240وتار

یاسایەک لەبری چاودێری و چاکردن
سزادانی مێردمنداڵان زیاد دەکات بۆ دوو هێندە !

10/24/2022 2:16:00 PM
شاڵاو ئەبوبەکر عەلی


بەپێی یاسای ژمارە “ 5 “ ساڵی 2022 لە پەرلەمانی کوردستان هەمواری دوو ماددەی گرنگی یاسای چاودێری نەوجەوانان کراوە  لەگەڵ چەند ماددەیەکی دیکە ، کە من قسەم لەسەر ماددەکانی 76 و 77 ی یاساکەن کە دوو ماددەی سزایین و پێش ئەم هەموارە ڕەچاوی بارودۆخ و تەمەنی نەوجەوانانی کردبوو بە جۆرێک کە بگونجێ لەگەڵ ڕاددەی هۆش و بیرکردنەوەی ئەو تەمەنە و سزاکان لەچاو کەسانی سەروو هەژدە ساڵ سووکتر بوون و ڕەچاوی ئەو پەیماننامانەی تایبەت بەمافەکانی منداڵی کردبوو کە عێراق تیایدا ئەندام بوو و لە یاساکە پەیڕەوی کردبوو . 

بەڵام ئەم هەموارە کە بە حساب هەستاوە بە پیادەکردنی هەموارێکی ساڵی 1998 ی عێراق لەهەرێمی کوردستان لەبری ڕەچاوکردنی هەموارەکەی عێراق و ڕەچاوکردنی سزاکان هەستاوە بە قورس کردنی سزاکان و دوو هێندەی کردوون و دەستی دادگای نەوجەوانانیشی گرتووە لە دانانی نەوجەوانان لەژێر چاودێری ڕەوشت “ مراقبە سلوک “ لەبری بەندکردن !  بەم شێوەیەی خوارەوە : 

* بەپێی ماددە “ 76 “ لە یاساکە پێشتر ئەگەر “ صبی “ واتە مێردمنداڵ کە تەمەنی لە نێوان ( 11 بۆ 15 ) ساڵی دایە تاوانێکی بکردایە سزاکەی سجنی مؤقت بوایە دەکرا ئەم مێردمنداڵە لەبری سزای بەندکردن کەلەنێوان “ پێنج بۆ پانزە ساڵ دایە “ دادگا بڕیاری بدایە بە بڕیاردان بە هێشتنەوەی مێردمنداڵەکە لەژێر چاودێری  ڕەوشت “ مراقبە سلوک “ و تسلیمی بەخێوکەر یان باوکی دەکرایەوە لەبری ناردنی بۆ بەندیخانە بەئامانجی پاراستنی مافی منداڵ و شیاندنەوەی لەکاتی ئەنجامدانی هەڵەدا  . 

بەڵام بەپێی هەموارەکە گەر سزاکەی لە دە ساڵ کەمتر بوو ئەو ڕێوشوێنە وەک خۆی دەبێت  بەڵام ئەگەر تاوانێک بکات سزاکەی لە دە ساڵ زیاتر بێت ئەوە دەستی دادگای بەستووە لەوەی لەژێر چاودێری ڕەوشت و ڕەوشت دایبنێت و دادگا دەبێت سزای بدات بەبەندکردن لە سێ ساڵ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت .  

هەروەها پێشتر ئەگەر “ صبی “ واتە مێردمنداڵ تاوانێکی بکردایە سزاکەی بەندکردنی هەتاهەتایی یان لە سێدارەدان بوایە سزا دەدرا بە بەندکردنی “ بە پێنج ساڵ “ ، بەڵام بەپێی ئەم هەموارە سزاکەی لە هەمان ماددەدا زیاد کردووە  بەجۆرێک لە “ پێنج ساڵ کەمتر نەبێت و لە دە ساڵ زیاتر نەبێت “  واتە زیادکردنی سزاکە بۆ دوو ئەوەندە ! 

کە لێرەدا دەپرسین ئایا منداڵێکی تەمەن یانزە ساڵ تا پانزە ساڵ شایەنی ئەو سزایەیە ؟ ئایا هۆش و بیرکردنەوە و تێڕوانینی منداڵ لەو تەمەنەدا قابیلی ئەو سزا قورسەیە ؟ 

* سەبارەت بە ماددە “ 77 “ ی یاساکە 

ئەمیش تایبەتە بە سزادانی” فتی” واتە هەرزەکار کە  تەمەنی”  15ساڵی تەواو کردووە و 18 ساڵی تەواو نەکردووە”  ئەگەر تاوانێکی بکردایە کە سزاکەی سجنی مؤقت بوایە واتە لەم کاتەدا دادگا دەیتوانی  لەبری بەندکردنی ماوەی “ پێنج بۆ پانزە ساڵ “ منداڵە هەرزەکارەکەی لە ژێر چاودێری سلوک “ مراقبە سلوک “ دابنایە و بەکوردی بەندی نەکردایە و تسلیم بە بەخێوکەر یان باوکی بکرایەوە و هەوڵی باشترکردنی ڕەفتار و ئاکاری دەدرا  . 

بەڵام لە هەموارەکە دا ئەو تاوانانەی کە سزاکەیان “سجنی مؤقتە “ واتە جنایاتە سزاکەی کردووە بە بەند کردن و دەستی دادگای گرتووە لە دانانی “ فتی” هەرزەکار لە ژێر چاودێری ڕەوشت دا و دادگا دەبێت سزای بدات بە بەندکردن

وە سزاکەی زیاد کردووە کە پێشتر بریتی بوو لە بەندکردن کە لەشەش مانگ کەمتر نەبێت و لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت ، بەڵام ئێستا سزاکەی بەجۆرێک لێ کردووە کە نابێت لە چوار ساڵ کەمتر نەبێت و لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت !  

کە زیاد کردنی ئەم سزایانە بەو جۆرە ناڕەوایە هەم ناگونجێت لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و مناڵان و هەم پێچەوانەشە لەگەڵ ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیەکان و خودی ئەو ئامانجانەش کەیاساکە و ئەم هەموارەشی لەپێناودا دەرکراوە 

▪️وەپرسیارێک زۆر دەکرێت ئایا ئەم یاسایە بە نهێنی دەرکراوە  ؟ 

1- پڕۆژەی هەمواری یاساکە بۆ ڕای گشتی نەخراوەتە ڕوو یاسا ناسان و ڕاگەیاندن وڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی منداڵان و چین و توێژە پەیوەندیدارەکان لێی ئاگادار نەکراونەتەوە . 

2- یاساکە وەک استثناء ێک لە کۆتایی یاساکەدا لەبەرواری دەرچواندن و تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی بە کارپێکراو داندراوە بێ ئەوەی چاوەڕێی واژووی پەسەندکردن یان نەکردن و گەڕاندنەوەی سەرۆکی هەرێم بکەن بۆ پەرلەمان . 

3- یاساکە لە بەرواری 22 / 6 / 2022 لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکراوە و لە بەرواری 8 / 9 / 2022 شدا لە ڕۆژنامەی رەسمی وەقایعی هەرێمی کوردستان دا بڵاو کراوەتەوە بەڵام تا ئێستا لە سایتی پەرلەمان دا بڵاو نەکراوەتەوە ! 

ئەمانە ئەو خاڵانە بوون کەدەکرێت وەڵامی گومان و ئەگەرەکان بداتەوە لەسەر یاساکە کە من پێم وایە ڕەنگە لەبەر سومعەی هەرێم بەو ڕێو شوێنە توندانەدا یاساکە پەسەندکراوە و بڵاو کراوتەوە بەڵام ئایا یاسایەک هێند مەترسی دار بێت لەسەر ناوبانگی هەرێم و مافی مرۆڤ و منداڵان و نەوجەوانان چ گرنگی یەک لە قورس کردنی سزاکانی ناوی و دەرکردنی یەوە هەبوو ؟ 

لە کۆتایی دا 

هەر ئامانجێک و مەرامێک لەپشت قورسکردنی سزاکانی مێردمنداڵ و نەوجەوانانەوە هەبێت لەوە کەم ناکاتەوە کە پاشەکشێی مافی مرۆڤ و منداڵ لەنێوان ساڵی 1983 و ساڵی 2022 دا چەند گەورەیە و لەحاڵەتی چاک نەکردنەوە و هەموار نەکردنەوەی ئەو هەڵەیەدا جگە لە ستەم لە هەرزەکار و نەوجەوانان ئەو گومانانەش پشتڕاست دەکەنەوە کەلەسەر مافەکانی مرۆڤ و منداڵان هەیە لەم هەرێمەدا .. 
23 / 10 / 2022

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن