بەپەلە.. راگەیەندراوێک لە وەزارەتى داراییەوە لەبارەى مووچە
09:31 - 16/02/2025
زەمەن - کوردستانى
وەزارەتى دارایى و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیکرد لە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە فەریق سڵێمان بەڕێوەبەری گشتی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و دکتۆر حەیدەر خالخال و دکتۆر عەلی خضیر بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵ.
بەگوێرەى راگەیەندراوى وەزارەتى دارایى، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی کاری تیمە هاوبەشەکان کرا کە بڕیارە ڕاپۆرتێک لەسەر خەرجی و داهاتی شەش مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ئامادە بکەن.
ئەوەش هاتووە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری ئامادەیی وەزارەت و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکانی بۆ سەرخستنی کارەکانیان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند، دەرگای وەزارەت و دامەزراوەکان بەردەوام کراوەیە بۆ تیمەکان تا بتوانن لە نزیکترین کاتدا ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن.
هەروەها دەڵێت، لای خۆشیانەوە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی سوپاسی پشتیوانی و هەماهەنگیەکانی وەزیری داراییان کرد کە هەمیشە هاوکار بووە لەماوەی ڕابردوودا بۆ ئەوەی کارەکان بەباشی بەڕێوە بچن، دەرئەنجامی ئەو هەوڵانەش وایکردووە تێبینیەکانی تیمەکان لەسەر ڕاپۆرتەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەم ببنەوە.