توانستەکانی سەدەی بیست و یەکەم و پەروەردە لە هەرێمی کوردستان: ئاوات و ئاڵەنگارییەکان
7/20/2024 11:35:00 AM
د. بەهمەن جەبار
لەگەڵ پەرەسەندنی
خێرای جیهاندا، توانستەکانی سەدەی بیست و یەکەم گرنگییان زیاتر دەبێت، ئەویش بەوەی
جەخت لەسەر پێویستی سیستەمێکی پەروەردەیی دەکاتەوە کە قوتابیان و خوێندکاران بەو
کارامەیی و توانستانە تەیاربکات کە پێویستن بۆ سەرکەوتن لە جیهانی مۆدێرندا و هەروەها
ئامرازی پێویستیان پێبدات بۆ بەرەپێشچوون.
لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان دانی بەم پێویستییەدا ناوە و دەنێت، و ئاواتەخوازە
ستراتیژییە پەروەردەییەکانی خۆی ڕێکبخاتەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاریگەر ئەم لێهاتوویی و توانستانە بە سیستەمی پەروەردەیی
خۆی تێکەڵ بکات و بگونجێنێت، چەند ئاڵەنگارییەک هەن کە ڕێگری لە پێشکەوتنەکانی پەروەردە
لە کوردستاندا دەکەن و پێویستە کار بۆ لابردنیان بکرێت.
توانستەکان لە سەدەی
بیست و یەکەمدا:
توانستەکانی سەدەی
بیست و یەکەم دەتوانرێت لە سێ بواردا پۆلێن بکرێن:
١. کارامەیی و توانستەکانی فێربوون و داهێنان:
بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، چارەسەرکردنی کێشەکان، فێربوون و داهێنان زۆر گرنگن بۆ ئەوەی
قوتابی و خوێندکاران لە ژینگەیەکی چڕ و دەوڵەمەند بە زانیاریدا بڕۆن و سەرکەوتوو
بن.
٢. کارامەیی و توانستەکانی زانیاری، میدیا
و تەکنەلۆژیا: شارەزایی لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، تێگەیشتن لە میدیا و بەڕێوەبردنی
زانیاری بە شێوەیەکی کاریگەر لە سەردەمی دیجیتاڵی ئەمڕۆدا زۆر گرنگن، ئەمانەش
کولتوری دیجیتاڵی، کولتوری میدیا و کولتوری زانیاری دەگرنەوە.
٣. کارامەیی و توانستەکانی ژیان و کار:
توانست و لێهاتووییەکانی وەک نەرمی، گونجاندن، دەستپێشخەری، خۆئاڕاستەکردن، کارامەیی
کۆمەڵایەتی، هۆشیاری کولتووری، سەرکردایەتیکردن و بەرپرسیارێتی، خوێندکاران ئامادە
دەکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخە جۆراوجۆرەکانی ژیان و تەحەددیاتی کارکردن.
ئاڵەنگارییەکانی
هاوتەریبکردنی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ توانستەکانی سەدەی بیست و یەکەم:
سەرەڕای ئاوات و
هیواکان بۆ باشتربوون، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە لە هاوتەریبکردنی
سیستەمی پەروەردەی لەگەڵ ئەم توانست و لیهاتوویانەی سەدەی بیست و یەکەمدا، کە دەتوانین
لەم چەند خاڵەدا چڕیان بکەینەوە:
• بەستنەوەی پەروەردە
بە تەکنەلۆژیاوە: زۆرێک لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان ژێرخانی تەکنەلۆژیای پێویستیان
نییە. نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە ئامراز و سەرچاوە دیجیتاڵییە مۆدێرنەکان ڕێگری دەکات
لە توانای فێرکردن و فێربوونی کارامەییە دیجیتاڵیە سەرەکییەکان.
• بەڕێوەبردنی
قوتابخانە: لە زۆرێک لە قوتابخانەکاندا بەڕێوەبردنی خراپ هەیە، کە ئەمەش خۆی لە ناتەواوی خزمەتگوزاری و بینا و ئامێر و کەمی سەرچاوە
و نەبوونی پلان و ڕێکخستنی سیستماتیکیدا دەبینێتەوە، ئەمانەش بەشێوەیەکی گشتی سەرتاپای
کوالیتی پەروەردە تێکدەدات.
• پەرەپێدانی مامۆستا:
گەشەپێدانی پیشەیی بۆ مامۆستایان زۆرجار بە خراپی بەڕێوەدەبرێت. کەمی ڕاهێنان و
پشتگیری بەردەوام هەیە بۆ یارمەتیدانی مامۆستایان بۆ فێرکردنی کارامەییەکانی سەدەی
بیست و یەکەم بە شێوەیەکی کاریگەر. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی لە نێوان
ئامانجە پەروەردەییەکان و شێوازە ڕاستەقینەکانی وانەوتنەوە.
• ستانداردکردن و
گونجان: لە سیستەمی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا، ستانداردەکان لەگەڵ ستانداردە
نێودەوڵەتییەکان (ISO) نەگونجێنراوە
و کەمی تێگەیشتن و بێئاگایی لە بەئاگابوون لە ستانداردە جیهانیەکانی پێوە دیارە. هەر
بۆیە ئەمەش دەبێتە هۆی و (بووەتە هۆی) ناتەبایی لە کوالیتی پەروەردە و بوونی کێشە
لە پێوانەکردن و باشترکردنی دەرئەنجامە پەروەردەییەکان.
• مەحسوبیەت، مەنسوبیەت،
ناپیشەییبوون: خزمایەتی و ناسیاوی و حزبایەتی و ناپیشەییبوون کێشەی گەورەن کە ڕێگرن
لە پێشکەوتنی سیستەمی پەروەردە. زۆرجار پۆستەکان لەسەر بنەمای پەیوەندییەکان پڕدەکرێنەوە
نەک شایستەیی، ئەمەش دەبێتە هۆی ناکارایی و نەبوونی لێپرسینەوە.
بۆ زاڵبوون بەسەر
ئەم تەحەددایانە و هاوتەریبی ڕاستەقینەی سیستەمی پەروەردە لەگەڵ توانست و لێهاتووییەکانی
سەدەی بیست و یەکەم، هەرێمی کوردستان پێویستی بە جێبەجێکردنی چەند ستراتیژییەکی سەرەکی
هەیە:
• دابینکردنی
ئامرازەکانی تەکنەلۆژیا و ICT لە
هەموو قوتابخانەکاندا: وەبەرهێنانی بەرچاو لە ژێرخانی تەکنەلۆژیادا زۆر گرنگە. پێویستە
قوتابخانەکان بە ئامرازی دیجیتاڵی مۆدێرن تەیار بکرێن، هەروەها پێویستە خوێندکاران
دەستیان بە ئینتەرنێت و سەرچاوەی دیکە بگات کە پشتگیری فێربوونی دیجیتاڵی دەکەن.
• باشترکردنی شێوازەکانی
بەڕێوەبردن: بەڕێوەبردن دەبێت بە شێوەی خولی بێت بۆ ئەوەی بەڕێوەبەر یان بەرپرس بۆ
ماوەیەکی زۆر لە پۆستەکەیدا نەمێنێتەوە. پێویستە بڕگەکانی سیستمی قوتابخانەکان لە
هەرێمی کوردستان لە هەموو پۆستەکاندا جێبەجێ بکرێت و دەرفەت بۆ کەسانی خاوەن لێهاتوویی
بەرز لەبەردەستدا بێت بۆ ئەوەی ئەو بەرپرسیارێتیانە لە ئەستۆ بگرن و پێشڕەوی بکەن.
• بەهێزکردنی ڕاهێنانی
مامۆستایان: پێویستە گەشەپێدانی پیشەیی مامۆستایان لە دەستی کەسانی پسپۆڕ و سەرپەرشتیار
و کەسانی خاوەن لێهاتوویی بەرزدا بێت. ئەم بەرنامانە پێویستە سەرنجیان لەسەر شێوازەکانی
فێرکردنی مۆدێرن، کولتوری دیجیتاڵی و تەکنیکەکانی بەڕێوەبردنی پۆل بێت کە هاندەری
فێربوونی چالاکن.
• دانانی ستاندارد
و لێپرسینەوە: ستانداردەکان دەبێت لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان هاوتەریب بن بۆ
دڵنیابوون لە یەکدەنگی و کوالیتی لە سەرانسەری سیستەمی پەروەردەدا. پێویستە سەرپەرشتی
و سەردانی خولیی ئەنجام بدرێت بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون بەم ستانداردانە.
• کۆتاییهێنان بە
مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و هێنانەپێشەوەی پیشەییبوون: چارەسەرکردنی پرسەکانی خزمایەتی
و هاندانی پیشەیی لە ناو سیستەمی پەروەردەدا زۆر گرنگە. پۆستەکان دەبێت بەپێی شایستەیی
پڕبکرێنەوە، هەروەها ڕێکارەکانی لێپرسینەوەش دابنرێن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەموو
ئەکتەرەکان پابەندن بە ئامانجە پەروەردەییەکان.
لە کاتێکدا هەرێمی
کوردستان ئاواتەخوازە سیستەمی پەروەردەی خۆی لەگەڵ توانست و لێهاتووییەکانی سەدەی
بیست و یەکەمدا هاوتەریب بکات، بەڵام ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبێتەوە کە پێویستە
چارەسەر بکرێن. هەرێمی کوردستان بە وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیا و باشترکردنی پراکتیکەکانی
بەڕێوەبردن و بەرزکردنەوەی ڕاهێنانی مامۆستایان و دامەزراندنی ستانداردەکان و بەرەوپێشبردنی
شایستەیی، دەتوانێت ئەو ئاستەنگانە تێپەڕێنێت و دڵنیابێت لە ئامادەکارییەکی باشی
قوتابی و خوێندکارەکانی بۆ داواکارییەکانی جیهانی مۆدێرن.
گەشتی پەروەردەی
هەرێم بەرەو هاوئاهەنگی و هاوتەریبی لەگەڵ توانست و لێهاتووییەکانی سەدەی بیست و یەکەم
چالاک و کارایە، بەڵام پێویستی بە هەوڵی هاوبەش و پابەندبوون بە پێشکەوتنە و بەمەش
هەرێمی کوردستان دەتوانێت سیستەمی پەروەردەی خۆی بگۆڕێت و لاو و گەنجانی بەهێز بکات
بۆ ئەوەی ببنە سەرکردەی داهێنەر و شایستەی داهاتوو.