فایلی سپی و سوور دانووستانەكانی تاران و نێچیرڤان بارزانی
5/6/2024 7:50:00 PM
ئەنوەر حسێن (بازگر)
نێچیرڤان بارزانی، كارەكتەری
یەكەمی دیپلۆماسی كوردستان، بە سەردانێك لە تارانە؛ بۆ كۆمەڵێك فایلی هەستیار و
گرنگ.
بارزانی كە بە كارەكتەری
كردنەوەی گرێ كوێرەكانی (ناوخۆی كوردستان بە تایبەتی زۆنی زەرد - سەوز)، (هەولێر -
بەغدا) و (هەولێر – ئەنكەرە و تاران) دەناسرێت.
لەم سەردانەدا فایلەكانی
بارزانی بۆ دووجۆر (سپی و سور) ڕیزبەند كراون؛
فایلە سپییەكان كە بارزانی
دەیەوێت ئامانجەكانی بەدەست بێنێت كە ئەمانەن:
یەكەم: پرسی دواخستنی هەڵبژاردنەكانی (10)ی حوزەیرانی كوردستان
كە تاران دەتوانێت عێراق و یەكێتیش ڕازی بكات.
دووەم: پرسی دادگای فیدراڵی، مووچە و بودجە، تاران دەتوانێ
بەغدا ناچار بكات دەست بە كۆتایهاتنی فشارەكانی بكات لەسەر هەولێر و ڕێگاچارەی نوێ
دەستپێبكات.
سێیەم: ڕاگرتنی هێرشی مووشەكی و درۆن بۆسەر (ماڵی
سەرمایەدارەكانی نزیك پارتی، فڕۆكەخانەی هەولێر، هەریر، غازی كۆرمۆر...) بەنیەت
باشی نیشاندانی بارزانی، بۆ بنەبڕكردنی گەلەیی و ناڕەزایەتییەكانی ئێران، كە فاكتی
خستوەتە بەردەست بارزانی.
چوارەم: بارزانی بەرچاوڕوونی دەوێت، ئاخۆ هەڵوێستی تاران
سەبارەت بە پرسی (PKK) چییە؟ لە ئۆپەڕاسیۆنی هاوینەی ئەنكەرە؟
سەبارەت بە دیوی دووەمی
سەردانەكە (فایلی سور) كە تاران ئامادەیكردوە لە بارزانی داوا دەكات ئەوانیش:
یەكەم: جێبەجێكردنی كرداری ڕێككەوتنی ئەمنی نێوان (تاران -
هەولێر - بەغدا) بۆ داخستنی كامپەكانی (زڕگوێز - كۆیە)ی كۆمەڵە و دیموكرات،
ناردنیان بۆ (كامپی بێ چەك) یان دەوڵەتی سێیەم و ڕادەستكردنی (40) لە كەسە
یەكەمەكانیان. ڕاگرتنی هەموو هەوڵێكی میدیایی لە میدیاكانی كوردستاندا.
دووەم: كۆتایهاتن بەو گومانانەی تاران هەیەتی لە بوونی جموجۆڵی
موسادی ئیسرائیل و كۆتایهانن بەو گومانانە.
سێیەم: دووباركردنەوەی هاوپەیمانی هاوشێوەی ڕابردوو (سەدر –
حەلبووسی - بارزانی) كە بوە هۆی كەتكردنی ماڵی شیعی.
چوارەم: ڕاگرتنی پارسەنگی سیاسی، دیپلۆماسی، سەربازی نێوان
(تاران و ئەنكەرە) لەلایەن هەولێرەوە.
ئەم دوو فایلە (سپی و سور)ە
لە تاران دەگۆڕدرێنەوە، هەردوولاش، جێبەجێیان دەكەن، پێشوازی (خامنەیی، ڕەئیسی قاڵیباف)یش
ئاماژەن كە سەردانەكەی بارزانی سەركەوتوو دەبێت و لانیكەم بۆ ئەم سەردەمە دەتوانێت
تاران یارمەتیدەر بێت – گەر كەسانی تر لە بارزانی تێك نەدەن – چونكە دوای
هەڵبژاردنەكان ڕەنگە دیزانینی هەرێم بگۆڕدرێت و ئاڵوگۆڕ بە داشەكان بكرێت و یەكێتی
نیشتیمانیش، پێدەچێت چرای سەوزی بۆ سەردانەكەی بارزانی بۆ تاران و ڕازیبوون بە
هەنگاوەكانی نیشانبدات لە بەرامبەردا پارێزگاری كەركوكی ئێستا و سەرۆكی هەرێمی داهاتووی
كوردستان.