53وتار

موعجیزەكانی تەوالێت و بێ چانسى كوردەكان

12/16/2024 8:38:00 PM
ئەنوەر حسێن (بازگر)

يەكەم: ئەمریكا فشار لە يەكێتى و پارتى دەكات بۆ پێكهاتنی كابینەی هەرێم
پاش نزیكبوونەوەی دوو مانگ لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كوردستان، یەكێتی و پارتی نەگەیشتنە ئەنجام بۆ پێكهاتنی كابینەی نوێی حكومەت.
هەفتەی ڕابردوو نێردەری ئەمریكا (ستیڤ بێتنەر) بۆلای یەكێتی، پارتی و نەوەی نوێ، داوایكردوە كە هەرچی زوە...! حكومەت پێكبهێنن، چونكە بارودۆخی ناوچەكە دوای ڕووداوەكانی سوریا لە (8)ی دیسەمبەر، ئاڵووگۆڕی خێراتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەمریكییەكان، وتوویانە؛ دەبێ یەكێتی و پارتی ڕێككبكەون و كێشەكانیان بخەنە لاوە و هێزی پێشمەرگەش یەكبخەن و ئەمريكا و ئەوروپاش هاوكاريان دەبن لە چارەسەرى گرفتەكان.

دوەم: ئیسرائیل و (هەسەدە) لە نەيارەوە بۆ دۆست
دانیشتنە نهێنییەكانی ئیسرائیل و هەسەدە لەپێش ڕووداوەكانی ڕووخانی ئەسەد لە سوریا لەنێوان (داڤید بريناگ) سەرۆكی موساد و مەزڵووم عەبدی سەرۆكی (هەسەدە) بۆ ئەوە بوە، كە هەسەدە ڕۆڵی كارا بگێڕێ و سنوورەكانی خۆی قایم بكات و دەست بەسەر چەك و چۆڵی ناو كۆگاكانی سوپا لە دێرەزوور و دیمەشق دابگرێت، كە هەر واشیكرد، كە بە سەدان تەن چەكی پێشكەوتووی دژە تانك و فڕۆكە و چەكی سوك و مەزنە، توركیاش لەوە زۆر نیگەرانە.
جیا لەوەش، ئیسرائیل فشار دەكات لە ئەمریكا، كە پشتیوانی زۆرتر و زیاتر بكات لە (هەسەدە) و كوردەكان و هۆشداریش بداتە توركیا، كە هێرشەكانی بۆسەر هەسەدە ڕابگرێت.
سەرچاوەكان، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئەو هەموو نیگەرانی و هەڕەشە و لێدوانە توندەى ڕۆژانەى ئاردۆگان و هاكان فیدان و ئیبراهیم كاڵكانى سەرۆكی میت، دژی كورد و (هەسەدە)، ئاماژەیە بۆ ئەو سیناریۆ و پشتگیری و پشتیوانى ئیسرائیل لە (هەسەدە) دەیكات و ترسیان هەیە بارودۆخەكە لە دەستیان دەربچێت و سيناريۆيەك هەبێت ئەوان لە جياتى ڕۆڵى زۆرتر ببنە قوربانى.

سێيەم: توركیا و حیزبی دیموكرات، ئێران و (پژاك) كۆدەبنەوە
پاش بێ ئاكام مانەوەی دانووستانەكانی نێوان حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و تاران لە بەغدا لە هاوینی ڕابردوودا و ناردنی سێ جار وەفدی (حدكا) بۆ بەغدا.
توركیا دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ حیزبی دیموكرات ببەستێت، لەم هەلوومەرجە ئاڵۆزەی ناوچەكە وەكو كارتی فشار سوودی لێ وەربگرێت، وەكو چۆن ئێران، پەكەكە وەكو كارتی فشار بەكاردێنێت.
ئەم نزیكبوونەوەیە، ڕەنگە بۆ (حدكا) خراپ نەبێت، كە پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئاگادارە، پشتیوانی دەكات، بەڵام ئێران توڕەتر دەكات و پشتیوانی زۆرتری (پەكەكە) دەكات و كێشەش بۆ پڕۆسەی ئاشتی (ئاردۆگان-ئۆجەلان)، (ئیمراڵی-قەندیل) دروستدەكات، بۆیە ئێران لە ئێستادا، خەریكی درێژەدانە بەو دانووستانە نهێنییەى لەگەڵ حیزبی دیموكرات و (پژاك)، بەمەبەستی كەمكردنەوەی فشار لەدوای ڕووداوەكانی سوریا و پاشەكشەی ئێران لە لوبنان و فەڵەستین و ئەگەری ئاڵووگۆری سپی لە تاران.

چوارەم: مالیكی و سوودانی لە كەیسی جاسووسييەوە بۆ هەڕەشە
ململانێكانی مالیكی و سوودانی، گەیشتونەتە ئاستی هەڕەشە و مەترسی دروستكردن لەسەر گیانی سوودانی، بەتایبەتی پاش ئاشكرابوونی كێشەی جاسوسیكردن بەسەر مالیكی و بەشێك لە سەركردەكانی شیعە لەلایەن نوسینگەی سوودانی، بەپێی هەندێ سەرچاوە؛ ئەو ئامێر و تەكنەلۆژیانەی لەوكارەدا بەكارهاتوون، هێندە پێشكەوتوو و وردن لە بازاڕەكانی جیهاندا دەگمەنن و گومان دەكرێت لەلایەن وڵاتێكی بەهێزەوە بۆ سوودانی دابین كرابن.
باس لەوەش دەكرێت، سوودانی و سەدر زۆر لەیەك نزیكبوونەوە، چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق لە نۆڤەمبەری (2025) بەیەكەوە حكومەت پێكبێنن، بە پشتیوانی ئەمریكا، بەریتانیا، سعودیە و ئیمارات، ئەوەش بە مانای كاڵكردنەوە و پاشەكشەی ڕۆڵی شیعەكانە لە عێراقدا لە دواى ڕووداوەكانى (7)ى ئۆكتۆبەر و (8)ى ديسمبەر.

پێنجەم: پڕۆسەی ئاشتی توركیا و پەكەكە چی لێ دێت؟
- لە چەند مانگی ڕابردوودا (2024) ئاردۆگان بە گەرم و گوڕى، بانگەشەی سەرلەنوێی، پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ كورد دەكرد! و (دەمپارتی) لەم هەوڵە بە گومان بوو، موراد قەرەیەلان-یش وتی: "كارێكی وا لە ڕۆژەڤدانییە".
بەڵام؛
هەوڵەكە هەیە، كە یاسایەك لە پەرلەمانی توركیا دەربكەن، هەر كەسێك تەمەنی (72) ساڵ و ماوەی زیندانی (25) ساڵ بێت ئازاد دەكرێت و لەژێر چاودێریدا دەمێنێتەوە، كە زۆرتر مەبەستیان ئۆجەلانە لە ئیمراڵییەوە بۆ ئەنكەرەی بگوازنەوە، واتا یاساكە بۆ ئۆجەلان دەردەكرێت.
ئۆجەلان، پرسی ئاشتی پێ باشە، كە گەریلا چەك دابنێت، وەكو فارك لە كۆڵۆمبیا، شۆڕشی چەكداری كۆتایی پێبێت و ئێستاش لە ئاڵووگۆڕەكانی سووریا ئاگادارە و پێی باشە (پەكەكە) چەك دابنێت و خۆسەری ڕۆژئاوا هەنگاوی باشتر هەڵگرێت، ئەوەش ڕەنگە وابكات لە نەورۆزی داهاتوو ئۆجەلان بێتە پەرلەمانی توركیا و قسە بكات و داوای چەك دانانی (پەكەكە) بكات، ئاردۆگان، بۆی گرنگە تا خولی داهاتوو ئەو پرسە بە قازانجی خۆی لەگەڵ ئۆجەلان یەكلا بكاتەوە، پێش ئەوەی (CHP) بگاتەوە دەسەڵات و پرسەكە لە دەست (AKP) دەربهێنێت، پێدەچێت توركيا لەم كارە زۆرتر مەبەستى كێشە دروستكردن بێت لەنێوان ئۆجەلان و قەنديل.
سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی-یش لەسەروبەندى هەڵبژاردنەكانى كوردستان دا، یەكێك لە فايلەكان پەیوەندی هەیە بە پڕۆسەی ئاشتی سەرلەنوێی ئەنكەرە و ئیمراڵی، كە دەیانەوێت ئەو كارەكتەری ئەمكارەبێت، چونكە (پەكەكە) و (ی.ن.ك) قبوڵیانە.

شەشەم: ئاودەستەكانی هیندستان و موعجیزەكانی
پڕۆژەی (نەخشەی هیندستانی پاك)ی (نارێندرا مۆدی) بە دروستكردنی (100) ملیۆن (توالێت-ئاودەست) بەبڕی (10) ملیار دۆلار لە هیندستان موعجیزەیە. جیا لەوە، خواستە زۆر و زەوەندەكانی، هیندستان واپێشبینی دەكرێت تا ساڵی (2026) ئابووری ئەڵمانیا تێپەڕێنێت، ببێتە چوارەم گەورەترین وڵاتی ئابووری لە جیهاندا.
ئەوە لە كاتێكدایە؛
كە بەتەنها داهاتی شاری میونشین، یەكسانە بە داهاتی وڵاتێكی ئەفریقا.
لەوەش سەیرتر گەشەی ئابوری هیندستان بەجۆرێك موعجیزەیە، بەتەنها ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هیندستان و وڵاتانی كەنداو ساڵانە (154) ملیار دۆلاری تێپەڕاند و ئەم موعجیزانە بۆ هەموو لایەك باشە، ئەزموونی لێوەربگرێت، بەتایبەت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن