4037 جیهان

بەشار ئەسەد لە روسیاوە پەیامێکى بڵاوکردەوە

06:42 - 16/12/2024

زەمەن - جیهانى

 

پەیجى فەرمى سەرۆکایەتى کۆمارى سوریا لە فەیسبووک و چەناڵى سەرۆکایەتییەکە لە تێلەگرام، پەیامێکى بەناوى بەشار ئەسەدەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بەشار ئەسەد، سەرۆکى پێشووى سوریا، بۆ سەرپەرشتیکردنى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان چووەتە لازقیە و لەوێوە لەژێر رێنمایی روسیا وڵاتەکەى بەجێهێشتووە.

لەو راگەیەندراوەدا کە بەناوى بەشار ئەسەدەوە بڵاوکراوەتەوە هاتووە، پلانی ئەوە بووە "لە شەڕکردنی تیرۆر" بەردەوام بێت و لەسەر دۆخى ئێستاى سوریاش دەڵێت، ئێستا سووریا کەوتووەتە دەستی تیرۆرەوە.

ئەسەد لە پەیامەکەیدا نووسیویشیەتى، هەمیشە رەتمکردووەتەوە لە بەرامبەر مانەوەی خۆم سووریا بەدەستەوە بدەم، من هەرگیز بەدوای قازانجی کەسییەوە نەبووم، هەمیشە خۆم وەک پارێزەری پڕۆژەی نیشتمان بینیوە، کە لەلایەن متمانەی گەلی سووریاوە پاڵپشتی دەکرا کە باوەڕیان بەو دیدە هەبوو.

لەبارەی هەڵاتنی لە سوریا بەرەو رووسیا، ئەسەد گوتوویەتى، لە دیمەشق بووم و خەریکی راپەڕاندنی ئەرکەکانی خۆم بووم. بەیانیی زووی رۆژی 08-12-2024 گەیشتمە بنکەی ئاسمانیی حمێمیم لە لە پارێزگاى لازقیە لە سوریا، رۆیشتنی من لە سوریا نە پلانی بۆ دانرابوو، نە لە ساتەکانی کۆتایی جەنگدا بوو. دوای چەند هێرشێکی درۆنی بۆ سەر بنکەکە، مۆسکۆ داوایکرد زوو لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، حمێمیم جێبهێڵم. من نەمدەویست دەستبەرداری سەرۆکایەتی بم یان داوای مافی پەنابەرێتی بکەم، هیچ پێشنیازێکی لەوجۆرەش لەلایەن من یان هیچ لایەنێکەوە نەکرا.

ئەسەد هەروەها باسی لەوە کردووە، ئەو بۆ ئەوە چووەتە لازقییە، تاوەکو "سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان" بکات، بەڵام بینیویەتی "سەربازەکان شوێنەکانی خۆیان چۆڵکردووە."

لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە: "من هەمیشە باوەڕم بە خواستی گەلی سوریا، توانای پاراستنی دەوڵەت و بەرگری لە دەستوورم هەبوو. من هەمیشە هاوشانی بژارەکانی گەلی سووریا وەستام. کاتێک دەوڵەت دەکەوێتە دەستی تیرۆر و ئیدی هیچ شتێک سوودی نامێنێت و هەموو هەڵوێستێک بێمانا دەبێت.

لە کۆتاییشدا نووسیویەتى، ئەمە هەستی قووڵی من لە پەیوەستبوون و ئاوێتەبوون بە سوریا و خەڵکەکەی کەمناکاتەوە؛ ئەمە پەیوەندییەکە کە بەهیچ هەڵوێست و بارودۆخێک تێکناچێت. ئەمە پەیوەندییەکە پڕە لەو هیوایەی کە رۆژێک دێت، سوریا دووبارە ئازاد و سەربەخۆ دەبێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن