەقێت، سوارە محەمەد
سەرى خۆى هەڵگرت بۆ هەندەران و تا کۆتایى هەر لە لادێیەکى زرگوێز دەژیا.
خالید ڕەشید ئەوەى
دەیڵێت: حەسرەتى چەند ساڵەیە، کاڵێ ئاتەشى ماڵێکى نییە لەم وڵاتەدا سەرى پێدا
بکات، ئازادە ڕەش نیوەى تەمەنى لە شاخ بردە سەر، بەڵام دەنگى ڕەسەنى تاساوە، کەچى
هونەرمەند هەیە، هەرچى حەز بکات خراوەتە خزمەتى و هەرچى داواشى نەکات بۆى دەکەن!
زۆرجار ئەم
ناعەدالەتى و جیاوازیکردنە هونەرمەند، نوسەر و شاعیر نیگەران دەکات، نەک ئەوەى هیچ
بۆ کەس نەکراوە، با کراوە، بەڵام دوایین قسەش لەم بابەتەدا، هەر ئەوەیە، هەر دەبێ
خزمەت بکرێت.
لە کوردستان
(سلێمانى و هەولێر) دەبوو، گەڕەکێک دروستبکرێت بەو ئەم توێژانە و خەڵات بکرێن،
مووچەى باشیان هەبێت، شەقام و کوچە و کۆڵانیان بە ناوەوە بکرێت.
عەزیزى شاروخى،
حەمەى ماملێ، حەسەن زیرەک، بەکرى لەگزى، چیان بۆ کراوە؟ چیان بە باڵادا بڕاوە،
ڕامبۆى شاعیرى فەڕەنسى بە چەند شیعرێکى کەم و تەمەنێکى کورت، سەرەڕاى ڕەخنەى
کۆمەڵایەتى لەسەرى بوە سیمبوڵى شیعرى فەڕەنسى و ئێستاشى لەگەڵدا شانازى پێوە دەکەن.
کەچى محەمەد عومەر
عوسمانى شاعیر خۆى دەکوژێت، ئیدریس تەنیا، تەنیایى خەریکە دەیکوژێت، حەمە ڕەئوف
کەرکوکى، دەبێت دە ساڵ چاوەڕێ بێت تا بەرهەمێکى بۆ بەرهەم دێت، گەر قسەکە ئەوەیە،
پارە نییە، وانییە.
بەرپرسە پایە بڵندەکانى
هەولێر و سلێمانى، تەلەفۆن دەکەن بۆ بزنسمانە بەردەستەکانیان، کە خەریکى
وەبەرهێنانن پێیان دەڵێن؛ فڵان خانم دێتە لاتان، هەرچى دەیەوێت بۆى بکەن، کلیپ و
بەرهەمى باش، هەموو کارەکانى بۆ ڕایى بکەن، لە کاتێکدا نە هونەرمەندە، نە کارى
هونەریشى کردوە.
بەڵام تاهیرى
خەلیلى و هاوڕێکانى، لە زۆر شت مەحروم کران، کە دەکرا هەیانبوایە، چونکە
هونەرمەندى شاخ و شۆڕش و نیشتمان و هونەر بوون.
* ئەم وتارە پێش ماوەیەک نوسراوە، بڵاوبوونەوەى دواکەوتوە.