16وتار

خۆپیشاندان و بایکۆت و مانگرتن ئازادی ڕادەربڕینە

2/22/2025 11:38:00 AM
ئەحمەد هەورامی

لەگەڵ دروستبون و سەرهەڵدانی دەسەڵاتە حکومەتەکان لە مێژوودا خۆپیشاندان و بایکۆت و مانگرتن وەک میکانیزمێکی دەربڕینی نارەزایەتی بۆ گەیاندنی هەر پەیامێکی دیاری کراو سەری هەڵداوە، واتە ئەم نارەزایەتیە بە ئارەزووی ئەم و ئەو دروست نەبووە، بەڵکو کاردانەوەیەکی مێژووی سیاسەتی چینایەتی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی دەسەڵاتە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ڕوبەری ئازادی تاڕادەیەکی زۆر بەرتەسک کراوەتەوە ، ڕێکخراوە جەماوەرو پیشەییەکان یان لاوازن یان لەلایەن ڕژێمە تاکڕەوەکانەوە قۆرغ کراون، خەباتی جەماوەری و کۆمەڵایەتی پێویستی بە زیندووکردنەوە هەیە بە گەڕاندنە باوەربەڕێکخستن جەماوەر وەک ئامرازێکی بەهێز بۆ گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی.

نارەزایەتیەکان وەک بەشێک لەمافی ئازادی ڕادەربڕین بە مافی سروشتی بنەڕەتی دادەنرێت . ئەمەش وەک مافێک بە پێی بنەماکانی مافی مرۆڤ.

یەکێک لە سیمای دیموکراسی بوونی ئۆپۆزۆسێونە لە پرۆسەی سیاسی وڵاتدا ، چونکە ئۆپوزوسیۆن زەرورەتێکە بۆ زامن کردنی پرۆسەی دیموکراسی لە وڵاتدا، ئۆپۆزۆسیونێک کە ئازاد بێت لە ئەنجامدانی چالاکە سیاسیەکان لە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات لە هاندانی هاوڵاتیان بۆ ڕەتکردنەوەی بڕیارە ناپەسەندەکانی حکومەت و ڕەت کردنەوەی ئەو بابەتانەی بڕوایان پێیان نیە.

ئۆپوزوسیۆنی ڕاستەقینە بەقوربانی دان و نەفس درێژی لەسەر بەرگری بوێری بونیات دەنێ، نەک بە هەڵپەوەرگرتنی پۆست و پارە و ئیمتیاز.

خۆپیشاندان و بایکۆت و مانگرتن شێوازێکی
مەدەنیانەی ناتوندوتیژییە بۆ فشار خستنە سەر
 لایەنێک یان دەسەڵات بۆ بەدەست هێنانی ماف
 و داواکارییەکانیان.
بە پلان دانان و دیسپلین و جێبەجێ کردنی
ستراتیژی هەیە بۆ تەحدای سیستمە سیاسیەکان، بەدەست
هێنانی ڕەوایەتی خەبات دەبێ بزوتنەوە جەماوەرییەکان لە نارەزایەتی کاتیەوە بگۆڕن بۆ هێزی گۆڕانکاری.
دیسپلین پێویستیکی بنەڕەتیە بۆ خەباتی جەماوەری سەرکەوتو . ڕێکخستن نابێت ئارەزوومەندانە بێت، دەبێت کۆنکرێتی ئامادەکراوی سیستماتێک بێت.
سەرکەوتنی شێوازەکانی خەباتی ناڕازی پەیوەستە بە یەکڕیزی و بەردەوامی و ڕوونی ئامانجەکانی و پشتیوانی جەماوەر و توێژەکانی و ڕێکخستنی لوتکە.

لە کۆمەڵگەی مەدەنی بایکۆت هێمایە بۆ گەشە کۆمەڵگە و خەباتی مەدەنی و پێشکەوتنی وڵات . کاتێ (مهاتما غاندی) داوای لەگەلی هندستان کرد کەبایکۆد بە هەموو شێوازەکان بەرامبەر بەرتانیەکان بکەن وتی  ( بایکۆتی بەهێز چەکی ناتوندو تیژیە کە گەل دەتوانێت بەکاری بهێنێت).

بایکۆت بە شێوازەکانی (بایکۆتی ئابوری ، بایکۆتی کۆمەڵایەتی ، بایکۆتی دامەزراوەکان، بایکۆتی ڕاگەیاندنی میدیایی) کاریگەریان هەیە بۆ بەدەست هێنانی مافە زەوت کراوەکان و هەڵوێست وەرگرتنە لەسەر ستەم و پێشلکاریەکان .
وەک "نیلسون ماندیلا" دەڵێت (بایکۆت یەکێکە لە کاریگەرترین ڕێگاکان بۆ گۆڕانکاری بێ توندوتیژی).

ئەگەر بایکۆت لە ڕێرەوی دیسپلینی داڕێژراوی خۆی لابدات کاریگەری نەرێنی لێدەکەوێتەوە، وەک بایکۆتی مامۆستایان و پزیشکانی تەندروستی کە کار دەکاتە سەر پرۆسەی خوێندن و پارێزگاری ژیانی هاوڵاتیان، ئەمەش زیانی لەسەر کۆمەڵگە دەبێت لە ڕووی پێشکەوتنی زانستدا و کاریگەری لەسەر داهاتووی وڵات جێدەهێڵێت.

لەبەر ئەوە دەبێت بایکۆت ئامانجەکانی ڕوون
بن و داواکاریەکانی دیاری کراوبن لە پێناو
هێنانە دی مافەکانیان.
لەبارەی نارەزایی ڕەش پێستەکانی ئەموریکا
 (مارتن لۆسەرگینگ) وتویەتی.
(بایکۆت تەنها ئامرازێک نیە،
بەڵکو دەربڕینی ئیرادەی گەلە بۆ داد پەروەری).

لە هەرێمی کوردستاندا سەرەکترین نارەزایی و بایکۆت و مانگرتن لەبارەی بڕین و پاشەکەوتی موچەیی مامۆستایان و فەرمانبەران خانەنشینان بوو، داوای بە بانگی کردنی موچە (تەوتین) و دانی موچە لەکاتی خۆیدا و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و دابین کردنی ژیانێکی شایستە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

بەڵام هیچ وڵاتێک هێندەی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتەکەی خەمسارد و بێباک و بێمنەت نەبوو. ئەمەش گومان دەخاتە سەر دڵسۆزی خەتی گشتی لای دەسەڵاتداران بۆ گەل ونیشتیمان.

دەبینین هەردوو حیزبی باڵا دەستی هەرێم زۆر بێباکن و بەئێستاشەوە لەسەر پۆست و پلەو پایە ناکۆکن و چارەنووسی هەرێمیان بە ئاسۆیەکی نادیار گەیاندووە.

کۆی ئەم خەمساردی و ناکۆکیانەی پارتی و یەکێتی لە کاتێکدایە ناوچەکە بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت و ئەگەری داڕشتنەوەی نەخشەیەکی نوێ لەلایەن زلهێزەکانی دونیاوە بۆ ناوچەکە لە ئارادایە و بەرپرسانی باڵای هەرێمیش بەنیازن کورد بەم پەرتەوازریە ببنە ناو قۆناغ و نەخشە نوێیەوە کە ناچەکە چاوەڕوانی دەکات.

دوای چەندین ساڵ لە نادادپەروەری لە حوکمڕانی دەسەڵاتی هەرێم نەک تەنها جومگەی پەروەردەو ژیانی مامۆستا و فەرمانبەران شەلەل بووە بەڵکو تەواوی جومگەکانی وەک بژێوی کۆمەڵایەتی ، سیاسی ، کەلتوری ئاینی ژیانی کۆمەڵگەی تەنیوە ، لەمەش خراپتر ناپاکی و کۆیلەیەتی دەسەڵات بۆ بێگانە گەیشتووەتە لوتکە بەڕادەیەک کوردستانی گەیاندۆتەلێواری داروخان، بۆیە ئەرکی کارکردنە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێرەوی حوکمڕانی بەلادانی ئەم دەسەڵاتە دەبێت بە پشتیوانی خەباتی مامۆستایان و فەرمانبەرانە بۆ داخوازیەکانیان ، لە هەمانکاتدا پێویستە ئەم توێژە تێکۆشەرە خەمی خۆیان و خەمی ژیانی میللەت ئاوێتەی یەک بکەن و خاوەنداریەتی گۆڕانکاری بکەن و خومی نیشتیمان و میللەت و پەروەردە و مامۆستا بکەنە کۆڵەکەی ڕاگری خێوەتەکانیان.
سیستمی حوکمڕانی لە کوردستاندا لەبەردەم کۆمەڵێک ئەلنگاری سەختدایە .

کاتێک دەخوازێت زاڵبێت ، بەڵام نە شەرعیەتی هەیە نە متمانە کەواتە بەردەوام پێویستی بە داهاتی زیاترە تا زاڵبونی مسۆگەر بکات ، کێشەی گەرەنتی زاڵبونی لەوەدایە ، مارکس واتەنی (( گۆڕ بۆخۆی هەڵدەکەنێت)) . چونکە پێویستی بە بردن و دەست بەسەراگرتنی زیاتر هەیە، بۆیە خەڵک ڕەزامەندی نادات بە سیستمێک کە نە بەشەرعی دەزانێت و نەمتمانەی پێیەتی لێرەدا دەبینین دروستکردنی مۆدیلی میکاڤیلی بەرجەستە دەکات.

بۆیە هەوڵدان بۆ ڕزگار بوون لەم ستەمە و زاڵبونی ئەرکی هەموانە.



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن