61وتار

قۆناغی ڕاگوزەر لە سیستمی حوکمڕانی سوریا

12/22/2024 12:09:00 PM
هۆگر عەلى رەسوڵ

دوای لەکارخستنی ڕژێمی ئەسەد، باشترین سیستمی حكومڕانی بۆ سوریا سیستمی ئیداری لامەرکەزییە، بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی جۆراوجۆری نەتەوەیی و ئایینی و سیاسی وڵاتەکە. سیستەمێکی دیموکراسی فیدراڵی یان لامەرکەزی دەتوانێت سەقامگیری دابین بکات و هاونیشتیمانیانی سوریا هەست بە دڵنیای بکەن، هەرچەندە ئەمە ئاسان نیە بۆ ووڵاتێکی وەک سوریا، بەڵام مساوەمەکردنی هێزە سیاسیەکان و پێکهاتەکان بە پشتگیری و دەستێوەردانی پۆزەتیڤی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەمەریکا دەتوانرێت هاوکاری گەلانی سوریا بکرێت بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکى نووسراوى فەرمى کۆنکرێتى.

سوریا شوێنی نەتەوە و ئایینی جۆراوجۆرە کە بریتین لە عەرەب ، کورد ، ئاشوورى، سریانى، ئەرمەن ، تورکمان و شەرکەس، هەروەها سوونە و عەلەوى و دروز و مەسیحى و یەزیدى؛ لەبەرئەوە سووریا پێویستى بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سێکتەرەکانی ژیانە لە پێناو نیشتیمانسازی و مرۆڤسازی بە ستایڵێکی تر کە لەگەڵ ستاندار و نۆرمی نێودەوڵەتیدا بگونجێت و دواجار پشتگیری نێودەوڵەتی بەردەوام بەدەستبهێنن، ئەمەش تەنها بە خۆدەرخستنی بەڕواڵەت نایەتەدی بەڵکو بە شێوەی کرداری دێتەدی لە ئەرزی واقعدا. ئەوەشمان بیرنەچێت، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە جیهانیەکان زۆر تەرکیزیان لەسەر مافی پێکهاتە و دیمۆکراسی و بەشداریپێکردنی گروپە فەرامۆشکراوەکانی کۆمەڵگان  لە سیستمی حوکمڕانی، بە پێکانی ئەو ئامانجە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوامدەبن لە پشتگیریکردنى سیستمە حوکمڕانیەکە.

بۆچی سیستمی لامەرکەزی ئیداری و سیاسی باشترینە بۆ ووڵاتێکی وەک سوریا:
سیستەمێکی فیدراڵی لامەرکەزی کە لەسەر بنەمای چڕبوونەوەی پێکهاتەیەکی دیاریکراو لە مەوقعێکی جوگرافیای دیاریکراودا؛ بونمونە، کوردەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و پێکهاتەکانی تر لە بەشەکانی تری ئەو ووڵاتە، بەشێوەیەک بتوانن دەربڕی وویست و ئیرادەی خۆیان بن و لە وێنە گشتیەکەشدا وەلائیان هەبێت بۆ سوریا وەک دەوڵەت و بە بوونی نوێنەری هەرێمەکان لە دیمەشق ڕێگەیان پێدەدرێت خۆیان بەڕێوەببەن و لە هەمان کاتدا یەکپارچەیی خاکی سوریا بپارێزن هەروەک ئەمەریکا و ئیسرائیلی عەقڵی دەڕێژەری Mastermind ی ڕوخاندی بەشار ئەسەد و ووڵاتانى خۆرئاوا هەوڵى بۆ ئەدەن.

سیستمی ئیداری فیدڕالی تەنها چارەسەرە بۆ دۆخی ئایندەی سوریا و رێگریکردن لە پاوەنخوازی و سەرهەڵنەدانەوەى ئەم سیستەمە کە کۆی کایەکانی ژیان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی نەتەوەیەک یان مەزهەبێک یان خێزانێکدا کۆبکاتەوە.
زۆر گرنگە هەموو گروپە ئیتنیکى و ئاینی و سیاسیەکان بخرێنە ناو سیستمی حوکمڕانییەوە و لە دیمەشقەوە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە و سیاسەتی ئابوری بۆ تەواوی ووڵات دابڕێژرێت.


ئامادەسازی بۆ بونیادنانەوەی ووڵات؛ داڕشتنی دەستوورێک کە ڕەنگدانەوەی ماف و ئەرک و داخوازیەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا بێت و پێناسەی مافی هاووڵاتیبوون و ئازادی تاکەکەس و ئازادی ڕادەربڕین و مافی ژنان و مافی پێکهاتەکان و هاوسەنگی لە نێوان سێ دەسەڵاتەکەی ( یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری) بە دەقی ڕوون و ئاشکرا بکات و ڕێگری بکات لە گەڕانەوەی پاوانخوازی، بە یەکێک لەهەرە گرنگترین کۆڵەکەکانی بونیادنانەوەی دەوڵەتێکى مۆدێرن.



چەند خاڵێکی گرنگ بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەزموونی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام:
١- هێنانەوەی میلاکی ئەو یەکە سەربازی و ئەمنیانەی کە بەشداریەکی ئەوتویان نەکردوە لە ئەنجامدانی توندوتیژی دژی هاونیشتیمانیان و تێکەڵکردنیان بە هێزی درووستبووی تازەی نیشتیمانی، بۆ ئەوەی دوای ماوەیەک لە فەرامۆشکردنیان پەیوەندی نەکەن بەو هێزانەی کە گومان هەیە دواتر دەردەکەون هەروەک لە دوای ٢٠٠٣ لە عێراقدا درووستبوون و چالاکی سەربازیان ئەنجامدەدا لە دژی ئەزموونی تازەی حوکمڕانی، چوونکە ئەو کەسانەی کە پێگەیان هەبووە ڕۆژانێک، ناتوانن هەروا بە ئاسانی دابنیشن و فەرامۆشبکرێن بەڵکو وردە وردە خانەشینبکرێن یان بەشداریان پێبکرێت لە خولی بونیاتنانەوە و ڕاهێنان لەسەر سیاسەتی تازەی دەوڵەتداریدا.
٢- ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە ڕاهێنان و ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگا بەرەو سیستمە جیهانیەکە. بۆیە ڕێگەخۆشکردن بۆ دروستبوونى ئەو جۆرە ڕێکخراوانە لە ووڵاتێکی دواى سیستمێکى پاوەنخوازى زۆر گرنگە.

 ٤- ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵی فیگەرە سیاسیەکان و گەیاندنی زانیاری درووست بۆ هاونیشتیمانیان و جیهانى دەرەوە.

٥- دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ و بێلایەن و گرنگی دان بە دادوەرە بە تواناکان و هێشتنەوەیان لە پێگەی خۆیان بەمەبەستی بەدیهێنانی دادوەری کۆمەڵایەتى لە کۆمەڵگا و دادگایکردنی سەرجەم ئەو کەسانەی تۆمەتیان ئاڕاستەدەکرێت چ لە ئەنجامدانی تاوان یان گەندەڵی و تۆمەتباران تۆڵەی شەخسیان لێنەکرێتەوە، بەڵکو دادگایی بکرێن لە دادگایەکی سەربەخۆدا.

٦- سەرلەنوێ بونیادنانەوەى ئابوورى ووڵات و داڕشتنەوەى سیاسەتى گەشەپێدانى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و ڕەخساندنى هەلى کار بۆ هاوڵاتیان و پێدانى نەفەسێک بۆ ژیانکردن و دوور لە جەنگ و ماڵوێرانى.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن