چەمینەوە و چەماندن
7/1/2024 12:10:00 PM
ستران عەبدوڵا
چەمینەوە و چەماندن
خۆی لە خۆیدا کێشە نییە.. ئەمە بابەتی پشت و و فەقەراتی پشتە.. وەکو چۆن ڕاستە و ڕادەبێتەوە، قیت قیت دەبێتەوە، ئاواش دەچەمێتەوە
و دایدەنوێنێتەوە. ئیتر ئەمە مەسەلەی کوردە و لە کورد قەوماوە. مەسەلەکە ئەمەیە بۆ
کێ و لە کۆێ و بۆچی دەچەمێیتەوە؟
بۆ بێگانە و ئەغیار
و نەیار، یان بۆ میللەتی خۆت و لە ناو جەماوەری خۆتدا؟
لەسەر ئەمە بوو
مام جەلال دەیوت : پشت بە خوای خۆمان، خەڵکی خۆمان و خودی خۆمان دەبەستین. میللەتی
خۆمانە و لەگەلی خۆمان بێ منەت نین.
بلا خۆ بچەمێنە،
شان ماچ بکا و قەسەم بە ریشش بخۆ، بەڵام هی بێگانە و ستەمکار و دیکتاتۆر نا کە مەعلومە خۆشیان بە خێری و خۆشی
میللەتەکەت نایە. هی میللەتی خۆت کە سیحری پەنهانی پێیە وەختێک موحتاجی وی دەبیت.
کاکە خۆ بچەمێنە
لە بەردەم ویستی میللەتەکەت وەختێ داوای موچەی لە وادەی خۆی و گوزەرانی شەرەفمەندانە
ترت لێ دەکا و کاتێ خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا و ئاوەدانی شایانی سێ دەیەی دوای راپەڕینی
پێویستە.
داینەوێنە
و لە جێی ئەفسانەی (هەژماری من) گوێ لە
هاواری من و ئەوانە و هەموومان بگرە کە پێش راپۆرتەکانی ئەمنستی و خارجیەی دونیا بە
کوردی و کرمانجی پێتدەڵێین گرتن و هەندێک
دادگای کەیسسازی و ستەمی سیاسیی دەستپێک و
سەرەتان بۆ نەمانی شەرعیەتی حوکمڕانی و سەرەتانێکن کە دوایی تەشەنە دەکا و تەنی هەموو نیشتمان دەگرێتەوە.
بۆ گەل بچەمێوە
و شانی ماچ بکە و بەریشی قەسەم بخۆ کە پێت
دەڵێ دانیشە و با بەشێنەیی حیکایەت و نەقلی هەموو خۆبەزلزانەکانت بۆ بگێڕمەوە وەختێک
دوای بێدەنگکردن و کپکردن و خەساندن ناچار
دەبیت بۆ بێگانە و داگیرکەرانی بسەلمێنی و بۆیانی بچەمێنیتەوە، چونکە هاکە لە تەنگانە و لە تەنیایی وەحشەتناکدا
زانیت چەند دوور کەوتویتەوە و چۆن پشتت نییە و بۆ پاڵپشتی خۆت مەرجی قورست لەسەرە.
ئاخر کە بۆ کۆمەڵانی
خەڵکی ناسەلمێنی و ماف و ئیستحقاقیان نادەیت و ئازادی و خواست و خەیاڵیان زەوت دەکەی،
دوای دەخەی و پێچە بە دەورەی تیا دەکەیت، ئێ مەعلومە لێت تەوەللا دەبن و رەواییت دەخەنە
ژێر پرسیارەو، ئێ مەعلومە سەرەنجام بۆ رەوایی
بە دوای پشت و پەناوە دەبیت و دەچەمێیتەوە و سیناریۆسازی جارانی دەکەیت. ئێ مەعلومە
کورد دەریای نییە تا وەکی کابرا شەتولعەرەبەکەی بفرۆشی و دیزاینی نەوتیش وا شەمزاوە ماپەکەی ناچێتەوە سەر هیچ بەندەرێکی دۆست.
مەسەلە چەمین و
خۆ چەماندن نییە، وەڵلا هێزی رەسەن و خاکی و خاکەڕا ، کوردانە و خۆمانە چی لێ چاو
نییە بۆ گەلەکەی. بە چەمینیەشەوە.. یاخوا پشتی وا کە بۆ میللەتی خۆی دەچەمێتەوە هەر
پایەدار و تەندروست باش بێ و دەرەقەتی ئەم باری سەرشانە بێت. دەرەقەتی ئەم شەڕی ئیرادە
و ئەم ویستە کوردستانییە بێت .
دەرفەتە کە دوور
لە جیاکاری نیشتمانی و دوور لە جیاوازی کۆمەڵایەتی
کە ئێستا وا زەق بۆتەوە خەریکە ئاشتی کۆمەڵایتیش تێکدەدا ، بۆ گەلی خۆت، بۆ ڕا و ئیرادەی
گەلی خۆت بێیتە سەر خەت و داینەوێنی، رازی بکەیت و نازی بکێشی و ماملێ وتەنی (بەردی
بۆ هەڵبگری بە شانان) دەرفەتە لە عینادی بۆش و بەتاڵ بێیتە خوارەوە و کەمێک لە نرخی لوتبەرزی دایشکێنی.
وا بکەیت رووسوری
دونیا و قیامەتی و ئینجا سەربەرزی ناو دەوڵەتانی و حاکمی تا قیامەتی ناو وڵات و مەملەکەتی خۆتی.
گەلەکەت گەلێکە
قوربانیدەر و شەهیدپەروەرە ، شایانی زۆر لەوە زیاترە کە چۆر چۆڕی بدەیتێ . گەلەکەت سەبری زۆرە و ترسی کەم.. بۆی بسەلمێنە تا تەفویزت بداتێ و گرێبەستەکەت بۆ
نوێ بکاتەوە.تا هەرێمەکەت بپارێزێ و چاوی تەماعی بێگانەی لێ دوور بخاتەوە.
ئەم نرخە بە
دروای خۆماڵیە و هەرزانترە تا نرخی گەورەی
خەرجی بێگانان کە بە دراوی قورس و گرانە،
پێت ناکرێ و قەرزاری بازاڕی بێ رەحمانەت دەکات.