ملپێچەکەی حەمەمینی جوتیار
2/21/2025 6:48:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد
گەر بە خێراییشبێت چاوێک بە دیمەنی کەرکوکدا بگێڕین،
دەبینین ، جگە لە سیما کوردیە سروشتی و دێرینەکەی ، هیچ پرۆژەیەکی وا ئەنجام نەدراوە،
بە رۆخی زەویدا چوبێ و سیمای کوردستانی زیاتری دابێ بە کەرکوک. پرۆژەیەک لەگەڵ
راکردنی دەسەڵات بە زیندویی بمێنێتەوە، بە درێژایی ١٤ ساڵ ( ٢٠٠٣ – ٢٠١٧ ) لە دەسڵاتی
حیزبی کوردی لەم دەڤەرە هەنگاوێکی لەو جۆرە نەنراوە. ئەو هەنگاوانەی نراویشن یان ئەو
خزمەتگوزاریانەی کراون، یان دەڵێن دانوستاندن و شۆڕشمان لەسەر کەرکوک تێکداوە، یان هەزاران شەهیدمان بۆ کەرکوک داوە، راست
دەکەن. بەڵام منی کەرکوکی بەم شێوەیە دەیانبینم:
١- هیچ
بەردێک و لوتکە شاخێک و دؤڵێک نیە لە کوردستانەکەم خوێنی لاوانی کەرکوکی پێوە نەبێ،
یان باروبەندەری ئاوارەی کەرکوکی لێنەخرابێ.
٢- تەواوی
ئەو پرۆژانەی ئەنجام دراون بە حیزبی کراون و مۆری حیزبیان لێدراوە، سەنتەری رۆشنبیری
بە نمونە.
٣- هەرچی
بۆ کەرکوک کراوە یان لێی دزراوە ئاشی حیزبی پێگێڕدراوە.
ئەو ژیانە تاڵەی ئێستای جوتیارانی کوردی کەرکوک ، مانەوەی زەویەکان
بە داگیرکراوی ، پیادەکردنی سیاسەتەکانی تەعریب و روداوەکانی گوندەکانی شەناغە، تەڕکەشکان،
دەڤەری داقوق، تۆپزاوە و دروسکردنی گونە عەرەبکانی
وەک ئال بودێر، عیزە و زەهرا ... هتد نێوان کەرکوک و دوبز بەرهەم و دەرهاویشتەی کەمتەرخەمی
و بێگوێی و بە تەنگەوە نەهاتنی دەسەڵاتی حیزبی کوردیە، ئەو دەسەڵاتەی لە بەغدا و لە
هەولێر وەک موچەخۆر دەڕوانێتە کێشەی کەرکوک نەک وەک خاوەن پرسێکی نیشتمانی. ئێستای
ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە نمونە.
ئەو جوتیارەی سەربازی سوپای عێراقی ملپێچەکە لە
ملی رادەکێشێ لە کاتێکدا لەسەر تراکتۆرەکەی خەریکی زەویکێڵانە ، نیشانەی ئەوپەڕی بەدرەوشتیە،
بونی بیرکردنەوەیەکی بەعسیانە و رەگەزپەرستانەیە، نەنگیەکی گەورەیە بۆ دەسەڵاتەکانی
بەغدا. لەهەمانکاتدا بێویژدانیە گەر باسی دەسبەجێ کاردانەوەی بەغدا نەکرێ بەرامبەر
روداوەکە، بەناردنی شاند و سزادانی ئەو سەربازەی
کارە ناشرینەکەی ئەنجامدا.
لە لایەکی ترەوە پێویستە باس بکرێت و وەبیربهێنرێتەوە
هەمان ئەو حەمەمینی جوتیارە لە خۆپیشاندانی هەولێر لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ قوتی مامۆستایان،
ئاسایشی هەولێر نەک جل و بەرگیان دڕاند بەڵکە ئازاری جەنابی و کچ و ژنەکانیشیان
دا.*. ستەم هەر ستەمە هەر کەرسێ بیکات و لەهەر کەسێ بکرێ، بەڵام گومان لەوەدا نیە ستەمی خۆماڵی برینەکەی قوڵتر
و بە ئازارترە. زۆرجار ستەملێکراو یەکە بەڵام ستەمکار جیاواز، ئەی جیاوازی لە چیدایە؟:
١- بەغدا
دەستبەجێ سزای سەربازەکانی خۆی دا. شاندی تایبەتی هات بۆ کەرکوک،لیژنە بۆ چارەسەری
کێشەکان پیکهیندرا. کەچی هەولێر پاداشتی ئاسایشەکەی کرد و بەردەوامە لە ستەمکردن.
٢- بەرامبەر
بە کردەوەی سەربازە عێراقیەکە بەرپرسێکی پارتی و راگەیاندنەکانی خەڵاتی حەمەمینی
جوتیاریان کرد. خەڵاتێک کە یادی شەهیدانی ١٧ شوباتمان بیردەخاتەوە و برین دەکولێنێتەوە.
ئەوەندە ماوە بڵێم، ئەم بارودۆخەی ئێستا و
رابرد و دەریدەخات کە چەند پێویستە کەرکوکیەکان بە ئاگابێنەوە، بێنە دەنگ و چیتر نەبن
بەو ئاوەی ئاسیاوی ئەم و ئەو بگێڕێ، خۆیان خاوەنداری شارەکەیان و پرسی کەرکوک بکەن.
مرۆڤیش چۆن ستەمی ستەمکارێکی تر دەبێنی ئاواش رەفتاری ستەمکارانەی خۆی.