51وتار

خەڵاتى کارێزماى شاخ و شار دلێرى سەید مەجید، بیرەوەرییەکانى دەنوسێتەوە؟

6/1/2024 9:24:00 PM
ئەنوەر حسێن (بازگر)

کە ناوى (ى.ن.ک) دێت، هەمیشە مام جەلال، نەوشیروان مستەفا، شیهاب، ئارام، ڕەسوڵ مامەند، مامە ڕیشە، دێتە ناو زهن، وێنە و نووسینى ئەوانەى لەگەڵ مێژووى ئەم جەڕەیانە ئاشنایەتییان هەیە.
لە پاڵ ئەوانەدا، هەرگیز ناکرێت، ئەو ڕەمز و سیمبوڵانەش کە وەکو لیدەر، داینەمۆى شۆڕش و کارەکتەرى گەورە و بەهێز، فۆکەسیان نەخرێتە سەر و ڕۆڵى ئەوان وەکو بوون و مانەوەى ئەم جەڕەیانە لەبەرچاو نەگیرێت، کەسانى وەک (مەلا بەختیار، عومەر شێخ مووس، حاکم قادر، عومەر فەتاح، بەرهەم ساڵح، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، عوسمانى حاجى مەحموود، عومەرى سەید عەلى، قادر حاجى عەلى، کۆسرەت ڕەسوڵ عەلى، ئازاد هەورامى و ملازم عومەر).
دلێرى سەید مەجید، لەپاڵ ئەو ناوانەى سەرەوە، ڕێکا و ڕێک لە هەموو سەردەمەکانى سەرەتاى شۆڕش، دۆخ و قۆناغى دژوار، تا ئێستاش بە ڕۆڵ، ئەزموون، عەقڵمەندییەتى و بیرکردنەوە و دڵسۆزییەکانى، کە هەوڵى تەبایى و هۆمۆجینبوونى ناو ئەم حەرەکەتە و ڕۆڵى لە سفرکردنەوەى کێشە و ململانێکانى وەکو ئەندازیارى نزیکردنەوەى هاوڕێکانى دوێنى لە کاتى ململانێکاندا (وەکو سەردەمى گژرى و ئاڵۆزى نێوان مام جەلال و کاک نەوشیروان......) زۆرتر دەردەکەوێت.
ڕۆڵى لە ئاشتکردنەوەى ئەو سەرکردانەى، کە بە هەر فاکت و هۆکارێک پەیوەندییەکانیان پڕ بوە لە ئاڕیشە، دڕدۆنگى و ململانێ، (ئەمەیان زۆر لە سەرکردە قەدیمییەکان دەگرێتەوە).
ئەو لە (49) ساڵى خەباتى بێ دابڕانى خۆى، هەمیشە پەرجوى خوڵقاندوە.
گەر کێشە گەورەکانى پێ سفر نەکرابێتەوە، تا ئاستى نزیک سفر هێناونى، جا بە حیکمەتى سیاسى، یان پشوو درێژییەکەى، یان بە قسەى خێر و هەندێکجار بە پێدانى ئیمتیاز، چارەسەرى کردوون.
جیا لە مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، بە یەک هەنگاو و چەند هەنگاوێک لەگەڵ دۆستەکانى جوڵە و ڕەفتارى کردوە.
خەسڵەت و تایبەتمەندێتى کەسێتى ئەو وایە، هیچ کات ڕاستەوخۆ ناچێتە ناو دیالۆگ، گفتوگۆ و موفاوەزاتەکانەوە، بەڵکو (تەشخیصى کەسەکان و کەسایەتییان، کێشەکە و گەورە و بچووکى، پلە و پۆست و پێگەکەى، جوگرافیا و ژینگەکەى، شوێن و مکان، هەلومەرجى سیاسى و ئابورییەکەى....) لەبەرچاو گرتوە.
پاشان بە نموونە و حیکایەتى هاوشێوە، دەستى بە جوڵە و هەنگاوەکانى کردوە، دەتوانم بڵێم لە سەدا هەشتاى نیەت و هەنگاوەکانى سەرکەوتوو بوە.
بۆچى؟ چونکە ئامانج و هۆکارێکى شەخسى خۆى نەخستۆتە پێش کارەکەوە، بەڵکو یەکێتى، ئاشتى، دۆستایەتى و تەبایى .... بۆ گرنگبوە.
لە سەردەمى سەرەتاى شۆڕش لە شاخ، گەر دە ڕووداو و حەدەسى گەورە خوڵقا بن، لە هەشتیان بەشدار بوە.
لە ناوەڕاستى شۆڕشدا؛ بزنسزمانى بێ سەرمایەى شۆڕش و ئیدارەدانى بوە.
لە قۆناغى شکست و پاشەکشەى شۆڕشدا؛ کۆڵى نەداوە و بە عەزمەوە وەستاوە.
لە قۆناغى سەرکەوتنى شۆڕشى شاخەوە بۆ شار؛ خاوەنى گەشەى ئابورى حیزب تەبایى بوە بۆ بەڕێوەبردنى کۆمەڵگە.
ڕۆڵى هەبوە لە بڕیارەکان و هەنگاوەکانى مام جەلال و کاک نەوشیروان، لە دانانى کەسانى شارەزا و پسپۆر و نیشتمانپەروەر بۆ پۆست و پلەى حکومى و حیزبى.
لە  ئێستادا و دوایین قۆناغى حیزبایەتى یەکێتى، زۆرتر لە هەموو کەس و زیاتر لە هەموو کاتێکى تر، ڕۆڵى خێر و وەکو لیدەرى قۆناغ مامەڵە دەکات.
ئەکرەمى سەید مەجید، کە بە قاسەى شۆڕش و یەکێتى ناسراوە، بە قسەى یەکێک لە ڕابەرانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، دەڵێ "ساڵانى (1980 - 1981) پارەى لیبیا بۆ یەکێتى ئەو دەیهێنا و دەیبرد لە تارانەوە، بەو هەموو مەترسى و گرفتەوە".
مام جەلال هەمیشە وتوویەتى: "پارە، سەروەت و سامانى یەکێتى لە دەستێکى ئەمیندایە و کەسێک کە بۆ ئەو کارە شیاو و گونجاوە، سەیدەکەى خۆمانە".
کەسێکى تر دەیگێڕێتەوە "هەموو کارێکى پڕ خەتەر و مەترسیدارى ئەنجامداوە، دەیوت: ئەو کارانە ڕاسپاردەى مام جەلالن".
گواستنەوەى شۆڕشگێڕانى ڕەنجبەران لەم دیوو بۆ ئەو دیووى دەکرد.
هاوڕێیەکى دەڵێت "دڵسۆزى و دەست پاکییەکم لەو بینیوە، لە کەم سەرکردەى ترم بینیوە"، دەڵێ "سەید مەجید، سیفاتێکى ترى هەیە، کە خاوەنى ڕەئــى و ئارا و بۆچوونى خۆیەتى، لە هەمانکاتدا دەستپاک و بە ویژدان و یەکیەتییەکى عەیارە بیست و چوارە".
هاوڕێیەکى سەردەمى ڕۆژانى خەباتى دەڵێت "دلێرى سەید مەجید زۆر هەوڵیدادە بۆ پارە کۆکردنەوە و پەیداکردن، بەڵام بۆ خۆى نا، بۆ حیزبەکەى".
جیا لەوانە، ئەو کارەکتەرێکى سادەیە و زۆریش سادە، عاشقى کتێب و خوێندنەوەیە، شارەزایى هەیە لە مێژووى کورد، ئەدەب و شیعرى کوردى، سەرنج و بۆچوونى خۆى هەیە.
تێبینى دەدات لەسەر زۆر لەو بابەتانە و زۆریش پرسیار دەکات، بەڵام حەزى لە خۆ دەرخستن و دەرکەوتنى لە میدیا و سۆسیال میدیا نییە.
ڕۆژانى هەینى دەچێتە بازاڕ و کتێبخانەکان، بۆ کڕینى کتێب، دەچێتە پێشانگاکانى کتێب، ڕەنگە ئەو تاکە سەرکردەى حیزب بێت، هیچ پاسەوان و ئیسکۆرتێکى نییە، تەنها و تەنها خۆى و ئارام دێن و دەڕۆن بە یەک ئۆتۆمبێل، ئەوەش ماناى ئەوەیە ترسى نییە لە خۆیى و خەڵکى خۆشیاندەوێت، کەسى وا هەیە خۆى پێ قاید و سەرکردەیە و پەنجا پاسەوانى هەیە و کەسیش نایناسێت.
ئەو وەزیر و ئەندام پەرلەمان دادەنێت، بەڵام خۆى حەزى لە پۆست و پلە نییە، ڕۆژانە لانیکەم سى بۆ چل کەس دەبینێت، زۆر بە وەفایە بۆ هاوڕێ دێرینەکانى سەردەمى شاخ و شارى، توڕەبوونى زۆر کەمە و زۆر پشوو درێژ، ئارام و لەسەرخۆیە، جارێکیش شیعرێکى نوسیوە، ئەو زۆر دۆستى نەوشیروان مستەفا بوە و بە ئەندازیاری ڕێککەوتنى گۆڕان و یەکێتى دادەنرێت و باس لەوە دەکرێت لەو کاتانەشدا، یارمەتى گۆڕانى داوە و تا ئێستاش گۆڕان، بە دۆستى خۆیان و نەوشیروان مستەفاى دەزانن، لە گەرمەى ئاڵۆزى و قەیرانەکانى نێوان هەردوولا، هەفتانە گەشتى گردى زەرگەتە و دەباشانى کردوە و پێیوابوە ڕێککەوتن، نزیکبوونەوە و تێکەڵاوبوونەوە تاکە فاکتەرى ئاشتى و ئارامى سلێمانى و ئەو دوو حیزبەیە.
ئەو ئەندازیار و ڕابەرى چەمکى سفرکردنەوەى کێشەکانە لەناو یەکێتى و دەرەوەش، بۆ هەموو قەیرانەکان پاکێجى چارەسەرى پێیە، بەڵام لەسەر مێزى گفتوگۆ.
فەلسەفەیەکى تایبەتى هەیە، (کە هەمو کات، کاتى هەموو قسەیەک نییە و هەندێک بابەت و ڕووداو نابێت، هیچ کات باس بکرێن و بڵاو بکرێنەوە).
ئەو کە پەنجا ساڵە لەناو هەموو ڕووداوەکان بوو، بە تەنها (قاسەى دارایى) نەبوە، بەڵکو (قاسەى نهێنى ڕووداوە سیاسییەکانى شاخ و شار)یشە، ئەو کە زۆرترین پەیوەندى لەگەڵ مام جەلال و نەوشیروان مستەفا هەبوە، وەکو دوو سەرکردەى گەورە، نهێنى زۆرى ڕووداوەکانى لایە، ڕەنگە هیچ کەس بە قەدەر ئەو، نامەى نهێنى و تایبەتى ڕووداوەکانى ئەو پەنجا ساڵەى لانەبێت.
بەڵام هەرگیز و هیچ کات، یەک دانەیانى بڵاو نەکردۆتەوە و باوەڕیشى وایە، بۆیە بیرەوەرییەکانى خۆى نانوسێتەوە، یان دیدارێکى گرنگ ئەنجام نادات، چونکە زۆر ڕووداو باس نەکردنیان باشترە و زۆر شت هەیە دەبێت بەبێ دەنگى بمێنێتەوە.
زۆرجار داواى لێکراوە، بیرەوەرییەکانى خۆى بنوسێتەوە، کە ڕەنگە بە یەکێک لە ڕووداوە مێژووییەکانى باشور بناسرێت و کتێبێک بێت، بە دەیان هەزار نوسخەى لێ بفرۆشرێت، بەڵام هێشتا بڕیارى نەداوە، چونکە دەڵێ "لە قازانجى ئەزموونى شۆڕشى کوردستان نییە و ڕەنگە نەتوانم هەموو شت بڵێم"، بەڵام کتێبى بیرەوەرى زۆر دەخوێنێتەوە، ڕەنگە لە داهاتوودا کتێبێک هاوشێوەى بیرەوەرى بنوسێت.
خاوەنى ئەرشیفێکى گەورەى کتێبە و جیا لە نامە مێژووییەکان بە ئێستاشەوە، ڕۆڵى کارێزمایەکى ئاشتیخواز و تۆلێرانس دەگێڕێت لەناو یەکێتى و بەردەوام هەوڵدەدات لایەنە ناکۆکەکان تەبا بن و گەر ئەوەش ناکرێ، یەکتر قبوڵ بکەن.
ئێستاش کە یادى (49) ساڵەى دامەزراندنى (ى.ن.ک) و هەقە وەکو مەرجەعى تاریخى و دۆستى پلە یەکى مام جەلال حسابى لەسەر بکرێت و هەموو هەنگاوەکان، بە پرس و ڕاى ئەو بدرێن و بەڕێوە بچن، باشوایە ڕۆڵى کەسى یەکەمى پێبدرێت، بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانانە.
هەقە لەم یادەدا، وەکو سیمبوڵى شۆڕشى شاخ و شار خەڵاتى ڕێزلێنانى بەوەفاترین کارێزماى پێبدرێت، کە هاوشێوەى خەڵاتى نۆبڵى ئاشتى نەرویژى بێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن