57وتار

سوریا بۆ ڕووخا...؟ حەماس هۆكاری ڕووخانی ئەسەدە ئیسرائیل ديزاينەرە، توركیا كارەكتەرە، ئێران باجی دا

12/9/2024 11:29:00 AM
ئەنوەر حسێن (بازگر)

بەشی یەكەم

 

 یەكەم: سیناریۆكانی پێش و پاش ڕووخانى سوریا
- حكومەتی سوریا بۆ ڕووخا؟
- كەوتنی ئەسەد، دەركەوتنی سەركەوتنەكانی ئیسرائیل بوو.
- دیزاین و سیناریۆی ڕووداوەكان ئیسرائیلە (هەواڵگری)؟
- حەماس هۆكار، فاكتەری كەوتنی ئەسەد و ڕووداوەكانە.
- چارەنووسی هیلالی شیعی.
- شەڕی ناوخۆ ئەگەرێكی نزیكە.
- ڕووسیا لە پێناو چیدا پشتی لە ئێران و سوریا كرد؟
- توركیا كارەكتەری سەرەكی ڕووداوەكانە (زەمینی)
- كی داعش سەپۆرت دەكات؟
- پڕۆسەی ئاشتی توركیا و (PKK) كۆتایهات؟
- (هەسەدە) لەبەردەم دوو شەڕی (ئەنەكەسە) و (هەتەشە) دایە.
- عێراق، پێگەی چوارەمی، نەخشەی سیناریۆكانی ئیسرائیلە!
- پاشەكشەی ئێران و ئەڵتەرناتیڤەكانی؟
- ڕۆڵى قەتەر، ئيمارات، سعوديە و ئوردن لەم ڕووداوانەدا چى بوو؟
- چارەنووسى عێراق و حەشدى شەعبى بە كوێ دەگات؟
- كاريگەرى ڕووخانى سوريا لەسەر هەرێمى كوردستان.

دوەم: (هەتەشە و ئیسرائیل) دوو نەیاری ئەسەد

 لە پێشهاتێكی چاوەڕوان نەكراودا، تەنها لە ماوەی یانزە ڕۆژدا (هەتەشە) حكومەتە پەنجاوسێ ساڵەكەی بەشار ئەسەدی ڕووخاند، بە پاڵپشتی زەمینی و پڕچەككردنی لەلایەن توركیا و هەڵكردنی چرای سەوزی ڕووسیا بە بەخشینی چەند كارتی ئەمریكا، (كە دیزاینی ئەو سیناریۆیە ئیسرائیل لە دوای ڕووداوەكانی (7)ی ئۆكتۆبەری (2023) دایڕشتبوو، بەهاوكاری چەند یەكەیەكی هەواڵگری موسادیش لەناو دڵی ڕووداوە گەرمەكانی ئەم یانزە ڕۆژەدا، لە زەمین، ژێر زەوی، ئاسمان و دەریادا، وجودیان هەبوو، پڕۆسەكەیان خێراتر كرد.

جیا لە هێزێكی تر (فەیلەقی 5) كە لەلایەن ئەمریكاوە لە (تەنەف) ڕاهێنانیان پێ كرابوو، لەگەڵ (ئیسرائیل، بەریتانیا، فەڕەنسا،...) دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت و ئێستا چەند كارەكتەر ڕۆڵی گەورەیان گێڕا لە كەوتنی ئەسەد.

چۆڵكردنی گۆڕەپانەكە لەلایەن ئێرانییەكانەوە و خۆنەگرتنی چەكدارەكانی حزبوڵڵا، كە بەدرێژایی سیانزە ساڵی دوای ڕووداوەكانی (2011) بەهاری عەرەبی، حكومەتەكەی بەشار ئەسەدیان ڕاگرتبوو، ڕاكردن و ڕووخانی ئەسەدی خێراتر كرد.

كۆنگرەی (7)ی دیسمبەری (2023) لە دەوحە، لەنێوان گروپی (ئاستانا- ڕووسیا، توركیا و ئێران) بە زیادەی (عێراق، میسر، سعودیە، قەتەر،...) جیا لە بەیاننامەیەك نەیتوانی چارەنووسی ڕووخانی ئەسەد یەك ڕۆژ زیاتر دوابخات.

سێیەم: حەماس فاكتەری كەوتنی ئەسەد و ئیسرائیل دیزاینی كەوتنەكەی كردوە.

پەلاماردانی (حەماس) لە (7)ی ئۆكتۆبەر بۆسەر سنوورەكانی ئیسرائیل، ڕووداوێك هاوشێوەی (11)ی سێپتمبەر و (شەڕی كەنداو) و (بەهاری عەرەبی) ڕووداوێكی مێژوویی بوو، كە ئاڕاستەی ڕووداوە سیاسییەكان و هاوكێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانی هێندە گۆڕی، چاوەڕوان نەكراو بوو، حەماس بەپشتیوانی تاران، ڕووداوگەلێكی خوڵقاند- كە پێدەچێت ڕووسەكان ئەو كات بەشدار بووبن، بۆ كێشانی نەخشەی ئەم ڕووداوانە:

(7)ی ئۆكتۆبەر؛

 - ئیسرائیلی دەست ئاوەڵاكرد، بۆ پەلاماردان و تێكشكاندنی نەیارەكانی لە (حەماس، حزبوڵڵا، بەشار ئەسەد و ئێرانییەكان)یش.

- گروپی میحوەری لایەنگری ئێرانی، نەیاری تەل ئەڤیڤی بەتەواوی تێكشكاند و پاشەكشەی پێ كردن.

- خاڵی گرنگ بۆ ئیسرائیل، ڕووخانی بەشار ئەسەد بوو (وەكو سەنتەری هیلالی شیعی، خاڵی بەیەكگەیشتنی تاران و حزبوڵڵا) ئەوەشی ئەنجامدا، واتا ئیسرائیل، دیزاینەری ئەم ڕووداوانەی ئەم یانزە ڕۆژەی سوریا بوو، بە پشتیوانی ئەمریكا و بێ دەنگی ڕووسیا، لە كۆتایەكانیشدا بەشداری پێكردنی توركیا و ڕوڵدان بە كوردەكانی سوریا.

واتا هەڵەی حەماس، فاكتەری بەهێز بوو بۆ پەلكێشانی ڕووداوەكان بۆ باشووری لوبنان و ڕووخانی ئەسەد و دواتریش دەگاتە عێراق و یەمەن-یش.

چوارەم: ئەسەد و سوریا، قوربانی ململانێی (تاران و تەل ئەڤیڤ)

 پەیوەندی ئێران و سوریا، لە زەمەنی شەڕی (8) ساڵەی ئێران و عێراق چوە قۆناغێكی مێژوویی، كە هەموو وڵاتانی عەرەبی دژی ئێران و پشتیوانی سەدام حسێن بوو، جیا لە سوریا و حافز ئەسەد بوە دۆستی ئێران و ساڵانە بايى (1) مليار دۆلار نەوت دەداتە سوريا جیا لەوانە؛
- بوونی گروپی مەزهەبی شیعی – عەلەوی و بەتایبەتی بنەماڵەی ئەسەد، جێگەی گرنگیپێدانی زیاتری ئێران بوو.

- ساڵی (1982) لەگەڵ دروستبوون و بەهێزبوونی (حزبوڵڵا-لوبنان) پێگە و جیۆپۆلەتیكی سوریا لای ئێرانییەكان زۆرتر بوو (بە هەمان شێوە مەترسی لەسەر ئیسرائیل زۆرتر بوو).

- ساڵی (2011) كە ڕووداوەكانی بەهاری عەرەبی ڕوویدا، سووریا بەهەموو پێوەرێك دەبوو پێش (لیبیا، یەمەن، میسر و تونس) لە باكوری ئەفریقا بكەوێت، بەڵام (سوپای پاسداران، چەكدارەكانی حزبوڵڵا، هێزی ئاسمانی ڕووسیا لە فڕۆكەخانەى حوميميم لە لازقيە) ئەسەدیان لە ڕووخان ڕزگار كرد.
ساڵی (2003) كە عێراق ڕووخا و هەیمەنەی ئێران زۆرتر بوو، پێگەی سوریا-ش لای تاران زیاتر بوو، بۆ پێكەوە بەستنی بەرژەوەندییەكانی (تاران-سوریا-حزبوڵڵا).

- گرنگترین خاڵ (هیلالی شیعی ئێرانی) سەنتەرە ستراتیژیەكەی (سوریا) بوو، كە (تاران-عێراق-سوریا دەگەیاند بە لوبنان و حزبوڵڵا) وەكو گەورەترین هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئیسرائیل.

بەهێزبوونی حزبوڵڵا و پڕكردنی باشووری لوبنان و دیمەشق لە ڕاوێژكارانى پاسداران و هێزەكانی سەر بە ئێران و مەترسی گەورەبوون لەسەر ئیسرائیل، ئەسەد، هێندە كەوتبوە ژێر هەژموون و هەیمەنەی ئێران و هێزەكانی و حزبوڵڵا، زەینبيیوون و فاتميیوون بەتایبەتی كاریگەری قاسم سولەیمانی، نەیدەتوانی، مەرج و داواكانی ئیسرائیل لەبەرچاو بگرێت.

دەكرێت بڵێین: یەكێك لە فاكتەرە گرنگەكانی ڕووخانی ئەسەد ئەوە بوە، كە قوربانی ململانێكانى نێوان تەل ئەڤیڤ و تارانە.

پێنجەم: توركیا و سوریا، هاوسێی نەیار و دوژمنی بەردەوام

 توركیا و سوریا، وەكو دراوسێ، بەردەوام پەیوەندییەكانیان خراپبوە، وەكو دوژمن و نەیار سەیری یەكتریان كردوە.

- ساڵی (1939) توركیا (لیوای ئەسكندرونە)ی سوریای لكاند بەخۆیەوە ناوی نا (ویلایەتی هاتای) كە (4800)كم چوارگۆشەیە لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست، (1533000) دانبشتوانی سووننەن لە (كورد، عەرەب، ئەرمەن، چەركەس و تورك).

- لە ساڵی (1976) و بەتایبەتی لە (1984) كە (پ.ك.ك) خەباتی چەكداری ڕاگەیاند، سوریا دیمەشق و دۆڵی بیقاعی بۆ فەراهەمكرد و ڕاهێنان و پاڵپشتی سەربازی و دارایی زۆری پێشكەشكرد، توركیا تەواو نیگەران بوو.

فشارەكان بۆسەر ئەنكەرە وایكرد، ئۆكتۆبەری (1998) توركیا هێزەكانی بردە سەر سنوور-ناچار دیمەشق ئۆجەلانی دەركرد و لە فێبریەی (1999) لە كینیا دەستگیر كرا.

ماوەی (22) ساڵ سوریا دژی توركیا پشتیوانی (پەكەكە)یكرد، ڕێگاشی دابوو كوردەكانی سوریا نەچنە ڕیزەكانی سوپا ببنە چەكداری (پ.ك.ك) هەربۆیە تا (2011)، (7000) شەهیدیان لە سوریا هەبووە.

- كێشەی ئاوی دیجلە و فوڕات، قەیرانی بەردەوامی نێوانیان بوو.

بەڵام لەگەڵ ڕووداوەكانی (2011) بەهاری عەرەبی، كۆنتڕۆڵكردنی شارە كوردنشینەكان، توركیا گروپەكانی (سوپای ئازادی سوریا، جەیشی ئیسلام، فەسیلى سوڵتان موراد، هەمزە، سلێمان پاشا، هەیئە تحریر شام، حزبی ئیسلامی توركستان) دروستكرد و دواتر پەلاماری عەفرین و ناوچە كوردنشینەكانی دا و داگیری كردن.

شەشەم: توركیا لە پەراوێزەوە بۆ كارەكتەری دەستی ئیسرائیل

 لە چەند مانگی ڕابردوودا، توركیا دوو جوڵەی نائاسایی كرد، كە جێگەی سەرنج بوو، وادیار بوو ئاگاداری ئەم سیناریۆیانەی ئیسرائیل هەیە، بەڵام نیگەرانی هەبوو جێگە و پێگەیەكی پێ نەدراوە.

یەكەم: سەردانەكەی ئاردۆگان بۆ سوریا، بەمەبەستی ڕێككەوتن بۆ خستنەوە ژێر دەسەڵاتی ناوچە كوردنشینەكانی ژێر دەسەڵاتی (هەسەدە) كە ئەسەد نەپێی باشبوو نە ئێرانیش لەگەڵ ئەو سیناریۆیە بوو ئاكامێكی نەبوو.

دووەم: بێ هۆكار و لەپڕدا، ئاردۆگان و باخچەلی ڕایگەیاند؛ پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ (پ.ك.ك) و ئۆجەلان دەستپێدەكەن.

 دەركەوت؛ ئەم دوو جوڵەیەی توركیا پەرچەكردار بوە، ترس و نیگەرانی هەبوە لەوەی ئیسرائیل، كورد لە سوریا، وەكو هێزی سەرەكی بۆ ئەم ئاڵوگۆڕانە ئامادە بكات و ببنە دیفاكتۆ.

بەڵام دواتر كە بەشداری ناو سیناریۆ دیزاینكراوەكەی ئیسرائیلی پێ كراوە، كەوتە هەڕەشە لە سوریا و پەلاماری مەنبج-ی دا و قسەیەكیش لە پڕۆسەی ئاشتی نەما و جێبەجێ كردنی سیناریۆكەش درا بە (هەیئە تحریر شام-هەتەشە-ی محەمەد جۆڵانی) ڕاهێنراوی توركیا.
ئیسرائیل بە هاوكاری هێزەكانی (هەسەدە)؛ فەیلەقی (5) و (هەتەشە) و ناردنی هێزە هەواڵگرییە نهێنییەكانی موساد بۆناو سوریا، پلانەكەی جێبەجێی كرد.

جیا لەوانە، توركیا لە دیدارە نهێنییەكانی ئەم ماوەیەی نێوان (موساد-هەسەدە) تەواو نیگەران بوە، بەڵام دواتر لە نەبوونی مەترسی دڵنیاكرایەوە و وەكو كارەكتەری ناو نەخشەكەی ئیسرائیل ڕۆڵی پێدرا.

بەمشێوەيە توركيا لە هێزێكی پەراوێزخراوەوە بوە كارەكتەری سەرەكی گۆڕانكاریەكان و ڕووخانی ئەسەد.

حەوتەم: (هەتەشە) گروپی ئیسلامی نەترسيدارى بچووك بۆ ئەركێكی مێژوویی

(هەتەشە) وەكو ڕێكخراوێكی ئیسلامی سووننی، سەلەفی جیهادی لە ساڵی (2017) لە تێكەڵوونی (بەرەی نووسرە-بەرەی ڕزگاری شام، بەرەی ئەنسار و دین، سوپای سووننە و لیوای حەق و بزوتنەوەی نورەدین زەنگی) پێكهاتوە، ئەبوو محەمەد جۆڵانی وەكو سەرۆك بەڕێوەی دەبات و تەنها لە پارێزگای (ئەدلب) بوون، ئەم ڕێكخراوە، زۆرتر عەرەبەكانی سوریای ناو (قاعیدە و داعش) گرتەخۆی كە جیابوونەتەوە و دواتر دروستیانكرد و ژمارەی چەكدارەكانی نزیكەی (20000) كەس بوە و لەلایەن توركیا و قەتەر پشتیوانی دەكران، لەلایەن ئەمریكا و ڕوسیا و ئەورووپاوە لە لیستی تیرۆردایە.

(هەتەشە) دژی (كورد، شیعەی عەلەوی، چەركەس و دروز) بوون.

 پاش چەندین شكستی زۆر لە ناوچەكانی عەفرین و سەرێ كانی و گرێ سپی... لەگەڵ (هەسەدە)، بەڵام لەماوەی (11) ڕۆژدا، بوونە خاوەنی سەروەریەكی مێژوویی و وەكو فریاد ڕەسی گەلانی سوریا بە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد ئەركێكی مێژوویی هەواڵگری (ئیسرائیل، توركی، قەتەری، ئەمریكی،...) پێ سپێردرا، كە دیار نییە لە داهاتووی سوریا، بەو فكر و ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەڕە ڕادیكاڵ و مەترسیدارەوە دەتوانێت جێگە و پێگەیەكی هەبێت.

جیا لەوانە (هەتەشە) بە دوژمنی پلەیەكی كورد و (هەسەدە) دادەنرێت، واپێدەچێت پاش ئەم ڕووداوانە یەكەم ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ كورد بێت.

هەشتەم: ئێران زەرەرمەندی یەكەمى ڕووداوەكانى (7)ی ئۆكتۆبەر

 - بەهۆی هەڵەی حەماسەوە لە (7)ی ئۆكتۆبەر، ئێران گەورەترین زەرەرمەندی ناو ئەو هاوكێشە سیاسیانە بوو، بە كەوتنی (حەماس) و وێرانكردنی غەززە، وەكو پێگەیەكی گرنگی تاران دژی شەیتانی گەورە لە ناو جەرگەی دڵی و وڵاتانی عەرەبی سووننی، پێگە ستراتیژییەكەی لە دەستدا و دۆستەكەشی كۆتایهات و بەرپرسەكانیشی كوژران.

كارەساتى دووەم و گەورەتر بە كوشتنی حەسەن نەسروڵڵا و زیاتر لە (80) بەرپرسی پلە باڵای حزبوڵڵا و هێرشی ئیسرائیل بۆسەر باشووری لوبنان و لێدان لە جبەخانە و موشەكە دوور هاوێژەكانی، دۆستی پلەیەكی شیعی ئێران، كە لە ڕیزی پێشەوەی بەرەی ئیسرائیل دەجەنگا، كۆتایهات، ناچار بە تەسلیمبوون كرا، ئەوە دوەم لێدان بوو لە هەژموونی ئێرانی لە ناوچەكەدا.

بە ڕووخانی ئەسەد و كەوتنی سوریا-ش پەیوەندی تاران-حیزبوڵڵا بەتەواوی وەكو مووروی ناو پەتی تەزبیح پچڕاو هیلالی شیعی پڕ نفوز و دەستكەوتی سی ساڵەی تاران هەموو پرد و تونێل و میترۆ و ئوبان و ئۆتۆبان و ڕێگا قاچاغەكانی ئەو هیلالە، بەستران و بۆمب ڕێژكراون.

ئیسرائیل بەم دیزاین و سیناریۆیە؛ گەورەترین زەربەی لە ئێران دا، كە مەبەستی سەرەكیش هەر ئەوەبوو، چونكە ئێران بە كرداری ئیسرائیلی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خستبوە تەنگەژەوە.

بۆ تاران جێگەی پرسیارە؟ مۆسكۆ چۆن بەشداری ئەو سیناریۆیانەی ئیسرائیلی كردوە و پشتی لە تاران و دیمەشق كردوە؟

ئیمتیاز و دەستكەوتی داهاتووی مۆسكۆ چیییە؟ بۆ تاران پرسیارە؟

ئایا لە قۆناغی داهاتووی بەردەوامی ململانێكانی نێوان (تاران+ تەل ئەڤیڤ و واشنتۆن) لە ئێران و عێراق و یەمەن ڕۆڵى چى دەبێت؟

مۆسكۆ لە بەرامبەر ڕێككەوتن لەگەڵ ترامپ لەسەر فایلی (ئۆكرانیا) هەڵوێستی چی دەبێت؟

ڕەنگە لە سادەترین حاڵەتدا، ڕێككەوتنى ڕانەگەیەندراوی نێوان (ترامپ و پۆتین) بێت، كە پۆتين ويستبێتى پێش هاتنى ترامپ بۆ كۆشكى سپى ديارييەكى پێشكەش بكات، كە قوربانييەكەش بەشار ئەسەدى دۆستى لەمێژينەى مۆسكۆ بوو.

ماويەتى...

 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن