20وتار

خلیسکانی سوریا

2/22/2025 2:23:00 PM
دڵزار عارف

لەدوای کەوتنی بەشار ئەسەد و رۆیشتنی ئیران و لاوازبونی ئەجەندای روسی، ئیتر کارنامەو پلانی تر هاتنە سەرەوەو بەرژەوەندییەکان تا ئاستێکی زۆر گۆڕانکارییان بەسەردا هات.  دەوڵەتی تورکیا مەبەستیەتی پان و پان سوریا راکێشێتە ناو حەوشەکەی ە لەبەرامبەر هەر یەک لە وڵاتانی سعودییەو ئیمارات و ئوردن دەیانەوێ سوریا بەرنەوە ناو نیشتیمانی عەرەبی، لە لایەکی ترەوە ئەمریکاو ئەوروپا دەیانەوێ سورییایەک هەبێ بە یەک ئاست دوور بێ لەم بەرانەو هەوڵبدات جۆرێک لە سەرەوەری و ئازادی هەبێ. ئیسرائیلیش لەو سەرەوە وەستاوەو بە پلانێکی تۆکمەو بەهێز خەریکی داڕشتنەوەی سورییای تازەییە.

لەدوای ٨ی مانگەوە ترافیکی سیاسی بە چڕی دەستیپێکردوەو هەر رۆژەو وەزیرێک خۆی دەکات بە دیمەشق، تازە پێهەڵکەوتوانی سیاسیە بێ ئەزمونەکانی سوریاش، توشی جۆرێک لە سەرئێشەو لە خۆباییبون بوینە، نازان چۆن لەگەڵ ئەم هەموو ترافیکە دبلۆماسیە هەڵسو کەوت بکەن. دەیانەوێ دڵنیایەک بدەن بەهەموو لایەنەکان کە ئەمان دەتوانن بەرژەوەندی و ئەجنداکانیان لەبەرچاو بگرن و بەیەک مەسافە لەهەموویان نزیک دەکەونەوە. بەڵام وڵاتێکی وەکو تورکیا، گاڵتەی بەم سیاسەتە دێ و دەیەوێ بەهەر نرخێک بێ سوریا بخاتە باوەشی خۆیی و سیناریۆی ئیران لەگەڵ عیراق دووبارە بکاتەوە.

پلانی تورکیا لە رۆژی یەکەمەوە هەوڵی بونیادنانی سوریاییەکی ئیسلامی ناوەندی و خاڵی لە کورد و سەر بەخۆی بێت و هەر چی سیاسەتی ئابووری و عەسکەری و ئەمنی، دوا قسە لەم وەرگرن. واتا هەر وڵاتێک خوازیاری نزیکبونەوەی هەبێ لە سوریا بە رێگای ئەنقەرەوە پێویستە بگاتە دیمەشق.

وڵاتانی سعودییەو ئەردەن و ئیمارات، بەچڕی کار بۆ گەڕانەوەی سوریا دەکەن بۆ باوەشی کۆمکاری عەرەبی و دەیانەوێ بەهەرجۆرێک بێ دەست بە عەرەبونی سوریایەکی سێکۆلار بگرن، بۆ ئەمەش پلانی وردیان داڕشتوەو دەیانەوێ هەر یارمەتیەکی دارایی و ئاوەدانکردنەوەی سوریا بەم فلتەرە بڕوات، واتا هاوکاری دارایی، لەبەرامبەر گەڕانەوەی سوریا بۆ هێڵی عەرەبی.

ئەوروپاو ئەمریکا، سیاسەتێکی جیاوازیان گرتۆتە بەر، سیاسەتی سوریایەکی نامەرکەزی و مۆزائیک، کە هەموو نەتەوەو گروپێکی ئەنتی بەشدار بن و سوریاییەک بونیادبنرێ کە جارێکی تر رێگە بە دروستبونی دەستەڵاتێکی تۆتالیتاری و تاریک نەدرێ. بۆیە هەڵگرتنی هەرچی ئابڵوقە و سزایەک لەسەر سوریا ئەبێ بەم رێگایە بڕوات، ئەگینا دەرگاکان لەبەردەم دبلۆماسیەتی سوریای ئیسلامی ناکرێتەوە.

ئیسرائیل پلان و ئەجنداکانی لەناو سوریا تەواو جیاوازن، لە رۆژی یەکەمەوە هەوڵی لەناوبردنی تەواوی چەک و جەبەخانەی سوریایداو، نەیویست بەهیچ جۆرێک کات لەدەست بدات و پرۆسەکە دوابخات، هەروەها هێزەکانی بەرەو چیای شێخ و قونێترەو ناوچەکانی جۆلان کشاندو بە ئاشکرا باس لەوە دەکات ئیتر ئەم ناوچانە بەشێکن لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی وڵاتەکەی. ئاشکراییە ئیسرائیل سوریایەکی پەرتەوازو شێواوی دەوێ، هەر ئەمەشە وایکردوە کە لە پشت درووزەکان بێت و نەهێڵێت هێزەکانی هەتەشە بگەنە ئەوێ و لە لایەکی تریش شەڕی راگەیاندنی لەگەڵ تورکیا خەستکردۆتەوەو ناوە ناوەش باس لە ئازایەتی شەرڤانان دەکات.

احمد شەرع و گروپەکەی لە ناو باڵەخانەی سەرۆکایەتی کۆمار دەیانەوێ ئیدارەی سوریا بدەن، بەڵام رۆژانە بەروونی دەبین کە بەرژەوەندییە لۆکەڵی و ئیقلیمی و نێو دەوڵەتی چۆن بەر یەک دەکەون و چ کێشمە کێشمێکە لەسەر سوریای تازە هەیەو کە هەر لایەو لایەکی سوریای گرتوەو رایدەکێشێت. بۆیە گەڕانەوەی سەقامگیری ئارامی و ئاوەدانی لە ماوەی کورتدا جگە لە درۆییەکی گەورە شتێکی تر نییە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن