بەکارهێنانی رێکخراوی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی جیهانی بۆ بەرژەوەندی تایبەت و لایەنێک
3/10/2025 1:04:00 PM
بڵێسە جەبار فەرمان
گەندەڵی و ڕەخنە لە ئۆرگانێکی یەکێتی ئەوروپا
پەرلەمانی ئەوروپا بە نمونە
یەکێتی ئەوروپا (EP) یەکێکە لە دامەزراوە سەرەکیەکانی ئەوروپا و ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە یاسادانان و کۆنترۆڵکردنی بودجە و چاودێریکردنی دیموکراسیانەی دامەزراوەکانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا. یەکێتی ئەوروپا ٢٧ دەوڵەت لە خۆ دەگرێت.
لەوانە ٢٦ دەوڵەتیان لە ئەوروپان و لەگەڵ قوبرس کە لە ڕووی جوگرافییەوە لە ئاسیادایە.
ئۆرگانەکانی یەکێتی ئەوروپا بریتین لە
4 دەزگای بڕیاردانی سەرەکی.
ئەم دەزگایانە بە هاوبەشی ئاراستەی سیاسی بۆ یەکێتی ئەوروپا دادەرێژن و ڕۆڵی جیاواز لە پرۆسەی یاساداناندا دەگێڕن:
پەرلەمانی ئەوروپا (برۆکسل/ستراسبۆرگ/لۆکسمبۆرگ)
ئەنجومەنی ئەوروپا (برۆکسل)
ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا (برۆکسل/لۆکسمبۆرگ)
کۆمیسیۆنی ئەوروپا (برۆکسل/لۆکسمبۆرگ/نوێنەرایەتییەکان لە سەرانسەری یەکێتی ئەوروپا)
کارەکانیان تەواوکەری ئۆرگان و دامەزراوەکانی ترە. لەوانە:
دادگای دادوەری یەکێتی ئەوروپا (لۆکسمبۆرگ)
بانکی ناوەندی ئەوروپا (فرانکفۆرت)
دادگای وردبینی ئەوروپا (لۆکسمبۆرگ)
سەرەڕای ئەوە، EP لە ڕەخنە بەدوور نیە. بە تایبەتی فەزیحەی گەندەڵی و نەبوونی شەفافیەت و لۆبیکردن پرسیار لەسەر مصدقیەتی ئەو دامەزراوەیە دروست دەکات.
پێشەکی پێناسەیەکی گەندەڵی دەکەین لە روانگەی ئەوروپیەوە.
گەندەڵی بە گشتی بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات یان پۆست بۆ قازانجی تایبەتی پێناسە دەکرێت. لە چوارچێوەی پەرلەمانی ئەوروپادا، گەندەڵی کۆمەڵێک پراکتیکی بەرفراوان لەخۆدەگرێت وەک بەرتیل وەرگرتن، لۆبیکردن، خراپ بەکارهێنانی پارەی یەکێتی ئەوروپا و کارکردن بۆ کۆمپانیاکان، بەکارهێنانی پێگە بۆ برەو دان بە بازرگانی تایبەت و خۆ دەوڵەمەند کردن، دامەزراندنی خزم و کەسوکار و دەوڵەمەندکردنیان، هەڵسوکەوتی نائەخلاقی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە. گەندەڵی دەتوانێت هەم شێوەی تاکەکەسی و هەم شێوەی دامەزراوەیی وەربگرێت و شەرعیەتی دیموکراسی یەکێتی ئەوروپا تێکبدات.
-فەزیحەی “قەتەرگەیت” (2022-2023)
یەکێک لە گەندەڵییە هەرە مەترسیدارەکان کە لە ساڵانی ڕابردوودا پەرلەمانی ئەوروپای هەژاندووە، فەزیحەی بەناو “قەتەرگەیت”ە. لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ چەند پەرلەمانتارێکی پلە باڵای پەرلەمانی ئەوروپا لەوان ئیڤا کایلی جێگری سەرۆکی ئەوکاتەی پەرلەمانی ئەوروپا بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکران.
• قەتەر بەرتیل و دیاری گرانبەهای بەکارهێناوە بۆ کاریگەریکردن لەسەر بڕیارە سیاسییەکانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسەکانی یاسای کار و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان.
• ئیڤا کایلی لە ماڵەکەی خۆیدا بە بڕە پارەیەکی زۆرەوە دەستگیرکراوە، کە گومان دەکرێت لە رێگای نایاساییەوە بەدەستی هێنابێت.
• گومانلێکراوەکانی دیکە، لەنێویاندا پیر ئەنتۆنیۆ پانزێری، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمان، دانیان بەوەدا ناوە کە تۆڕێکیان بەڕێوەبردووە بۆ ئەوەی کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی ئەوروپا هەبێت.
-سکانداڵەکەی "پارەی پارە بۆ یاساکان" (2011)
دۆسیەیەکی دیکەی بەرچاوی گەندەڵی لە ساڵی ٢٠١١ ڕوویدا، کاتێک ڕۆژنامەنووسانی بەریتانی لە ڕۆژنامەی سەندەی تایمز لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجامدا.
• هەندێک ڕۆژنامەنووسان خۆیان وەک لۆبیست نیشان دا و بڕە پارەیەکی زۆریان پێشکەش بە چەند پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی کرد بۆ گۆڕینی یاساکان.
• سێ پەرلەمانتار – ئێرنست ستراسەری نەمسایی، ئادریان سێڤرینی ڕۆمانی و زۆران تالەری سلۆڤینی – گیران کە دەسەڵاتی سیاسی خۆیان خراپ بەکارهێنا لە بەرامبەر پارەدا.
-تۆمەتەکانی گەندەڵی لە دژی مارتۆن گیۆنگیۆسی (2023)
نموونەیەکی دیکەی ئەگەری گەندەڵی، مارتۆن گیۆنگیۆسی پەرلەمانتاری هەنگاریایە کە تۆمەتبارکرابوو بە بەکارهێنانی پارەی یەکێتی ئەوروپا بۆ مەبەستی کەسی پارەپەیداکردن و خۆدەوڵەمەند کردن، هەروەها بە کارهێنانی پارەی پەرلەمان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و دووبارە خۆ کاندید کردنی.
هەروەها پەیوەندی شاراوەی هەبووە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کە سوودمەند بوون لە یارمەتییەکانی یەکێتی ئەوروپا.
جگە لەم فەزیحە گەورانە، چەندین جار هەواڵی خراپ بەکارهێنانی پارەی یەکێتی ئەوروپا و داهاتی زیادەی نایاسایی و پەیوەندی ناڕوون لە نێوان پەرلەمانتاران و لۆبیستەکاندا هەیە.
بەشێک لە پەرلەمەنتارەکانی پێشوی یەکێتی ئەوروپا دوای تەواو بوونی خولی پەرلەمانیان و دووبارە کاندید نەکردنەوەیان، لە لایەن کۆمپانیاکانەوە کە پێشتر لە ڕووی سیاسییەوە پاڵپشتییان کردوون موچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە، یان وەکو راوێژکار دادەمەزرێن.
ئەم دیاردەیە (بەناوی "دیاردەی دەرگای بازنەیی") مشتومڕی لێدەکەوێتەوە. ئەمە گومانی گەورەی لای هەموو چاودێران دروست کردوە.
ڕەخنە لە پەرلەمانی ئەوروپا
جگە لە حاڵەتە تایبەتەکانی گەندەڵی، ڕەخنەی پێکهاتەیی لە پەرلەمانی ئەوروپا هەیە کە کاریگەری و متمانەپێکراوی پەرلەمانی ئەوروپا دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
خاڵێکی تری ڕەخنە پەیوەندی بە تێچووی زۆری بەڕێوەبردنی پەرلەمانەوە هەیە. بە تایبەتی جێی هاتوچۆی مانگانەی پەرلەمانە لە نێوان برۆکسل و ستراسبۆرگ کە ساڵانە سەدان ملیۆن یۆرۆی تێدەچێت. ساڵانێکە ڕەخنەگران داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم دامەزراوەیە دەکەن، بەڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.
گەندەڵی و نەبوونی شەفافیەت تەحەدای جددی بۆ متمانەپێکراوی پەرلەمانی ئەوروپا دروست کردوە.
ئایندە ئەوە دەردەخات کە ئایا پەرلەمانی ئەوروپا توانای جێبەجێکردنی چاکسازییە پێویستەکانی هەیە و وەک دامەزراوەیەکی شەفاف و یەکپارچەیی خۆی جێگیر بکات.