486وتار

ھەرێمی کوردستان لە نێوان واشنتۆن و تاراندا

1/20/2019 8:35:00 PM
ئەنوەر حسێن (بازگر)

تارماییەک لە (ناوچەکەدا) دێت و دەچێت، کە (تارمایی ئەمەریکا)یە... ئەمە یەکەم دێری مانفێستی حزبی کۆمۆنیستی مارکس و ئەنگڵسە. 
بە دوای ڕووادوەکانی بەھاری عەرەبی ٢٠١١ کە چەند دەوڵەت و ھێزگەلی سەرکوتگەری ڕاماڵی، پێدەچێت لە ٢٠١٩شدا، چەند ڕووداوی چاوەڕوان نەکراو بێنەپێش، کە ھەرێمی کوردستان و کوردستان بە گشتی چەقی ئەو ململانێی و گۆرانکارییانە بێت.


سەردانی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ھەرێم و ناوچەکە مەسجی "کێ لەگەڵ ئەمەریکایە و کێ لەگەڵمان نییە؟!" دواین پەیامی بوو بۆ ھەرێم، تورکیا، ئوردون و سعودیە... کە مانا و مەغزای زۆری لێ چاوەڕوان دەکرێت، ئەوەشی ڕاگەیاندبوو کە لوتکەی پۆڵەندا، چەند دۆسییەکی گرنگی تاوتوێکرد لە گرنگترنیان فایلی ئێران و پاشەکشەیە لە سوریا.


کە ئەسڵی تارمایی ئەمەریکا لە ناوچەکە ھەر ئەم دوو فایلەیە و پاشەکشەشی لە سوریا لەسەر حسابی ئێرانە و جێھێشتنییەتی بۆ ڕوسیا و تورکیا وەکو بەخشیش لە بەرامبەر بێ دەنگی ئەوان یان پشتیوانی لە دۆسیەکی بە بەھا بۆ واشنتۆن.


داپۆشینی فایلی خاشقچی لەگەڵ سعودیە، ڕازیکردنی تورکیا بە پاشەکشەی لە سوریا وەکو ئیمتیاز و جێھێشتنی کوردەکان، گواستنەوەی باڵوێزخانە بۆ قودس لە ئیسرائیل، کۆتاییھاتنی بە قەیرانی چل ساڵە لەگەڵ کۆریای باکور، گەشتی خێرا و گەرمی ئەمەریکییەکان بۆ عێراق بۆ پێکھاتنی حکومەت، بەشداریکردن لە پشتەوەی مێزەکانی کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی لە چواردەی ژانوییە لە ھەولێر، ھەموویان یەک پاکێجن کە واشنتۆن بە پەلەیە لە ڕاپەڕاندنی کارێک کە ترامپ دەیەوێت ناوچەکە بشڵەقێنێت.


پاش ماوەیەکی زۆر لە پەراوێزخستنی ھەرێمی کوردستان  لە دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم، ھەولێر و سلێمانی و بارزانی چەند ڕۆژێکە بەردەوام فەرشی سوور بۆ گەمەکارانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ڕادەخەن، کە دیارە کاریان بە ھەرێم ھەیە و خەریکی پلانێکن کە بۆنی گەلەکۆمەکی یان ھاوپەیمانی لێدێت.


سەردانی ژان لوردیان بۆ ھەولێر، سەردانی جەواد زەریف بۆ سلێمانی و ھەولێر بە ئاشکرا، چەندین بەرپرسی سەربازی و ھەواڵگریش بە نھێنی، ئاماژەن کە دوو لایەنی کێشەکە، ھەرێم بە شوێنی گرنگی ململانێکانیان دەزانن و ڕەنگە بەرژەوەندی و پێکدانانەکانیشیان پێویستی بە ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان ھەبێت، ئەگەرنا ھیچ ڕاستی نییە گەر وا بیر بکرێتەوە بۆ بەرژەوەندی حکومەتی ھەرێم و خەڵکی کوردستانە، چونکە زۆر دوور نییە پار ساڵ خەریکبوو ھەموو شتێک بگەینەوە خاڵی سفر و پشتیان تێکردین و ھەرەشەیان لێکردین.


سەرەڕای ھاتنی ھێزێکی زۆری سوپای ئەمەریکا بۆ کەرکوک و موسڵ، ئاماژەن بۆ ئارامکردنەوەی تەل ئەبیب کە لەسەر سەبرگرتنی بەردەوام بێت و کارێک نەکات دۆخەکە تێکبدات، ئاماژەکان وادیارن واشنتۆن بێ تەل ئەبیب لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ھیچ ناکات و مەبەستیشیەتی کە تاران سنورەکانی ڕابگرێت و ھەڕەشە ناوچەییەکانیشی لێ دوور بخاتەوە بە تایبەتی لە سەردەمی ترامپدا.


ھەرچی تارانە لەسەر وجودی ھەژموونی خۆی لە یەمەن، عێراق، سوریا و لوبنان بەردەوام دەکات و گوێ لەو بۆچوونانە ناگرێت کە داوای پاشەکشەیان لێکردوە، چونکە ئەوە قوڵایی سیاسی، ئەمنی و عەسکەری ستراتیژی تارانیشە و پێناچێت میانگیرییەکانی سوڵتان قابوس ئاکامێکی بوو بێت.


بۆیە واپێدەچێت ھەردوولا گفتوگۆ و دانوستانەکانیان شکستی ھێنابێت و بۆ ڕێگای تر بگەڕێن بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکانیان، کە ئەمەریکا پێناچێت تێیدا سەرکەوتوو بێت و ئێرانیش لەھەر حاڵدا لە سوریا و عێراق باشتر نابێت.


ڕەنگە ئەوەش شازز بێت، کە ھاوکات و لە یەک کاتدا دوو فڕۆکەی دوو وڵاتی نەیار و کێبڕکێکار، دوو فایل و ئەجێندای جیاواز لە فڕۆکەخانەی ھەولیر دادەبەزن. (ژان لۆردیان-فەرەنسی) و (جەواد زەریفی- ئێرانی) کە ھەردووکیان بۆ پشتیوانی ھەرێمی کوردستان ھاتوون.


قسەکانی زەریفی کە وتی : "ھەرێمی کوردستان خۆی بە دۆستی نزیکی ئێران دەزانێت" ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە "ئەوەی لە لایەن واشنتۆن و پاریسەوە داواکراوە کە لەگەڵ ئێمەن یان ئێران" بە بۆچوونی زەریفی ھەرێمی کوردستان دۆستی ئێرانە.


ھەرچەندە ھێشتا بەرپرسانی ھەرێم لەو بارەیەوە ھیچ راگەیاندنێکیان نەداوە بەڵام مەرج نییە ھەموو جار ھەرێمی کوردستان لە ناو سایسەت و چوارچێوەی دۆسیە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئەوروپادا بخولێتەوە بەڵکو دەکرێت پێچەوانەکەی ڕاست بێت، چوونکە مەرج نییە ھەموو جار ھەرێم مل بۆ سیاسەتەکانی ئەوان بدات واتا مەرج نییە گەر ئەمریکا خواستی بێت پەلاماری ئێران بدات ھەرێم بەشێک بێت لەو سیناریۆیە، ھەرچەندە ئەوە بە مانای ئەوە نییە کە ھەرێم پاڵپشتی ئێران دەکات، بەڵام دەکرێت جارێکیش ھەرێمی کوردستان (نا) بەو زلھێزانە بڵێت. چوونکە لە خراپترین حاڵەتیشدا ھەر بە قەدەر پشتتێکردنمان توڕە دەبن کە لە ڕاپەڕین و ڕیفراندۆم و ڕۆژئاواو و باکوری کوردستان بە جێیان ھێشتووین. بە تایبەتی کە ھەرێمی کوردستان نابێت لە ھیچ سیناریۆیەکی ئەمریکا و ئەوروپا بەشدار بێت کە نەزانێت قازانج و داھاتوو و دەستکەوتەکانی کامەیە.

ھەرێمی کوردستان کە چەقی جوگرافی و جیوپۆڵەتیکی دۆسیەکەیە، نە دەتوانێت ڕۆڵی میانگیری بگێڕێت، نە دەتوانێت بێ لایەنیش بێت، بۆیە گرنگە نەبێتە قوربانی و لەو ململانێیانە باش بێتەدەر و بەرژەوەندی ھەرێم و خەڵکی کوردستان و پارچەکانی تری کوردستانیش قازانجی تێدا بکات، دەبێت ئەوەش بزانین ئەمەریکا لەکاتی پێویستدا داوای ھاوکاری لە کورد دەکات، بەڵام مەرج نییە لە سەرکەوتن و قازانجدا کورد بکاتە شەریک و ھاوبەش و دوور نییە وەکو ڕابردوو گەر پێویستی کرد پشتی تێبکات، چونکە لای ئەمەریکا بەرژەوەندی لەسەروو ھەموو شتێکەوەیە بە شەڕ و ئاشتیشەوە بۆ خۆی، بەڵام دەکرێت ھەموو جار لانی کەم قوربانی نەبێت وەک ئەمجارە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن