میدیا و گەرمکردنی شەڕی براکان
11/7/2020 9:40:00 AM
مەریوان مەلاحەسەن
لە بیرەوەری هەریەک لەئێمەدا شەڕی ناوخۆ یان باشتر بڵێم شەڕی
براکان دەیان چیرۆکی تراژیدیا و ناخۆش و
پراوپر لەکارەسات بونی هەیە، هەر لەو گەڕەکەی کەمن تێیدا دەژیام لە تەمەنی لاوی و
بەجۆش بوم بۆ خزمەتکردنی نیشتیمانەکەم کەچی دەمبینی برایەک ماڵی براکەی تری بەتاڵان
دەبرد و لە سوچێکی مزگەوتە بچوکەکەی گەڕەکەکەمان منداڵێک هەرتەنیا خۆی و دایکی بەسەر
تەرمی باوکیەوە وەستابوو بەسەر سوڕمانەوە دەیڕوانیە خوێن چۆڕانی باوکی و شینی دایکی
ئەمانەو چەندینی تر کە دامانبینی لەگەڵ ئەمەش ئێواران لەکاتی ھاتنەوەی کارەبادا لەڕێگای
تەلەفزیۆنەکەوە پیاوێکی سمێڵ ڕەش بەجلێکی
کوردی بەدەنگێکی گر موژدەی گرتنی گردێک یان کەپکێکی دەگەیاند بەلایەنگرانی خۆی هەر
بەو دەنگە گڕە هاواری دەکرد ژمارەیەک لە براکانی خۆمانمان ڕەوانەی دۆزەخ کرد.
دەیان چیرۆکی تر هەر ئەوشەوە لەماوەی ئەو سەعاتە بینەری دەبووین هیچ یەکێکیان
هۆکارێک نەبوون بۆ ئاشتی و گەڕانەوەی ئارامی بەڵکو ھەمویان بەنزین کردن بوو بەئاگرەکەو
شەڕەکە توندترو ماڵی کورد وێرانتر دەبوو.
لەئێستاشدا میدیا
لەبری ئەوەی زۆر بەئاگایانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئێستای رووداوەکانی نێوان پارتی دیموکردتی
کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان
دابکات.
ڕاگەیاندنی هەردوو پارت بەشێوازێک ئاگری شەڕەکە خۆش دەکەن
بێ ئاگا لەوەی لەگەڵ تەقاندنی یەک فیشەکی
تر دوخی ئابوری و ژیانی خەڵکی چەندە ناجێگیرە
هێندەی تر ناجێگیر دەبێت و دۆخەکە دەشڵەژێ ئەوە سەرەڕاێ تیکچونی تەونی کۆمەڵایەتی
و باری دەرونی هاوڵاتیانی ئەو هەرێمە کە تاوەکو ئێستاش برینی لەمێژینەی شەڕی ناوخۆ ساڕێژ نەبووە.
لێرەدا و لەم سەردەمەدا
میدیا دەبێ ڕۆلە ئەرێنیەکە بگێڕێت و لەڕێگای ڕاگەیاندنەکانەوە ھەوڵەکان چڕبکرێتەوە
کە هێزی پێشمەرکە بەنیشتمانی بکرێت هیچ هێزێک
جگە لەهێزی پێشمەرگەی کوردستان چەکدار نەبێت.
مێزی گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن بکرێت بەبەدیلی خوێن ڕشتنی
براکان بۆیە پیویستە رۆشنبیر وکەسانی نیشتیمان پەروەر وئەوانەی لەڕوی فکری و کردارەوە
شەڕی ناوخۆیان حەرامکردوە بێنەدەنگ هەموو ھەوڵەکانیان بخەنە گەڕ چونکە تاچەک بەدەستی
حزبەوە بێت ئەوا شەڕی براکان ئەگەرێکی کراوەیە و دروست کردنی دام و دەزگای نیشتیمانی لەسەروی دەسەڵاتی حزب کارێکی نیمچە مەحاڵە.
پەند وەرنەگرتن لەئەزموونی تاڵی شەڕی ناوخۆ و لێکەوتەکانی پێمان دەڵێت میدیا تاوەکو ئێستا لەهەرێمی
کوردستان ڕۆڵە گرینگەکەی خۆی نەگێڕاوە لەپاڵ گەیاندنی هەواڵی ڕۆژ و رووداوەکان میدیا ئەرکێکی تری زۆرگرینگی هەیە ئەویش وشیار
کردنەوەی تاک و گەڕاندنەوەی ئینتیمای نیشتیمانیە بۆ دروست کردنی تاکێکی خاوەن بڕیار .