331وتار

هەرێم، پەكەكە، كۆمەڵە و ديموكرات لە ناو سيناريۆكانى ئەمريكا، توركيا و ئێران - عێراقدا

9/13/2023 8:26:00 PM
ئەنوەر حسێن (بازگر)

يەكەم: كێشەكانى هەرێمى كوردستان و عێراق

 بەدواى بێ دەنگى ئەمريكا، فشارەكانى توركيا و ئێران، كەيسى دادگاى پاريس و ڕازيكردنى ئيسرائيل، فرۆشى نەوتيان لە هەرێم سەندەوە و ناچاريان كرد مل بدات بۆ داواكانى ناوەند.
 بەغدا، سەرەتا وا خۆى نيشاندا، دەيەوێت هەرێم وەكو لايەنێكى فيدراڵ بناسێ و مامەڵەى لەگەڵدا بكات، بەڵام ئێستا هەڵوێستى خۆى گۆڕيوە بە زياتركردنى فشارەكان؛ تا ئێستا ئامادە نييە بەشە بوودجەى مانگەكانى تەمووز، ئاب و ئەيلوول بنێرێت و داواى (8) تريليۆن دينار دەكات (داهاتى ڕابردووى داهاتە نانەوتييەكان و داهاتى سنورەكان).
بەڵام بەغدا، سەركەوتوو بوە لە؛ بێ دەنگكردنى ئەمريكا لەم كەيسەدا، ڕاگرتنى فرۆشى نەوتى كوردستان لە ڕێگاى توركياوە، جێبەجێكردنى ئەجێنداى ئێرانيش لەسەروو هەموويانەوە.
واتا هەرێم، هێشتا لەبەردەم هەڕەشەى زياترى بەغدا دايە، كە وردە وردە سەرەتاكانى دەركەوتوون.
بەڵام هەڵكردنى چراى سەوزى ئەمريكا بۆ عێراق پەيوەستەگى هەيە بەوەى كە بەرنامەكانى ئەمريكا جێبەجێ بكەن و حەشدى شەعبى جڵەوبكەن، ئەگەرنا ڕەنگە يەكەم هەنگاو درێژە پێدانى فشارەكان بێت لەسەر بانكى ناوەندى عێراق بۆ داڕمانى بەهاى دينار و قەيرانى زۆرتر و لابردنى سودانى.

دوەم: سەردانى هاكان فيدان و ئيسماعيل قائانى
 لە دوو سەردانى جياواز لە ماوەى ڕابردوودا بۆ بەغدا (هاكان فيدان) وەزيرى دەرەوەى توركيا - بڕياردەرى هێشتاى -ميت- داواى لە حكومەتى بەغدا كردوە:
يەكەم؛ بەمەرجى دەركردنى پەكەكە لە سنورەكانى كوردستان. دوەم؛ (داخستنى كەمپ و بارەگاكانى شەنگال، مەخمور و موسڵ) و بەشداريكردنى عێراق لەشەڕى پەكەكە لانى كەم لە بارى هەواڵگرييەوە. سێهەميش؛ بەڕەسمى ناساندنى پەكەكە بە تيرۆريست (لە بەرامبەردا ئەنكەرە ئامادەيە نەوتى عێراق لە ڕێگاى توركياوە بفرۆشێت و هەرێمى كوردستانيشى لێ بێ بەش بكات و كێشەى ئاويشى بۆ چارەسەر بكات).
بەڵام هەوڵەكانى (فيدان) سەركەوتوو نەبوون، بەغدا ڕازى نەبوە بەو مەرجانە، كە ديارە بۆ؟ (ئێران لەگەڵ ئەم مەرج و مامەڵەيەدا نييە).
دواتر ئيسماعيل قائانى، فەرماندەى فەيلەقى قودس (شوێنگرەوەى قاسم سولەيمانى) بڕياردەرى كارەكانى وەزارەتى ئيتلاعات) لە سەردانەكەى بۆ عێراق: لەگەڵ ناردنى بوودجەى هەرێم و چارەسەركردنى كێشەكانى هەرێم و بەغدايە، بەڵام بەمەرجى كۆتايهاتن بە خەباتى چەكدارى و داخستنى كامپ و ئۆردوگاكانى (ديموكرات، كۆمەڵە و خەبات،...). و (چەككردن، ناردنيان بۆ كامپى پەنابەران، ئەڵتەرناتيڤى سێهەميشى دياريكردوە بە ناردنيان بۆ وڵاتى سێيەم، هاوشێوەى سازمانى موجاهيدنى خەڵق كە لە ئەلبانيا كامپيان بۆ كردوونەتەوە).
دواين وادەشى مانگى ئەيلولى ئەمساڵە، هەرچەندە داواكراوە ماوەكە دوابخرێت، بەڵام پێناچێت ئێران ڕازى بێت.

سێيەم: چارەنووسى كۆمەڵە و ديموكرات، خەبات
پاش (35) ساڵ لە خەبات و تێكۆشان و كارى ئۆردوگانشينى، لە دواى وەستانى شەڕى عێراق-ئێران، زۆرجار ئێران داوايكردوە بارەگاکانيان دابخرێت، بەڵام ئەمجارە سورە لەسەر داواكانى بە داخستنى كامپەكان، چەككردن و ڕادەستكردنى چەند كەس لە سەركردەكانيان.
تاران تا ئێستا ڕازى نەبوە بە مانەوەى ئۆردوگاكان وەكو كامپى بێ چەك، سەركەوتووش بوە، لە هێنانە خوارەوە هێزەكانى كۆمەڵە و ديموكرات لە هەڵگورد و سيدەكان بۆ سنورى سۆران لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا، كە ديارە بەوەش ڕازى نابێت، بەڵام داوا دەكات ئۆردوگاى بێ چەك لە ژێر چاودێرى عێراقدا بێت، ئەگەر نا هەڕەشەى هێرشى زەمينى دەكات.
كۆمەڵە و ديموكرات و خەبات، لەم هەلومەرجە باش تێدەگەن كە هەڕەشەكان جددين، بەغدا دژيانە، ئەمريكا پشتيوانيان ناكات، هەرێميش بەهۆى قەیرانی ناوخۆيى و كێشەكانى لەگەڵ بەغدا ناتوانێ زۆرتر لە جاران دڵيان ڕابگرێت، بەڵام ئايا كارێكى وەها دەكات چەكيان بكات و ڕووداوى تر ڕووبدات؟ كە ئەمەيان زۆر سەخت لەسەر حكومەتى هەرێمى كوردستان تەواو دەبێت.
تاران جيا لەوانە داوای داخستنى كەناڵە تەلەفزيۆنەكانيان دەكات، وە داواى بڕينى هەموو جۆرە بودجە و مووچە و هاوكارييەكانيان دەكات، ڕەنگە لە داهاتووشدا ليستێكى هەبێت بيداتە فڕۆکەخانەكانى عێراق، كە نەتوانن لە هیچ کوێوە هاتووچۆ بکەن هەروەكو ئەوەى ئێستا توركيا دەيكات.
واتا بارودۆخى كۆمەڵە و ديموكرات و خەبات، لە خراپترين بارودۆخى سياسى و حيزبيدان لە ماوەى ڕابردوودا، دەبێ بەدواى ئەڵتەناتيڤى گونجاوتردا بگەڕێن تا بارودۆخێكى بابەتى دێتە پێشەوە، كە ڕەنگە ڕووبدات.

چوارەم: پەكەكە و قەنديل
توركيا چاوەڕوانى زۆرى لە ئەمريكا هەيە وەكو چۆن ڕۆڵى گێڕا لە هەرێمى جافنا بۆ پشتيوانى لە حكومەتى كۆڵۆمبۆ لە سريلانكا و كۆتايى بە خەباتى (پڵنگەكانى تاميل) هێنا، بەهەمان شێوە پشتيوانى ئەنكەرە بكات بۆ كۆتايهێنان بە قەنديل، بەڵام جەميل بايك پێمى وت: "ئەمريكا وەفد دەنێرێتە قەنديل، منيش داوا دەكەم لە جياتى قەنديل بچنە ئيمڕاڵى بۆلاى سەرۆك ئاپۆ، داواى چارەسەرى بكەن، وتى؛ باوەڕ ناكەم ئەمريكا بچێتە ژێر داواکەی توركياوە".

پەكەكە لە بارەى كۆمەڵە و ديموكرات وەكو هاوكارى و باروودۆخيان وتوويەتى: (كۆمەڵە- حيزبى كۆمۆنيست و حيزبى ديموكراتى كوردستان-ئێران، كۆمەڵەى زەحمەتكێشانى كوردستان) دەتوانن سود لە بنكە و بارەگاكانى (پژاك) وەربگرن، بەڵام هێشتا داوايەكى واى قبوڵ نەكردوە ڕێگايان بدات هێزەكانيان بەرنە قەنديل، لانى كەم كە ئێرانيش بەو كارە ڕازى نييە، ڕازيش نابێت، بەڵام هێشتا ديار نييە كۆمەڵە و ديموكرات بەوەها پێشنيارێك بۆ نزيكبوونەوە لە (پژاك) ڕازى دەبن.

بەڵام بەم دواييانە پەكەكە پەيوەندييەكانى لەگەڵ حيزبى ديموكرات ئاسايى كردۆتەوە، كە پێشتر زۆر خراپ بوە، ئەمەش نيگەرانى بۆ پارتى ديموكراتى كوردستان دروستكروە و لەم نزيكبوونەوەيە و نيگەرانييەكانيشى بە ديموكرات وتوە، هەرچەندە كارەكەى ديموكرات هەنگاوێكى باشە، بەڵام ڕەنگە پارت-يش توڕە بكات.
لە دواين سەردانى (هاكان فيدان) بۆ بەغدا، ئەوەشى باسكردوە كە دەيانەوێت، چۆن سوريا ئۆجەلانى لە سوريا دەركرد، عێراقيش هەمان هەڵوێست بنوێنێت، ئەگەرنا ڕەنگە پەيوەندييەكانيان خراپتر بێت.

پێنجەم: ئەمريكا و هێنانى هێزى زۆر
 لە ماوەى ڕابردوودا ئەمريكا هێزێكى زۆرى هێناوەتە عێراق و ڕۆژئاواو ئاوەكانى كەنداو لەگەڵ ئوستولێكى دەريايى گەورە كە باس لەوە دەكرێت، بە ئامانجى هێرشكردن بێت، بۆسەر ميليشیاكانى (حەشدى شەعبى، ميليشیاكانى سورياى سەربە توركيا، گروپە تيرۆريستەكان و حيزبولڵاى لوبنان، ڕەنگە حوسيەكان)يش بگرێتەوە بەهۆى ئەو كێشە و گرفتانەى دروستيانكردوە و سەرلەنوێش دەيەوێت هێزى خۆى لە ناوچەكە نيشان بداتەوە.
لەسەردانەكەى قائانى بۆ عێراق، ئامۆژگارى حەشدى شەعبى كردوە كە لە سنورەكانى سوريا بكشێنەوە و بە هيچ شێوەيەكيش هێزەكانى ئەمريكا نيگەران نەكەن و كردەوەى خراپ ئەنجام نەدەن. ئەمەش واتا، ئێران دەزانێ هەڕەشەكانى ئەمريكا جدديين و دەيەوێت خۆى بەدوور بگرێت لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمريكا.
بەشێك لە بەرپرسانى هەرێمى كوردستانيش لە كۆبوونەوەكانى ئەم دوايانە وتوويانە: "ئەمريكا پشتى تێكردووين"، بەڵام نەيانوتوە چۆن؟

شەشەم: تاران چەقى بڕياڕەكان
تاران لە عێراقدا، هێندە ڕۆڵى كاريگەرى هەيە بەتايبەتى لە دواى ڕووخانى بەعسەوە كەس ناتوانێ نكۆڵى بكات، بۆيە وەفدێكى يەكێتى نيشتيمانى كوردستان لە تارانە كە خاڵى باسەكان (كۆنگرەى ى.ن.ك، باسى چارەنووسى كۆمەڵە و ديموكرات، چارەسەرى كێشەكانى بەغدا و هەرێم، هەڵبژاردنەكانى داهاتووى عێراق و كوردستانە).

واتا كەس ناتوانێ لە ناوچەكەدا تاران بەهەند وەرنەگرێت، بۆيە سەردانى وەفدى يەكێتى بە سەرپەرشتى هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانى لەم گرنگييەوە دێت.
پاش ئەوەش پێدەچێت وەفدێكى پارتى بە سەرۆكايەتى نێچيرڤان بارزانى بۆ هەموو ئەو بابەتانە بچێتە تاران.
بەڵام ئەوەى لەم نێوەندەدا ديارە، تاران ڕوونە داواى چى دەكات، بەڵام ئەوەى ناڕوونە و ديار نييە، هەڵوێستى واشنتۆن و تارانە سەبارەت بەو هەموو قەيرانانە واپێدەچێت هەر كاميان شتێك و بابەتێك بكەنە قوربانى بۆ بەدەستهێنانى بەرژەوەندييەك.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن