کاری میدیای دژی مرۆڤایەتی، ڕۆژنامەی وەتەنی سوری وەک نمونە:
12/8/2024 9:25:00 PM
هۆگر عەلى رەسوڵ
ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٠٢٤/١٢/٨، ڕۆژنامەی وەتەنی سوری نزیک لە بەشار ئەسەدی سەرۆکی هەڵاتووی سوریا، بڵاویکردەوە گوایە ئەو هەواڵانەی بڵاویان کردۆتەوە هەڵەبوون.
١- تا ئێستا نازانرێت ئایا ئەو هەواڵانە هەر بەڕاستی هەڵەبوون کە ڕۆژنامەی ئاماژەپێکراو بڵاویان کردۆتەوە یان نا؟
٢- ئایا ئەو کەسانەی کە کاری میدیاییان کردوە لەو ڕۆژنامەیە تاچەند قەناعەتیان بە کارکردن هەبوە لەو ڕۆژنامەیە؟
٣- ئەگەر پەیوەندیکردن بە هێزەی چەکداری ناچاری هەبێت لە ووڵاتێکدا، مانای ئەوەیە کارکردن بۆ میدیای ئەو ووڵاتەش ناچاریە؟
بەڵێ، ڕاگەیاندن ڕۆڵی نێگەتیڤی هەیە لە ئاڕاستەکردن و هاندان بۆ ئەنجامدانی توند و تیژی و کاری دژە مرۆڤایەتی لە کاتێکدا دەتوانێت رۆلی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگاو گەیاندنی زانیاری ببینێت بە بینەر و بیسەر و رۆڵی بێلایەنی ببینێت.
ڕووداوێکی تارەدەیەک لێکچوو:
فێردیناند ناهیمانا، وەزیری راگەیاندنی ووڵاتی ڕواندا بوو لەکاتی شەڕی ناوخۆی ئەو ووڵاتە(١٩٩٠-١٩٩٤) لە نێوان هەردوو هۆزی هۆتۆ و توتسی.
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و دادگایکردنی وەزیری ڕاگەیاندنی ڕواندا:
فێردیناند ناهیمانا ئەکادیمیستێکی دیاری ڕواندا سالانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، دامەزرێنەری ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی( لیبرە دیس میل کۆلینز )بوو، بەهۆی پەخشکردنی هەواڵی دوژمنکارانە و و پڕوپاگەندە و بانگەوازی ڕاستەوخۆ بۆ توندوتیژی دژی دانیشتوانی توتسی لە کاتی جینۆسایدی ڕواندا بەناوبانگ بوو. ئەو ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنەی هانی کوشتنی توتسیەکانی ئەدا و ئەوانەی دژایەتی ڕژێمیان دەکرد. ئەمەش وایکرد کە ئامرازێکی گرینگ بێت لە هاندان بۆ ئەنجامدانی جینۆساید و تاوانی دژه مرۆڤایەتی.
پاش وەستانی شەڕی ناوخۆ، (فێردیناند نەهیمانا)، لەلایەن دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی بۆ ڕواندا (دادگایەکی تایبەت بوو بۆ دادگایکردنی تۆمەتبارانی شەڕی ناوخۆی ڕواندا لە نێوان هەردوو هۆزی هۆتۆ و توتسی لە ساڵی ١٩٩٤) لە شاری ئاروشای پایتەختی تانزانیا دادگایی کرا.
سەرەنجام، فێردیناند نەهیمانا، بەهۆی ڕۆڵی خراپی لە بەکارهێنانی میدیا لە هاندان بۆ توندوتیژی و جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.
دۆسیەی یاسای فێردیناند، جیهانی بە ئاگاهێنایەوە کە ڕاگەیاندن چ ڕۆڵێکی هەیە لە هاندان بۆ ئەنجامدانی توند و تیژی و تاوانی دژه مرۆڤایەتی و سەرنجام وەک بەشدار لە تاواندا ئەژماردەکرێت.
بۆیە من پێم وایە، سەرپەرشتیاری ڕۆژنامەی وەتەنی سوری، دەکرێت ڕۆژێک دادگایبکرێت بەهۆکاری هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوانی دژەمرۆڤایەتی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و کاریگەری لەسەر هاوڵاتیانی سوریا.