183وتار

چانسی كورد لە نێوان ئەمەریكا و حەماس دا

11/28/2023 8:55:00 PM
ئەنوەر حسێن (بازگر)

1

حەشد و كورد
شەڕی حەماس و ئیسرائیل دەتوانێت لە چەند ڕەهەندەوە بە قازانجی كورد تەواو بێت، واشنتۆن دەیەوێت پارسەنگی هێز لە عێراقدا بگۆڕێت و هەژموونی شیعە كەمبكاتەوە، بە تایبەتی هەژموونی حەشدی شەعبی لە دوای شەڕی ئیسرائیل و حەماس، كە دەیانەوێت درێژەدەر و پشتیوانی سیاسەتەكانی ئێران و حەماس بن.
بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە گێڕانەوەی هاوسەنگی هێزی نێوان هەرێم و بەغداوە هەیە، گەر بە قازانجی كورد تەواو بێت، بارودۆخی یەكگرتووی هەرێمی كوردستانە لە نێوان یەكێتی و پارتییدا، فاكتەرێكی سەرەكییە.
حەشدی شەعبی و حزبوڵڵا، حەماس و حوسییەكانیش ئەوە دەزانن. كە هێنانی كەشتیگەلی زەبەلاح و چەكی قورسی ئەمەریكا بۆ ناوچەكە، سادە و ساكار نییە.
2
گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە
پاش شەش مانگ لە دوركەوتنەوەی وەكو وەزیری پێشمەرگە گەڕایەوە سەر كارەكەی، شۆڕش ئیسماعیل كە فەرماندەیەكی شۆڕشگێڕی شاخی یەكێتی بوە، جیا لەوەی پارسەنگی هێزەكانی ڕاگرتبوو.
بەڵام پێدەچێت گەڕانەوەی گڵۆپی سەوزی ئەمەریكییەكانیشی لەگەڵدا بێت، بۆ ئەو هەلومەرجەی كە لە عێراق و كوردستان بەڕێوە دەچێت، كە لە سەرەوەش ئاماژەم پێداوە.  
فشاری ئەمەریكا جیا لەوەی پلانێكی هەیە و جیا لە پێدانی مووچەی (250) ملیۆن دۆلاری ساڵانە و خواردنی (40000) پێشمەرگەی مانگانە، ئیمتیازێكی كەم نییە بۆ فشارێكیش كە بیكات و حكومەتی هەرێم بچێتە ژێر داواكەیەوە.



3
گەڕانەوەی حەلبوسی
لەكارخستنی حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەلایەن شیعەكانەوە، درێژەی ئەو هەوڵانەیە كە لەدوای ڕووخانی بەعسەوە دەدرێت بۆ كەنار خستنی سوننە، (تاریق هاشمی، رافع عیساوی، دلێمی)، هەرچەندە نیگەرانی تاران فاكتەری سەرەكییە بۆ لە كەنار خستنی حەلبوسی و بەستنی هاوپەیمانی ڕابردوو لەگەڵ سەدر و پارتی، بەڵام پێناچێت حەلبوسی وەكو كارەكتەرەكانی تر بە ئاسانی كەنار بخرێت، ڕەنگە جارێكی تر بەهێزتر بگەڕێتەوە، بە تایبەتی كە ئەمەریكا و وڵاتانی ناوچەیی پشتیوانی لێبكەن و شیعەكانیش بۆ خۆیان بارودۆخیان باش نییە.

4
هەڵبژادنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان
ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوە دەچێت، ناوچەكانی ماددەی سەد و چل و بە تایبەتی كەركوك بۆ كورد زۆر گرنگە، كە هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، ئەكسەرییەتی كورسییەكانی كورد یەكێتی بیباتەوە و پارێزگاریش مسۆگەر بكات، بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە بۆ تێپەڕاندنی (50 + 1) یەكێتی و پارتی و هێزەكانی تر لە كەركوك، موسڵ، تكریت و دیالە یەكگرتوو بن، ئەگەرنا بارودۆخی كورد لە ئێستا باشتر نابێت. 
بێگومان ڕۆڵی ئێرانیش لە عێراق و بە تایبەتی لە كەركوكیش گرنگە، وەكو عێراقێكی بچووكراوەی ناهۆمۆجین و مۆزایك كە ڕێگا نەدات، هەژموونی توركیا تێیدا باڵادەست بێت.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن