نه‌وت له دیدگا‌ی نه‌وشیروان مسته‌فادا
6/26/2019 5:25:00 PM
ڕێبین فەتاح
ڕێبین فه‌تاح*
له ساڵانی سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕینی ١٩٩١ه‌وه تائێستا، دۆسیه‌ی نه‌وت لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستانی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی دژ‌و پشتیواندا دابه‌شكردووه‌و ئه‌وه‌ش له سه‌رجه‌م قۆناغه‌كاندا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌و ساڵانه‌ی دواییدا دۆسیه‌ی نه‌وت زۆرترین به‌كارهێنانی له ململانێ سیاسییه‌كانی ناوخۆدا هه‌بووه‌و هه‌یه. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه خستنه‌ڕووی دیدگا‌ی كاره‌كته‌رێكی وه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ نه‌وت، هه‌م په‌یوه‌ستە به خودی ململانێیه‌كه‌و هه‌م بۆ ئه‌و توێژه‌رانه‌ی له‌و بواره‌دا كارده‌كه‌ن، گرنگی خۆی هه‌یه.
ده‌توانین دیدگا‌و خوێندنه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ دۆسیه‌ی نه‌وتی كوردستان به‌سه‌ر سێ لایه‌نی سه‌ره‌كییدا دابه‌ش بكه‌ین، كه خۆی له پشتیوانی له بیرۆكه‌ی ده‌رهێنانی نه‌وت، ده‌سه‌ڵاتی كورد به‌سه‌ر نه‌وت‌و به‌كارهێنانی داهاتی نه‌وت له بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخان‌و له‌پێناو خه‌ڵكدا ده‌بینێته‌وه. ئه‌و دیدگا‌یه‌ش هه‌ر له‌پاش پێكهێنانی یه‌كه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه تا دوا قۆناغه‌كانی ژیانی سیاسی نه‌وشیروان مسته‌فا درێژ ده‌بێته‌وه.
نه‌وشیروان مسته‌فا پێیوابوو سامانه سروشتییه‌كانی وه‌ك نه‌وت‌و كانزاكان یه‌كێك له سه‌رچاوه‌كانی داهاتی كوردستان پێكدێنن، ئه‌و له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانداو له پاش پێكهێنانی یه‌كه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم پێشنیازی ده‌رهێنانی نه‌وت‌و كانزاكان ده‌كات‌و له‌و زنجیره وتاره‌ی له حوزه‌یرانی ساڵی ١٩٩٢ له ڕۆژنامه‌ی (كوردستانی نوێ) بڵاویان ده‌كاته‌وه؛ به‌ئه‌ركی حكومه‌تی ده‌زانێ كۆمپانیاكان هانبدات به‌مه‌به‌ستی به‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه‌ی بیانی له ده‌رهێنانی نه‌وت‌و كانزاكانی كوردستاندا‌و ئه‌وه‌ش وه‌ك ده‌رفه‌تێك بۆ بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری كوردستان‌و سه‌رچاوه‌یه‌كی داهات داده‌نێ(١).
كاتێكیش كوردستان ده‌كه‌وێته قۆناغی دووئیداره‌ییه‌وه، جارێكی تر نه‌وشیروان مسته‌فا پێداگیری له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی نه‌وت‌و هه‌ڵكه‌ندنی بیری دیكه‌ی نه‌وت له ناوچه‌ی شیواشۆك ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی بۆ (ئه‌نجومه‌نی پلاندانان) به‌هاوكاری ژماره‌یه‌ك پسپۆڕ‌و شاره‌زا ئاماده‌ی كردووه(٢)
له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان له‌هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر به‌غدا بۆ سه‌ر دوو به‌ره‌و ئاراسته‌ی دژ‌و ناكۆك دابه‌ش ده‌بن، ئاراسته‌ی یه‌كه‌م كه یه‌كێتی نیشتمانی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد له‌و باوه‌ڕه‌دابوو؛ هه‌رێمی كوردستان له ڕێگه‌ی سوودوه‌رگرتن له نه‌وت‌و كانزاكان، به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی كارگه پیشه‌سازییه‌كان‌و ڕێكخستنی باج‌و ڕسومات‌و داهاته گومرگییه‌كان، ده‌توانێ پشت به‌خۆی ببه‌ستێتو له پاشكۆیه‌تی ئابووری‌و سیاسی عێراق ده‌ربازی ببێ. له‌كاتێكدا به‌ره‌ی دووه‌م پێی وا بوو؛ كوردستان له‌ڕووی ئابوورییه‌وه ناتوانێ پشت به‌خۆی ببه‌ستێتو وڵاتانی ناوچه‌كه‌یش پشتیوانی له سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ناكه‌ن، ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه كه له‌لایه‌ن پارتی دیموكراته‌وه خاوه‌ندارێتی ده‌كرا، پاڵنه‌رێكی به‌هێز بوو تا حزبه‌كه ڕوو له به‌غداو پشت له هه‌ولێر هه‌نگاو بنێت.
كاره‌كته‌رێكی وه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ناو یه‌كێتی نیشتمانیدا، به‌و ئاراسته‌یه بیری ده‌كرده‌وه كه نه‌وت ده‌كرێت ببێ به سه‌رچاوه‌یه‌كی داهات بۆ حكومه‌تی هه‌رێم‌و هه‌میش به هه‌ستكردن به‌و ڕاستییه‌ی كه به‌عس‌و ڕژێمه‌كانی پێشووی عێراقی له ڕێگه‌ی نه‌وتی كوردستانه‌وه، هه‌وڵی دامركاندنه‌وه‌ی شۆڕشی گه‌لی كوردستان‌و پته‌وكردنی بناغه‌ی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ركه‌زی‌و دیكتاتۆریی دژه‌كوردیان له عێراق كردووه، خوازیاری ئه‌وه بوو كورد ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر نه‌وتی خۆیدا هه‌بێت.(٣)
ڕاستییه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له زۆر ده‌رفه‌ت‌و بۆنه‌دا ئاماژه‌ی به هۆكاره‌كانی مكوڕبوونی حكومه‌ته‌كانی عێراق له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنێكی مه‌ركه‌زییانه‌ی نه‌وت له‌لایه‌ن به‌غداوه كردووه‌ته‌وه، له دانوستانی یه‌كێتی-به‌عس له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، له دانوستانی به‌ره‌ی كوردستانی-به‌عس له ١٩٩١دا و له قۆناغی پاش ٢٠٠٣ و نوسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقدا، كه نه‌وشیروان مسته‌فا خۆی به‌شداری دانوستان‌و شایه‌دحاڵێكی ناو ڕووداوه‌كانه، ئه‌و ڕاستییه مێژووییه تۆمار ده‌كات كه هه‌ڵوێستی حكومه‌ته‌كانی به‌غدا له‌مه‌ڕ دۆسیه‌ی نه‌وتی كوردستان هاوشێوه بووه‌و ته‌نانه‌ت له‌پاش زه‌قبوونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم‌و به‌غدا له ساڵی ٢٠٠٧دا، كه تێیدا شه‌هرستانی ده‌بێ به ڕه‌مزی دژایه‌تی دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، نه‌وشیروان مسته‌فا ڕاشكاوانه ده‌ڵێ؛ “شه‌هرستانی به‌هه‌مان عه‌قڵیه‌تی شۆڤێنی نه‌ته‌وه په‌رسته‌كانی عه‌ره‌بی سه‌رده‌می حوكمی مه‌له‌كی‌و جمهوری عێراق بیر ده‌كاته‌وه“(٤).
لێره‌وه دیدگا‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا په‌یوه‌ست به‌ململانێیه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم‌و عێراق له دۆسیه‌ی نه‌وتدا، ئاراسته‌یه‌كی كوردستانییانه وه‌رده‌گرێت، كه پێداگیرییه له‌سه‌ر پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێم له‌به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رتی نه‌وتدا، به‌شێوه‌یه‌ك كه پاش ئیمزاكرنی گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت‌و ده‌ركردنی یاسای نه‌وت‌و گازی كوردستان ده‌ڵێ؛ “گرێبه‌سته‌كانی ئیمزاكراون‌و قانوونی نه‌وت‌و غازی كوردستان هه‌رچی به‌ندوباوێكی به‌دواوه بێ و هه‌رچی تانه‌یه‌كی لێ بدرێ، هه‌رچی قسه‌وباسێكیان له‌سه‌ر بكرێ، هێشتا به‌هه‌نگاوێكی زۆر گرنگ داده‌نرێ له‌بواری كه‌ڵكوه‌رگرتن له سامانی سروشتی كوردستان‌و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریداو له‌بواری دابینكردنی پێویستیه ژیانیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستاندا به‌تایبه‌تی سوته‌مه‌نی‌و كاره‌با”و دواتر پێداده‌گرێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی؛ “نابێ كورد به هیچ جۆرێ‌و له‌ژێر هیچ گوشارێكی ناوه‌كی‌و ده‌ره‌كیدا، ده‌ستهه‌ڵبگرێ له مافه‌كانی خۆی: مافی خۆ به‌خاوه‌نزانینی سه‌رچاوه سروشتییه‌كانی كوردستان-له‌وانه سه‌رچاوه‌كانی نه‌وت‌و گاز‌و ئاو، مافی به‌كارهێنان‌و وه‌به‌رهێنانی بۆ قازانجی خه‌ڵكی كوردستان. ئه‌مه ئۆباڵی مێژووییه له ئه‌ستۆی سه‌ركردایه‌تی كورددا”(٥).
له‌و دوو په‌ره‌گرافه له قسه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا، پێداگیری له‌سه‌ر دوو لایه‌نی دیاریكراو هه‌یه، یه‌كه‌م؛ پێداگیری له‌سه‌ر مافی به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه ده‌كاته‌وه، دووه‌م؛ پێداگیری له‌سه‌ر به‌كارهێنانی داهاتی نه‌وت له بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخان‌و پێداویستییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه.
راستییه‌كه‌ی له ساڵانی پاش پێكهێنانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان(٢٠٠٩) كه له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فاوه ڕێبه‌رایه‌تی ده‌كرا، نه‌بوونی شه‌فافیه‌ت له داهاتی نه‌وت‌و به‌كارهێنانی داهاته‌كه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی‌و بنه‌ماڵه‌یی‌و حزبیدا، یه‌كێك له ڕه‌خنه به‌رده‌وامه‌كانی بزوتنه‌وه‌كه بوو، ئه‌وه‌ش فشارێك بوو له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه چه‌ندینجار به‌رپرسانی كه‌رتی نه‌وت‌و به‌رپرسانی پارتی دیموكرات وه‌ك حزبی حوكمڕان، بزوتنه‌وه‌كه‌یان به‌وه تۆمه‌تبارده‌كرد كه دژی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی كوردستانه، له به‌رامبه‌ردا گۆڕان له‌زاری وته‌بێژه‌كه‌ی یان ڕاگه‌یه‌نراوی حزب‌و میدیاكه‌یدا تۆمه‌تباركردنی به دژایه‌تی به‌رهه‌مهێنان‌و فرۆشتنی نه‌وت ڕه‌تكردوه‌ته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵی ٢٠١٠ له زاری وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه ڕایگه‌یاند؛ “دژی ده‌رهێنان‌و فرۆشتنی نین، دژی شاردنه‌وه‌ی داهاته‌كه‌ین”.(٦).
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت له سه‌ره‌تای گه‌ڵاڵه‌كردنی بیرۆكه‌ی ده‌رهێنانی نه‌وت له نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، نه‌وشیروان مسته‌فا یه‌كێك له پشتیوانانی كرده‌نی كردنه‌وه‌ی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌یه‌و كاتێكیش ململانێ له‌سه‌ر نه‌وت له نێوان هه‌ولێرو به‌غدا زه‌ق ده‌بێته‌وه، ئه‌و پێداگیری له‌سه‌ر مافی هه‌رێم له به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت‌و گازه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه، له‌كاتێكدا حكومه‌تی هه‌رێم له به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رتی نه‌وتدا، ئه‌زمونێكی پڕ له هه‌ڵه‌و قه‌یران پێشكه‌ش ده‌كات، لێره‌وه ئه‌و، پێداگیری له‌سه‌ر شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت‌و داهاته‌كه‌ی ده‌كاته‌وه به‌و ئاراسته‌یه‌ی كه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی شه‌فاف‌و له‌پێناو بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی كوردستان بێ. هه‌ردوو لایه‌نه‌كه له دیدگا‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ نه‌وت، یه‌كتر ته‌واو ده‌كه‌ن یان ده‌شێت وه‌ك ته‌واوكه‌ری یه‌كتر لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكرێت، ئه‌و دیدگایه بۆ ئێستای هێزێكی وه‌ك گۆڕان كه خۆی به‌میراتگری نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌زانێ، ده‌گونجێت هه‌تا له ململانێی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا، هه‌ڵوێستی پشتیوانی له به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رتی نه‌وتی كوردستانی لێبكه‌وێته‌وه، به‌ڵام به‌مه‌رجی به‌رجه‌سته‌كردنه‌وه‌ی شه‌فافیه‌ت‌و به‌كارهێنانی داهاته‌كه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان.
* توێژه‌ر له ناوه‌ندی عێراقی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و شیكارییه سیاسییه‌كان
سه‌رچاوه‌كان؛
١. رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، ژماره ١١٢ی ساڵی یه‌كه‌م، ڕێككه‌وتی ٨ی حوزه‌یرانی ساڵی ١٩٩٢.
٢. نه‌وشیروان مسته‌فا، ئێمه و ئه‌وان ناكۆكییه‌كانمان له‌سه‌ر چین، چاپخانه‌ی زه‌رگه‌ته، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، ٢٠٠٩، لا؛ ٦٤ و ٧٠.
٣. نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، خولانه‌وه له‌ناو بازنه‌دا (دیوی ناوه‌وه‌ی ڕوداوه‌كانی كوردستانی عێراق ١٩٨٤-١٩٨٨)، ١٩٩٩.یان؛ نه‌وشیروان مسته‌فا، مفاوه‌زاتی به‌ره‌ی كوردستانی-به‌عس ١٩٩١، ئه‌لقه‌ی هه‌شته‌م، ئه‌رشیڤی ماڵپه‌ڕی سبه‌ی؛ https://archive.sbeiy.com
٤. نه‌وشیروان مسته‌فا، (كێشه‌ی نه‌وت؛ له‌نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندی و حكومه‌تی هه‌رێمدا)، ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه، ژماره ١٠٨ی ڕێككه‌وتی ٢٨ی تشرینی دووه‌می ٢٠٠٧.
٥.(كێشه‌ی نه‌وت؛ له‌نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندی و حكومه‌تی هه‌رێمدا)، هه‌مان سه‌رچاوه.
٦. ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه، ژماره ٥٩٦ی ڕێككه‌وتی ٢٤ی ئابی ٢٠١٠.