دوو ناوچەی سەرکردایەتی بۆ پێشمەرگە دەستبەکاردەبن
08:54 - 22/12/2024
زەمەن - کوردستانى
وەزارەتى پێشمەرگە راگەیەندراوێکى بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، دوو ناوچەی سەرکردایەتیی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەستبەکاردەبن.
وەزارەتى پێشمەرگە رایگەیاندووە، ئەمڕۆ 22ـی کانونی یەکەمی 2024، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی باڵای کرد لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەو کۆبوونەوەیەدا، کە عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەت، فریق روکن عیسا عوزێر،سەرۆکی ئەرکان و لیوا روکن بەختیار محمد، ئەمینداریی گشتیی، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ــی هێزی پێشمەرگە و فەرماندەی فیرقەکانی ٢ و ٤ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە و کۆڵۆنێڵ براندستێتەر، بەرپرسی تیمی راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و تیمی یاوەری تێیدا ئامادەبوون.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى وەزارەت، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن و بریاردان بوو لەبارەی پرۆژەیەکی ئامادەکراو بۆ دامەزراندنی دووناوچەیی سەرکردایەتیی کە لە ١١ فیرقەی سەربازی پێکهاتوون لەژێر سەرکردایەتی و کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەستبەکاردەبن. وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: دوو ناوچەیی سەرکردایەتیی دادەمەزرێنین بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر سەرکردایەتی وەزارەتی پێشمەرگەدا کاروبارەکانیان رێکدەخەنەوە و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ دەبێت بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
هەروەها، بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بە گرنگیەوە باس لە دامەزراندنی ژێرخانی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە کرا. هەمووان هاوڕابوون کە ئەم ژێرخانە پاڵپشت و پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت لە بنیاتنانی هێزێکی نیشتمانی یەکگرتووی کوردستانی کە پارێزگاری لە خەڵک و خاکی کوردستان دەکات لە هەر مەترسییەک کە لە ئێستا و ئایندەدا رووبەروومان دەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە بە دەستەکاربوونی هەردوو ناوچەی سەرکردایەتی یەک و دوو کە بەشێکی زۆری هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی هێزەکانی (٨٠،٧٠)ی پێشمەرگەی کوردستانی تێدا رێکدەخرێتەوە، لە چوارچیوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا جێگیردەبن لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥وە.
ئەوەش هاتووە، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بە کۆی دەنگی هەمووان رەزامەندیدرا؛ لەسەر بنیاتنانی بنەماکانی یەکەیەکی یەکگرتووی ژمێریاری سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.