134وتار

یاسا چی لەوانە دەکات کە خواردنی خراپبوو و بەسەرچوو و ساختە و مۆرکراو دەدەنە خەڵکی ؟

4/30/2023 8:23:00 PM
شاڵاو ئەبوبەکر عەلی


یاساکانی ئێمە لەزۆر بواردا کۆن و دواکەوتوون ، گەر بڵێم یاسایەکی تایبەت بەم بوارە نیە ڕەنگە هەڵە نەبێت چونکە تا ئێستا تەنها یەک یاسا هەیە کە ئەویش لە عێراق وەرگیراوە و لەهەرێم بەرکار کراوە بەناوی یاسای پاراستنی مافی بەکاربەر ژمارە “ 9 “ ساڵی “2010 “ کە تایبەتە بەپاراستنی مافی بەکاربەر و هاوڵاتی کە خودی یاساکە یاسایەکی نەرمە و لەخراپترین حاڵەت دا سزای کەسی سەرپێچێکار بریتییە لەبەندکردن بۆماوەیەک لە “ 3 “ مانگ زیاتر نەبێت یان غرامەکردنی بە “ یەک ملیۆن دینار  “ بەڵام سەرەڕای ئەوەش خودی یاساکە جێبەجێکردنی لەهەرێم بەشێوەیەکی واقعی بەرامبەر ئەو کەسانەی ئەو “ ماددە خراپ و بەسەرچوو و تەزویر و مۆرکراو و ماوە بۆدرێژکراو و ژەهراویانە “ دەدەنە خەڵکی زۆر کەم و سنووردارە و پێشتریش کارپێکردنی لەلایەن حکومەت ڕاگیرابوو بەبیانوی دەرکردنی یاسایەکی باشتر لەهەرێم .

وەلەڕووی یاسایی و واقعی ئێستاوە جگە لەو سزا ماددی یانەی چاودێری بازرگانی دەیسەپێنن کەبڕەکەی کەم و دیاریکراوە  زۆربەی ئەو کەسانەی کەئەو کارانە دەکەن وەک “ سەرپێچیکاری ڕێنمایی قەدەغەکردنی ئەو جۆرە خواردنانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت “ بەپێی ماددە “ 240 “ لەیاسای سزادانی عێراقی و وەک کەسانی سەرپێچیکار “ مخالف “ سەیر دەکرێن نەک کەسانی تاوانکار کە سزاکەی زیاتر نیە لە شەش مانگ بەندکرسن و سزایەکی ماددی “ غرامە “ کە زۆر جار تەنها بە غرامەکردن ڕزگار دەبن لە یاسا کەلەبنەمادا بۆ خەڵکانێکە سەرپێچی ڕێنمایی بکەن نەک ئەو تاوانە گەورانەی  ڕۆژانە دەیبینین و بەرامبەر هاوڵاتیان دەکرێت . ، چونکە خودی یاساکە سزاکەی ئەوەندەیە و بۆشایی یاسایی وایکردووە بەو ماددەیە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت و بەو ئاسانی یە لەیاسا ڕزگار بن .

لەبەر ئەوە کاتی ئەوەیە یاسایەک دەربکرێت کەسانی تاوانکاری لەوجۆرە بەسزایەک بگەیەنن یەکسان بێت بەو زیانە گەورانەی کەژیان و تەندروستی و مانەوەی هاوڵاتیانی دەدەن و خەڵکانی خستۆتە مەترسی گەورەوە .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن