مەترسی ڕێکەوتننامەی ستراتیجی (عێراق- بەریتانیا)، دەرکردنی کورد لە هاوکێشەی کەرکوک و سامانی سروشتی.
2/21/2025 6:46:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس
لە ڕێکەوتی ٢٠٢٤/٨/١ کۆنوسی ڕێکەوتن و
لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی هاوبەش (مذكرة تفاهم) مۆرکرا لە نێوان عێراق و کۆمپانیای "BP"ی بەریتانی (شركة بريتش بتروليوم
البريطانية)، ڕێکەوتنەکە لەلایەنی عێراقییەوە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی
فیدراڵ و وەزیری نەوت (حيان عبد الغني السواد) و لە لایەنی کۆمپانیای "BP"ی بەریتانی (موراي ئوشينكلوس) "Murray Auchincloss" سەرۆکی جێبەجێکاری
کۆمپانیاکە واژۆیان کرد، بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ
(محمد شیاع السوداني).
ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە تایبەتبوو بە بەرەوپێشبردن
و پەرەپێدانی هەرچوار کێڵگە نەوتییەکەی کۆمپانیای نەوتی باکور لە کەرکوک و سپاردنی
بە کۆمپانیای "BP"ی بەریتانی کە بریتین لە (کێڵگەی کەرکوک
بە هەردوو قوبەی بابا و ئاڤانا، کێڵگەی بای حەسەن، کێڵگەی جەمبور، کێڵگەی خەباز)،
هەروەها لەگەڵ ئەوەی بتوانرێت ڕێکەوتن لەسەر کێڵگە و پانتایی پشکنینی دیکە ئەنجام
بدرێت لە داهاتودا.
دواتر لێکتێگەشتنەکە بەرەوپێشچوو، بوو
بە بەشێک لە زنجیرە ڕێکەوتننامەیەک کە لە ڕێکەوتی
٢٠٢٥/١/١٤ لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا واژۆ کران لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی
بەریتانیا و بە ڕێکەوتننامەی هاوبەشی و هاوکاری مێژویی ناوزەد کرا "اتفاقية
شراكة وتعاون تاريخية".
ئەم ڕێکەوتنانە جگە لە سێکتەری نەوت و
گاز چەندین بواری ئابوری، بازرگانی، سەربازی و ئاسایش و تەنانەت ژینگە و گۆڕانی کەش
و هەوا ...هتد لەخۆ گرت، گرنگترین ئەو ڕێکەوتنانە کە لێکەوتەی دەبێت لەسەر هەرێمی
کوردستان بریتین لە:
یەکەم/ ڕێکەوتننامەی بازرگانی بە بڕی(١٢٫٣)
ملیار پاوەندی ئستەرلینی، کە دەکاتە نزیکەی (١٥) ملیار دۆلار، لەم بوارانەدا :
١- پاکردنەوەی کێڵگەکانی مین بە بڕی(٣٣٠) ملیۆن پاوەندی ئستەرلینی.
٢- بونیادنانەوەی بنکەی ئاسمانی گەیارە (قاعدة القيارة الجوية) بە بڕی
(٥٠٠) ملیۆن پاوەندی ئستەرلینی.
٣- (مشروع میاه الشامل) پرۆژەی ئاوی خواردنەوە و پرۆژەی ئاودێری زەوی کشتۆکاڵی
لە باشور و ڕۆژئاوای عێراق بە بڕی (٥٫٣) ملیار پاوەندی ئستەرلینی.
٤- چاککردنی پرۆژەی ئاوی (بصرة) بە بڕی (٣٫٣) ملیار پاوەندی ئستەرلینی.
٥- بەستنی تۆڕی کارەبای نێوان عێراق و سعودیە ە بدی (١٫٢) ملیار پاوەندی
ئستەرلینی.
٦- چاککردنی تۆڕی کارەبای نیشتمانی عێراق بە بڕی (٨٢) ملیۆن پاوەندی ئستەرلینی.
٧- دیزاین کردنی تۆڕی (5G) لە ڕێگای
کۆمپانیای ڤۆدافۆن بە بڕی (٤١٠) ملیۆن پاوەندی ئستەرلینی.
٨- پرۆژەی هێڵی شەمەندەفەری عێراقی بە بڕی (٨٢) ملیۆن پاوەندی ئستەرلینی.
٩- چارەسەرکردنی کێشەکانی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆی شاری (حلە)بە بڕی (٢٦٠) ملیۆن
پاوەندی ئستەرلینی.
١٠- چارەسەرکردنی کێشەکانی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆی شاری (بغداد)بە بڕی (٦٥٥)
ملیۆن پاوەندی ئستەرلینی.
١١- دابینکردنی ئامێرەکانی ئاگر کوژێنەوە بە بڕی (٢٧٫٥) ملیۆن پاوەندی
ئستەرلینی.
١٢- دابینکردنی ئامێری پەیوەندی بێتەل بڕی (٩٨) ملیۆن پاوەندی ئستەرلینی.
١٣- دابینکردنی ئامێرەکانی پاراستنی ئاسایشی سنورەکان بە بڕی (٦٦٫٥) ملیۆن
پاوەندی ئستەرلینی.
گەر بە وردی بڕوانینە خاڵەکانی ئەم ڕێکەوتننامە
بازرگانییە دەبینین مەبەست لێی بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری ناوچەکانی باشور و ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراقە و تەنها هەرێمی
کوردستان سودمەند نابێت لەم ڕێکەوتننامە بازرگانیە کە بە بڕی (١٢٫٣) ملیار پاوەندی
ئستەرلینی، کە دەکاتە نزیکەی (١٥) ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
دووەم/ ڕێکەوتننامەی نێوان حکومەتی عێراق
و کۆمپانیای "BP"ی بەریتانی، بە مەبەستی جێبەجێکردنی کۆنوسی
لێکتێگەیشتنی بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی هەر چوار کێڵگە نەوتییەکەی کۆمپانیای نەوتی
باکور لە کەرکوک لەلایەن کۆمپانیای "BP"ی بەریتانی،
بۆ گەیشتن بە زۆرترین ڕێژەی بەرهەمهێنان لە نەوت و گاز. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڕێکەوتننامەیە
دەرگای بەکراوەیی کردۆتەوە بۆ ڕێکەوتن لەسەر کێڵگەی نەوتی و پانتایی پشکنینی دیکە
لە داهاتودا.
جگە لەوەی بەریتانیا لە ئەنجامی ئەو ڕێکەوتننامە
بازرگانیەی بە بڕی (١٢٫٣) ملیار پاوەندی ئستەرلینی لەگەڵ عێراق واژۆی کردووە سودمەند
دەبێت، هاوکات لەگەڵ ڕێکەوتننامەی بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی هەرچوار کێڵگە نەوتییەکەی
کۆمپانیای نەوتی باکور لە کەرکوک و سپاردنی بە کۆمپانیای "BP"ی بەریتانی سودمەندی یەکەم دەبێت لە نەوت و گازی
ئەو چوار کێڵگە نەوتییە، ڕەنگە لە داهاتوشدا ئەم ڕێکەوتنە فراوانتر بکرێت تا هەموو
ئەو کێڵگانەی دیکەی نزیک کەرکوک و ئەو زەویانەی پشکنینی تێدا دەکرێت بگرێتەوە...
هەروەها عێراق توانی بەم ڕێکەوتنە هەرێمی
کوردستان بخاتە دەرەوەی هاوکێشەکە و خاوەنداریەتی خۆی بچەسپێنێت لەپرسی نەوت و گازی
کێڵگەکانی کەرکوکدا وەک دەسەڵاتی فەرمی، لەلایەکی ترەوە حکومەتی فیدراڵ سود لەم ڕێکەوتنانە
وەردەگرێت بۆ بەدەست هێنانی پاڵپشتی وڵاتێکی زلهێزی وەک بەریتانیا بەمەبەستی سەپاندنی
دەسەڵاتە فیدراڵیەکان لە کەرکوک و ناوچەکانی مادەی (١٤٠)، جگە لەوەی بە ڕێکەوتن لەگەڵ
وڵاتێکی گەورەی وەک بەریتانیا ئەگەری دەست تێوەردانی ئیقلیمی لە کەرکوک و سامانە
سروشتییەکەی کەمدەکاتەوە بە تایبەت دەست تێوەردانی (تورکیا).
سێیەم/ ڕێکەوتننامە بۆ بەرگریکردنی
هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات (اتفاقية للدفاع المشترك بين البلدين)، بۆ نمونە
هاوکاری لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیاری سەربازی لە نێوان عێراق و بەریتانیا، پێشکەشکردنی
ڕاوێژ لەلایەن بەریتانیاوە بۆ بەهێزکردنی توانا سەربازییەکان و چاکسازی لە دامەزراوەکان،
بەرەوپێشخستنی پیشەسازی بەرگری.
بەمەش عێراق لەڕێگای ڕێکەوتننامەی بەرگریکردنی
هاوبەش لە نێوان عێراق و بەریتانیا سودمەند دەبێت لە پاڵپشتی سەربازی و ئەمنی بەریتانیا
و بەهێزکردنی دامەزراوە سەربازی و ئەمنیەکانی.
ئەوەی مایەی نیگەرانی و هەڵوێستە لەسەرکردنە
ڕێکەوتننامەکان بەتایبەتی ئەو ڕێکەوتننامەیەی بۆ بەرگریکردنی هاوبەش لە نێوان هەردوو
وڵات (اتفاقية للدفاع المشترك بين البلدين) واژۆ کراوە خاڵەکانی ناڕوون و کراوەن!