سیناریۆکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران
6/29/2024 2:05:00 PM
ئەنوەر حسێن (بازگر)
قاڵیبافی محافزكار یان پزشكیانی ریفۆرمیست
ئێرانییەكان بۆ هەڵبژاردنی نۆیەم سەرۆک كۆماری خولی چواردەیەمین لە ٢٨ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤، بە بەشداری شەش كاندیداتۆر دەچنە پای سندوقەكانی دەنگدان.
پاش ئەوەی (ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور- شواری نگهبان) لە (٨٠) كەس تەنها (شەش) كاندیدی هێشتەوە كە (پێنج) كەسیان سەر بە باڵی پارێزگاران و (یەک) كەسیان كە (مەسعود پزشكیان) سەر بە باڵی ریفۆرمخوازە بەم شێوەیە قبوڵ كرد:
١.محەمەد باقر قالیباف: پارێزگار، لە دایكبووی (٢١/٨/١٩٦١) لە تەمەنی ١٨ ساڵییەوە پەیوەندی كردووە بە سوپای پاسدارانەوە، لە (١٩٨٢) دەبێتە فەرماندەی لەشكری نەسری خۆراسان، پاش شەڕی (ئێران-عێراق) كراوەتە فەرماندەی لەشكری كەربەلا، (١٩٩٤) بووەتە بەرپرسی قەرارگای بونیادنانەوەی (خاتم انبیا)، (١٩٩٧) بە فەرمانی خامنەئی كراوەتە فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئێران، دواتر هەر بە فەرمانی خامنەئی لە ساڵی (٢٠٠٠) كراوەتە فەرماندەی گشتی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، لە (٢٠٠٤) لە سەردەمی محەمەد خاتەمی بووەتە نوێنەری سەرۆک كۆمار و سەرۆكی كۆمسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچی كاڵا و دراو.
لە (٢٠٠٥) وەكو كاندیداتۆری سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی كردووە، بەڵام سەركەوتوو نەبوو. لە هەمان ساڵدا بووەتە سەرۆكی شارەوانی تاران، لە (٢٠٠٩)ـشدا هەمان پۆستی وەرگرتەوە.
لە (٢٠٠١) دكتۆرای لە زانكۆی تاران وەرگرتووە، لەگەڵ هاتنی محەمەد خاتەمی و زنجیرە تیرۆرێكی زۆر بۆ سەركووتی خۆنیشاندەران، قالیباف رۆڵی گەورەی هەبوو لە سەركووتكردنی خوێندكارانی زانكۆكان، دواین پۆستیشی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بووە.
٢. مەسعود پزشكیان: "ریفۆرمخواز" (١٩٥٢) لە باوكێكی ئازەری و دایكێكی كورد لە مەهاباد لە دایك بووە. ئەندام پەرلەمان بووە، وەزیری تەندروستی بووە، لە شەڕی (عێراق-ئێران)ـدا بەرپرسی كەمپی پزیشكی بووە، (٢٠١٣) بۆ كاندیداتۆری سەرۆک كۆمار رەت كراوەتەوە.
لە دانوستانی گروپی (٥+١) بووە، رەخنەی لە قەتڵەكانی شۆڕشی ژینا گرتووە، ئێستاش دژی حیجابی زۆرەملێیە.
٣. سەعید جەلیلی: لە دایكبووی (١٩٦٥) شاری مەشهەدە، لە وەزارەتی دەرەوە بووە، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران بووە، لە دانوستانەكانی لەگەڵ گروپی (٥+١) لە (٢٠٠٧-٢٠١٣) سەرۆكایەتی ئەو گفتوگۆیانەی كردووە. لە (٢٠١٣) لەلایەن خامنەئی كاندید كراوە بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی (٢٠١٣) بەشدار بووە و شكستی هێناوە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی (٢٠٢١) بە قازانجی ئیبراهیم رەئیسی كشاوەتەوە.
٤. عەلیڕەزا زاكانی: پارێزگار، سەرۆكی شارەوانی تارانە.
٥.ئەمیر حوسێن قازیزادە: (پارێزگار)
٦. مستەفا پور محەمەد: (پارێزگار)، وەزیری داد بووە، یاریدەدەری وەزیری ئیتڵاعات بووە و دواتر بووتە وەزیری ناوخۆ، راوێژكاری سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەرییە.
*
ئەم هەڵبژاردنە پێش وەختە، بەدوای كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكەی ئیبراهیم رەئیسی لە ئایاری ٢٠٢٤ لە رووداوێكی نادیاردا دێت، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک كۆمارێكی نوێ.
ئێستا باس و خواسی گرنگ ئەوەیە كام كاندید دەبێتە براوەی خامنەئی "رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران".
چونكە چاودێران پێیانوایە، ئەوە پڕۆسەی دەنگدان و دەنگی خەڵك و سندوقەكانی دەنگدان نییە، ئەو كاندیدە براوەیە یەكلا دەكاتەوە كە دەردەچێت، بەڵكو رابەر و سوپای پاسدارانن، ئەوەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، كامیان؟
لە خزمەتی سیاسەتەكانی رابەر و ویلایەتی فەقهیە و بەرژەوەندییە باڵاكانی شۆڕشی گەلانی ئێراندایە.
واتا رابەر دەیەوێت، سەرۆک كۆمار كەسێكی گوێڕایەڵ بێت، بێ كێشە بێت لەگەڵ دامەزراوەكانی وەك پەرلەمان، شورا، سوپا. دەست بە عەباكەی رابەرەوە بگرێت و لەژێر چەتری ئەودا هەڵسوكەوت بكات.
رابەر دەیەوێت كاندیدی دەرچوو گەر خیتابی توند بێت و كردەوەی نەرم و شل بێت واتا پراگماتیست بێت ئاساییە.
لەم هەڵبژاردنەدا دوو سیناریۆ بە دیدەكرێت لەلایەن رابەرەوە:
سیناریۆی یەكەم: گەر رابەر بیەوێت، كرانەوەیەك رووبدات لە ئێران روو بە ناوخۆ و دەرەوە، گەر وەكو تاكتیكیش بێت، لە ناوخۆ بۆ كپكردنەوەی ناڕەزایەتی و گلەیی زۆری خەڵك لە دژی گرانی، خراپی باری ئابووری، حیجابی زۆرەملێ، كاڵكردنەوەی خۆنیشاندانی ژینا و كرانەوەیەكی كەم، ئەوا لەمكاتەدا چرای سەوز بۆ پزشكیانی ریفۆرمخواز هەڵدەكات، بەڵام لەژێر كۆنتڕۆڵی خۆیی وسوپادا.
هەرچەندە ترسی لەوەش هەیە لە حاڵێكدا لەژێر كۆنتڕۆڵی خۆی و سوپا دەربچێت، وەكو دووبارەبوونەوەی رێگادان بە سەركەوتنی محەمەد خاتەمی ریفۆرمیستدا و تێكچوونی فەزای شەقام بە پشتیوانی گرووپی سەوز، كەرووبی و مووسەوی.
بەڵام لەناو ئەم سیناریۆیەدا پرسیارێك دەكرێت گەر پزشكیان چانسی دەرچوونی نەبێت بۆچی رێگای پێ درا لە پاڵاوتنی ئەنجومەنی شورای نگهبان دەربچێت؟
وەڵامەكەی دەكرێت ئەوە بێت؛
ئامارەكان باس لەوە دەكەن رێژەی بەشداری خەڵك لە پڕۆسەی دەنگدان لە ئێران تا دێت روو لە خوارتر دەكات و ناوەندی رێژەكە لە (٤٠٪ بۆ ٥٠٪) تێپەڕ ناكات، ئەوەش (٢٥٪) دەنگدەرانێكن كە دەنگ بە ریفۆرمیستەكان دەدەن و (٢٥٪) دەنگ بە پارێزگاران دەدەن، كەواتا ئەوەی دەمێنێتەوە (٥٠٪) دەنگی خۆڵەمێشی ئەو دەنگدانەیە كە دەنگ نادەن، واتا دژی دەسەڵاتن و بە جۆرێكی تر دەكرێت وەكو لایەنگری ریفۆڕمخوازەكان سەیر بكرێت.
كەواتە بەشداری ریفۆڕمخوازەكان بە (٢٥٪) ئەوان دێنێتە پای سندوقەكانی دەنگدان و رێژەی دەنگدان دەكاتە (٥٠٪) و ٥٠٪ـی باقیەكەشی خۆی لەناو ئەم ململانێیەدا، گەر (١٠٪ بۆ ٢٠٪) دەنگ بدەن، بەوە رێژەكە بەرز دەبێتەوە، خۆ ئەگەر ئەو دەنگە خۆڵەمێشیە ناڕازیانە زۆرتر دەنگ بدەن، رێژەی دەنگی پزشكیان و ریفۆرمخوازەكان زۆر دەچێتە سەر، بەڵام هەر ناتوانێت بەبێ ئاماژەی رابەر چانسی دەرچوونی هەبێت.
واتا گەر چرای سەوزی خامنەئی لەگەڵ ئەو كاندیدە نەبێت، تەنها بۆ گەرمكردنی هەڵبژاردنەكە و خاوبوونەوەی رەخنە و گلەییەكانی خەڵكە، روو بە خۆرئاواش وا نیشانبدرێت، كە دیموكراسی هەیە.
بەڵام گەر لایەنگرانی باڵی ریفۆرم، هەست بكەن دەنگیان زۆر هێناوە و بەشدارییان زۆر بووە، كاندیدەكەشیان دەرنەچووە، رەنگە جارێكی دیکە بێنە سەر شەقام و خۆپیشاندانی لێ بكەوێتەوە، كە ئەمەش گرفتێكی نوێ ساز دەكات و بە ئاسانی دەستبەرداری دەنگەكانیان نەبن.
كە بە بۆچوونی خۆم لە ئێستادا نە رابەر نە سوپای پاسداران، نابێت رێگا بدەن سیناریۆكانی دووبارەی (خاتەمی، ڕەفسنجانی و ڕووحانی،...) دووبارە بێتەوە.
سیناریۆی دووەم: كەواتا گەر چرای سەوز بۆ پزشكیان هەڵنەكرێت، رێک چانسی دەرچوون بۆ قالیبافە، بەو دەلیلەی سەربە خامنەئی و ویلایەتی فەقهییە و پاسدارێكی دڵسۆزە جیا لەوانە، پێش قبوڵكردنەكەی هەندێ قسەوباسی لەسەر كرا، كە خانەوادەكەی لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون، ئەوەش بەمانای ئەوە دێت دەزانین و چاوپۆشی لێ دەكەین بۆ كاتێك كە پێویستە، باخۆشی كاندید بكات باشتر و بێ كێشەیە.
خاڵێكی تر كە چانسی زۆرتر بدات بە قالیباف ئەوەیە؛ كە بێ سێ و دوو پشتیوانی موجتەبای خامنەئی بكات بچێتە شوێنی خامنەئی باوكی، بۆ رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە داهاتوودا.
جیا لەوەی قالیباف لەم هەلومەرجەدا، كە ئێران و میحوەرەكانی لە فەڵەستین، لوبنان كەوتوونەتە شەڕێكی سەرسەخت لەگەڵ ئیسرائیل، دەتوانێت وەك هەمیشە توند بێت و ئیدارەی ئەو قەیرانانە بدات، ئەمریكا و خۆرئاواش ناتوانن كاریگەری لەسەر دابنێن.
گەر دیقەتی دروشمی سەرەكی قالیباف بدەین؛ (خزمەت و پێشكەوتن) دەتوانین ئەو خاڵانەی سەرەوە هەموویان لە دروشمەكە كۆ بكەینەوە، (خزمەت) بێگومان مەدلوولێكی ماناكەی خزمەتگوزارییە، بەڵام مانا هەقیقەكەی (خزمەت بە بەرابەر و سیاسەتەكانی، خزمەت بە سوپا و هەژموونەكەی، خزمەت بە یەكگرتوویی دەوڵەت دژی نەیارەكان،...).
بەڵام گەر دیقەت لە دروشمی پزشكیان بدەین (لە پێناو ئێراندا) مانا و مەدلوولێكی تری هەیە.
لە دەورانی سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە (١٩٧٩) چەندین سەرۆک كۆماری بە خۆیەوە بینیوە:
-ئەبوو حەسەنی بەنی سەدر(١٩٨٠)
-محەمەد عەلی رەجائی(١٩٨١)
-عەلی خامنەئی(١٩٨١- ١٩٨٥)
-هاشم ڕەفسەنجانی(١٩٩٣-١٩٩٧)
-محەمەد خاتەمی(٢٠٠١-٢٠٠٥)
-ئەحمەد نەژاد(٢٠٠٥-٢٠٠٩)
-حەسەن رووحانی(٢٠١٣-٢٠١٧)
-ئیبراهیم رەئیسی(٢٠٢١- ٥/٢٠٢٤)
هەر لەم بارەیەوە خاتەمی سەرۆكی پێشووی ریفۆرمیست لە پشتیوانی پزشكیان رایگەیاندووە: دەنگ بدەن بەو تاكە كاندیدەی، كە تەنها رێگای ئێرانییەكانە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لەو وڵاتەدا.
بەهەمان شێوە حەسەن رووحانی سەرۆكی پێشووی ئێران، باڵی ریفۆرمیست، ئەویش هاتە پاڵ پزشكیان وتی؛ دەنگی پێ بدەن؛ چونكە ئەو جەخت لەسەر لابردنی گەمارۆكان و زیندووكردنەوەی رێككەوتنی (٥+١) دەكات و دواتر ئەوەشی وت؛ داوا لە میللەت دەكەم، كە بەرگەی سێ ساڵ لە ئاریشە و قەیران و رەفتاری نا ئەخلاقی لە شەقامەكاندا گرتووە-كە مەبەستی رەئیسی بوو-، وتی؛ تاكە كاندیدی ئێمە پزشكیانە، جیا لەوانەش محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێرانیش پاڵپشتی خۆی بۆ راگەیاند.
لە وەڵام بەو پشیوانیانەدا پزشكیان، سوپاسی هەمووانی كرد كە بە (باوكی رووحی بزوتنەوەی ریفۆرمستی ئێران) ناوی دەبەن وتی؛ سوپاسی خاتەمی دەكەم و بڕیاریشمداوە دادپەروەری لەگەڵ هەر رەگەز، رەچەڵەك و نەتەوەیەك یان بیروباوەڕێك پیادە بكەم-كە مەبەستی كورد، تورك و عەرەبە-. هەرچەندە لە وەڵام بەو قسانەدا تاوانباری دەكەن بە جودایخواز.
ئەم بانگەشانەی خاتەمی، رووحانی، زەریف و بە نهێنی ئەحمەد نەژاد و بنەماڵەی رەفسەنجانی و خومەینی بۆ پزشكیان، رەنگە چانسی سەركەوتنی كەمتر بكاتەوە و كارەكەی لەسەر قورستر بكات و رابەر و باڵی پارێزگاران و سوپای پاسداران وەكو مەترسی داهاتوو سەیریان بكەن.