24وتار

نەرجسیەتی شاراوە یان نهێنی کامانەن؟

6/30/2024 2:39:00 PM
ئارام سەعید

دوو جۆر مرۆڤی خودشەیدا هەیە یەکەمیان ئەوانەن کە راشکاون و راستەوخۆ پێیانەوە دیارە ئەوپێناسانە دەیانگریتەوە کە پێشتر باسمان کردن، کەزۆر رۆدەچنە ناوخۆیانەوە و لەخۆڕازین، بەئاشکرا دەبینرێت کەچەند گرنگی بەخودی خۆی دەدات، لەهەمان کاتدا لەناوەوەی خۆی هەست بەئارامی و ئاسایش ناکات. 

دووەمیان نەرجسیەتی شەرمن یان نهێنی هەیە کەزۆرتر رۆدەچێتە ناوەوەی خۆیی و زۆرتر شیواوی کەسایەتی نەرجسی هەیە، ئەویش هەمان هەست بە نائارامی هەیە وەک خودشەیدای ئاشکرا، زۆربەی کات گرنگی زیاد لەپێویست دەدات بەوەی گرنگی پێ بدەن. 

 

لەکاتێکدا هەردوو جۆرەکە لەزۆر هەڵسوکەوتدا لەیەک دەچن بەڵام جیاوازیەکەیان ئەوەیە کاتێک دەچیتە لای نەرجسیەکی ئاشکرا هەرزوو هەست بەوە دەکەیت کەسیفاتەکانی نەرجسی تێدایە، بەدەنگی بەرز دەزانی ئەوان دوژمنکارانە هەلسوکەوت دەکەن، بەڵام نەرجسی شاراوە وەک ئەوەیە فرۆکەیەک بەسەر رادارێکدا بروات بەبێ ئەوەی رادارەکە پێی بزانێت، رەنگە ساڵانێکی زۆر بیناسیت وهێشتا هەست بەو سیفاتانەی نەکەیت و پێی نەزانیت، ئەمەش کارێک دەکات خودشەیدای شاراوەو شەرمن زۆر ترسناکتر بن لەوانەی ئاشکران و هەڵکردن لەگەڵیان کاریکی قورسە. 

 

ئەگەر ئەوە بەنمونە وەربگرین چۆن رووبەروی تورەبوون دەبێتەوە لەنەرجسیەتی ئاشکرادا دەبینین گوزارشت لە تورەبونەکەی دەکات و پیوەی دیارە ودەزانیت چەند دوژمنکارانەیە. نەرجسی شاراوە تورەیەکەی لەناوەوە دەهێڵێتەوە و نایبینی بەڵام لەهەلسوکەوتدا دەردەکەویت واتە گوزارشتی لێناکات بەڵکو دەیکات. هەربۆیە خودشەیدای شاراوە لەتۆڵەکردنەوەدا ترسناکترن لەبەرئەوەی هەستە راستەقینەکانیان دەشارنەوە و دەرینابڕن.   

 

کاتێک تۆ نازانیت ئەو خودشەیدا شاراوەیە کێشەی هەیە ئیتر ناتوانی ئیدارەی ئەو پەیوەندیە بدەیت کە لەگەڵی هەتە، چونکە بەدەگمەن کارە نێگەتیڤەکانی دەبینیت و هەمووی نهێنیە. لەمبارەیەوە پزیشکێکی پسپۆر دەڵێت" نەرجسی شاراوە هەست ناکەن بەوەی هیچ هەڵەیان کردوە، بەردەوام پێیان وایە ئەوانی تر تێیان ناگەن" 

 

ئاشکراکردنی نەرجسی شاراوە کارێکی سەختە، ئەو پزیشکە دەڵیت" هەمیشە دەرچەیەک دەدۆزنەوە بۆدەرچون لە هەلسوکەوتانەی دەیکەن، لەوانەیە کاتێک توڕەییەکیان دەبینیت بڵێن من ئەمڕۆ رۆژێکی سەختم هەبوە، کەلەراستیدا وانیە، کاتێک ئاشکرا دەبن کە دەمامکەکانیان نامێنێ و تورەیی نەرجسیان دەردەکەوێت" 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن