57وتار

"بە بڕیاری مەسرور بارزانی!"

1/6/2024 2:36:00 PM
ڕێبین فەتاح

لەماوەی چوار ساڵی ڕابردووی کابینەکەی مەسرور بارزانی، یەکێک لە بەربڵاوترین دەربڕین و دەستەواژە بەکارهێنراوەکانی ناو ڕاگەیەندراوەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لێدوان و ڕاگەیەندراوەکانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم و پاشان میدیای پارتی بەگشتی، دەستەواژەی "بە بڕیاری مەسرور بارزانی"یە.

ئەو بە شەخسەنەکردنی هەرچی پڕۆژە و بڕیار و چالاکی جیاجیای حکوومەت و دامودەزگا فەرمییەکان هەیە، لە ژێر دوو کارتێکەری دیاریکراودایە؛

کارتێکەری یەکەم و سەرەکییان بریتییە لە موجامەلەکردنێکی بێتام و بێناوەڕۆک لە دەوروبەرەکەی مەسرور بارزانییەوە بۆ ناوبراو. ئەو دەوروبەرە کە ڕووئیا و تێگەیشتنێکی بۆ کارەکەی خۆی و حکوومەت نییە، هەموو توانای خۆی لەو موجامەلە بێتام و بێناوەڕۆکە چڕکردووەتەوە. ئەوان کە نازانن، ناتوانن و لێهاتووییەکی ئەوتۆیان نییە بۆ پێشکەشکردنی هیچ سوود و خزمەتگوزارییەکی گشتی، ئەرکەکەیان بۆ خزمەتگوزارییەکی تایبەت و تاکەکەسی گۆڕیوە.

جێی سەرنجە، کە فەرمانگەی میدیا و زانیاری خۆی، بەشێکە لەو هەژاری و دەستکورتییە. فەرمانگەی میدیا و زانیاری، کە دەزگای (زمان)ی حکوومەتە و ئەرکەکەی لە بنەڕەتیدا بریتییە لە بەرهەمهێنانی گوتاری حکوومەت و ڕوونکردنەوە و گەیاندنی ڕووئیا، پەیام و بەرنامەی حکوومەت بە خەڵک، لەژێر کارتێکەری فەزای تیکتۆک و سناپچات و فەیسبووکدا، سەرقاڵی بەرهەمهێنانی هەزەلیاتە.

میدیای پارتی و میدیای نزیک لە مەسرور بارزانی، بە حوکمی زۆری و هەمەچەشنەیی بەرهەمەکانی، زەقتر نمایشی "بە بڕیاری مەسرور بارزانی" دەکات. بە ئەزموونی ڕۆژنامەوانی خۆم، ڕەنگە بێویژدانی نەبێت، ئەگەر بڵێم بێبەرهەمترین و بێڕووئیاترین میدیا لە هەرێمی کوردستاندا، میدیای پارتی و لەناویاندا میدیای نزیک لە مەسرور بارزانییە. بێبەرهەم لەڕووی توانای ئەو میدیایە، لە خزمەتکردن بە ئامانجەکەی، کە دیارە درووستکردنی پاڵپشتییە بۆ سپۆنسەرەکەی.

کارتێکەری دووەم، بریتییە لە کەمتوانایی و لاوازی حکوومەت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و لە وەڵامدانەوەی داخوازی و نیگەرانییەکانی خەڵک بەگشتی.

وەک بەرئەنجامی دەستکورتی حکوومەت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، پڕۆژە گەورە و گەشەپێدەرەکان، هەروەها وەک بەرئەنجامی کەمتوانایی لە وەڵامدانەوەی داخوازی و نیگەرانییە گشتییەکان، بەکارهێنەرانی ئەو دەستەواژەیە، بە خەیاڵی ڕەحەتی خۆیانەوە، دەیانەوێ گوایە وێنەیەکی ئەرێنی لە سەرۆکی حکوومەت نەک حکوومەت و کابینەکە، پیشان بدەن.

کابینەکەی مەسرور بارزانی، هاوکاتە لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانە ئابووری و سیاسی و ئەمنیییەکان، هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی گوشارەکانی بەغدا، تاران و ئەنقەڕە لەسەر هەرێم، هاوکاتە لەگەڵ قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی و دەیان کێشە و قەیرانی دیکە. وا دەردەکەوێت، کاریگەرتر لە هەمووان، چڕکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکەی بەغدا بێت لەسەر هەرێم، کە وا دەکات حکوومەت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆراندا بە تەواوەتی لاواز بێت.

لەناو ئەو بارودۆخە پڕ لە قەیران و ئاڵۆزییەدا، میدیای حکوومەت و میدیای پارتی و میدیای پاڵپشتیکراو لەلایەن خودی مەسرور بارزانی خۆی، کە کارامەیی و لێهاتووییەکەی، بەشی ڕوونکردنەوە و خستنەڕووی دۆخ و واقیعە قەیراناوییەکە وەک خۆی ناکات، ئەمیش ئەرکەی لە موجامەلەکردنی بێتام و بێناوەڕۆکی سەرۆکی حکوومەتدا کورت کردووەتەوە.

ئەو میدیایە لە موخاتەبەکردنی ڕای گشتی و خەڵکی کوردستاندا، بەشی ئەوەندە کارامەیی و لێهاتوویی نییە، پێمان بڵێ چۆن و بۆچی و لەبەرچی پڕۆژە گەورەکان، هەنگاوی خێرا و کرداری بۆ وەڵامدانەوەی داخوازی و نیگەرانییە گشتییەکان لەئارادا نین، لە بەرانبەردا خەریکی بچووک بەگەورەکردنە. دەیەوێ شتە بچووکەکانی ناو دنیای بەڕێوەبردن و حوکمڕانیمان بە زۆر گەورە پیشان بدات، لەکاتێکدا ئەو بڕیار و چالاکییانە، کە بەگشتی بەناوی سەرۆکی حکوومەتەوە دەکرێن، تینویەتی کەمینەیەکی زۆر کەمیش ناشکێنن. ئا لێرەدا، لەو گرێدانەی مەسرور بارزانی و شتە بچووکەکاندا، لەبری ئەوەی سوودبەخشی درووست بکەن، زیانگەیەنەرن.

لەو دۆخەدا، مەسرور بارزانی وەک ئەندازیاری شتە گچکەکان، داڕێژەر و درووستکەری بڕیارە لاوەکییەکان نمایش دەکرێت.

ئەمڕۆ کە لە نیوەی هەرێمی کوردستاندا بەهۆی بایکۆت و ناڕەزایەتی مامۆستایانەوە، دەوام ناکرێت و دەیان هەزار قوتابی لە وەرزی یەکەمی خوێندن بێبەش بوونە، ئەمڕۆ کە مووچەخۆران هێشتا مووچەی سێ مانگی ساڵی ڕابردوویان وەرنەگرتووە، ئەمڕۆ کە درۆنی ئێرانی و تورکی گڕ گڕ بەملا و گڕ گڕ بەولامان پێدەکەن، ئەمڕۆ کە بەغدا تا بینەقاقا دەستی لە گەروومان ناوە، ئەمڕۆ کە دادگەی فیدڕاڵی سەنگەری لە هەرێم گرتووە و تا پەرلەمانەکەیشی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەمڕۆ کە هەمان دادگە دەستی دەستی بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە دەکات و ژێرخانی یاسایی هەرێمێکی لەبەریەکهەڵوەشاندووەتەوە، ئەمڕۆ کە خەریکە دەبێتە ساڵ هەناردە و فرۆشی نەوتی کوردستان ڕاگیراوە، میدیای پارتی و حکوومەت پێمان دەڵێ: بە بڕیاری مەسرور بارزانی ١٠ سەموون کرایە هەزار دینار!

خەڵک خۆڕاگرە یان سەرۆکوەزیران؟!
کابینەکەی مەسرور بارزانی لە قۆناغێکی تەواو نائاساییدا هاتووە. لەناو هەموو ئەو قەیران و ئاڵۆزییانەدا، ئەگەر بڵێم مەسرور بارزانی لەژێر گوشاردا نییە و موڕتاح لێی پاڵداوەتەوە، قیچەک بێویژدانی تێدایە.

بایکۆتکردنی دەوام و خوێندن لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ناوچەکانی دیکە، یەکێک لە کێشە جددییەکانی ئەمساڵی خوێندن بوو، کە هاوکات کاریگەری نەرێنی لەسەر کابینەکە درووستکردووە.

مەسرور بارزانی خۆی لە زۆرینەی ئەو گوتار و لێدوانانەی گرێدراو بە بواری خوێندن و مامۆستایان و دۆخی فەرمانبەران بەگشتی پێشکەشی دەکردن، کاتێک ناتوانێت کێشەی ماددییان چارەسەر بکات، هەوڵدەدات بە سوپاسکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران، هەرنا لەڕووی مەعنەوییەوە پێیان بڵێ، حکوومەت ڕێز لە ئیرادە و ماندووبوونتان دەگرێت، لەبەرئەوە لە زۆرینەی گوتارەکاندا، دەستەواژەی "سوپاسی خۆڕاگری مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەم/دەکەین" دووبارە دەبێتەوە. ئەو دەربڕینە، گیرفانی مووچەخۆران گەرم ناکاتەوە، بەڵام وەک پاڵپشتییەکی مەعنەوی، لە پڕۆسەیەکی ئیرادەسازیدا-کە زۆر گرنگە بۆ ئەم دۆخە- بەشدار دەبێت.

لەو دۆخەدا، خەڵک و بەتایبەت توێژی مووچەخۆران پێویستیان بە پیشاندانی ڕێز و بەرزڕاگرتنی لەخۆبردوویی و نرخاندنی خۆڕاگرییان هەیە. دەربڕینەکەی مەسرور بارزانیش خزمەت بەو ئامانجە دەکات.

ئیجا چی؟
"سەناعەتکارانی موجامەلە" لە میدیای حکوومەت و میدیای پارتی و میدیای پاڵپشتیکراو لەلایەن خودی مەسرور بارزانی، بەهۆی نەبوونی کارامەیی و لێهاتووییانەوە، لە کۆدێتایەکدا، خۆڕاگرییەک کە تەنیا بە گرێدانی بە مامۆستایان، فەرمانبەران و خەڵکەوە سوودی بۆ حکوومەت و خودی مەسرور بارزانی دەبوو، دزییان و خەڵكێکی خۆڕاگریان کرد بە سەرۆکوەزیرانێکی خۆڕاگر!

پێویست ناکات، جارێکی دیکە ئەو ئەرک و کارکردە ڕوون بکەمەوە کە لە دەربڕینی "خۆڕاگریی خەڵک"، یان "خۆڕاگری مامۆستایان و فەرمانبەران"دا هەیە، بەڵام بەڕاستی ئەرک و کارکردنی دەستەواژەی "سەرۆکوەزیرانێکی خۆڕاگر" چییە؟!

لێکەوتەکانی نەرێنییەکانی ئەو دەربڕینە، لەپانتایی کۆمەڵایەتی و ڕای گشتیدا، بەسە بۆ دەستنیشانکردنی ئەرکەکەی، کە بریتی بوو لە زیادکردنی توڕەیی و نیگەرانی خەڵک بەرانبەر بە خودی سەرۆکوەزیران! کاتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، وەک کەرەستەیەکی جێی پێکەنین و گاڵتەکردن مامەڵەی لەگەڵ کرا/دەکرێت. 

ئەوها، میدیای پارتی و میدیای پاڵپشتیکراو لەلایەن خودی سەرۆکوەزیرانەوە، چەک و کەرستەیەک بەرهەم دەهێنێت، کە سوودی بۆ حکوومەت و سەرۆکەکەی نییە، بەڵکوو چەکێکە تەنیا بە دژی حکوومەت و سەرۆکەکەی تەقە دەکات!

لە ناو ئەو فەزا دەروونی و سایکۆلۆژییە گشتییەی هەیە، ڕێزنەگرتن لە خۆڕاگریی و لەخۆبردوویی خەڵک و گۆڕینی بۆ میدالیایەکی بێکەڵک بۆ بەرۆکی سەرۆکوەزیران، کارتێکەرییەکەی لە سەر خەڵک، شێوەیەکی هەراسانکردنە. خەڵک دەزانن ئەوە ئەوانن پێویستیان بە نرخاندنی خۆڕاگری و لەخۆبردووییان هەیە، بەڵام کە مووچەیان نادرێت، لە کەسێتیشیان کەم دەکرێتەوە. ئەوە بریتییە لە هەراسانکردنی هەراسانکراوان!

کاتێک خەڵک متمانەی لەدەستداوە و پێی وایە ئەوە حکوومەتی هەرێمە هۆی نەدانی مووچەکەی، بەڵکوو دزینی مووچەکەی، ئێستا دوای دزینی بەها مەوعنەوییەکەیشی، کە زۆر بەڕوونی دەیبینێت و هەستی پێدەکات، هەر بە تەواوەتی هەقی خۆیەتی، های دز های دز لە حکوومەتی هەرێم بکات!

بەڕاست مەسرور بارزانی پێویستی بە زیاتر هەراسانکردنی خەڵک هەیە؟!

ئینجا باوەڕ بفەرموون، "بە بڕیاری مەسرور بارزانی" هیچ سوودی لۆ مەسرور بارزانی نییە، خۆڕاگرییەکەش هەر خراپتر.

میدیا، بەبێ هەبوونی ڕووئیا، ڕیزکردنی وشە بەبێ تێگەیشتن، نابێتە گوتار و دەبێت بە هاشوهووش. درووستکردنی هاشوهووش، بەخۆی هیچ سوودی نییە، بەس ئەگەر هەشیبێ، قەت بۆ لایەنی حوکمڕانی نابێت، چونکە وەک ئەنجام و لێکەوت لە پانتایی کۆمەڵگەدا، هاشوهووش شێواوی و بێسەروبەری بەرهەم دەهێنێت. بەرژەوەندی حوکمڕان لەگەڵ سەقامگیرییە، نەک پشێوی و بێسەروبەری.

ئەنگۆ لە زیاتر توڕەکردنی خەڵک، لە زیاتر نائومێدکردن، لە زیاتر بێڕێزیکردن بە خەڵک و فرەوانترکردنی بۆشایی متمانە لە نێوان خەڵک و دەسەڵات بەگشتی تێر نەبوون؟!

- ئەو بابەتە، قسەی زۆر هەڵدەگرێت، ڕەهەندی زۆر گرنگ و تایبەتی هەیە، ئەمن هەر بەخێرایی هەندەک سەرنجم لەسەر داوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن