وەزارەتی تەندروستی: رۆژانە 30 بۆ 35 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون
02:19 - 02/11/2023
زەمەن - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری نیوەی
یەکەمی ئەمساڵی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە لە
نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا رۆژانە 30 بۆ 35 تووشبووی شێرپەنجەیان تۆمارکردووە.
دکتۆر چنار سنجاوی سەرۆكی كۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی
تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگهیاند، "لە هەرێمی کوردستان، شێرپەنجەی
مەمک بە پلەی یەکەم دێت، هاوکات لە هەمو جیهانیش بەو شێوەیەیە و 23%ی توشبووان، شێرپەنجەی
مەمک-ن و لە دوای ئەو، شێرپەنجەی کۆڵۆن و سییەکان لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە".
ئاماژهی بهوهشكرد، رێژەی توشبوانی ژن کەمێک زیاترە لە
پیاو لە 56% توشبون بە شێرپەنجە لە ژنان و لە 44%یش پیاوانە، چارەسەری شێرپەنجە بە
پێی پێویستییەکانی نەخۆش هەیە و نەشتەرگەریی پێویستییان بۆ دەكرێت، دوای نەشتەرگەری
چارەسەری کیمیایی هەیە.
سەرۆكی كۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی ئاماژەش
بەوە دەکات، کە چارەسەری کیمیایی هەموی لە نەخۆشخانە حکومییەکان بەردەستە و چارەسەری
تیشکیش لە سەنتەری ئاوات هەیە، لە سلێمانییش بە هەمانشێوە هەیە، بەڵام بۆ نەشتەرگەری
لە نەخۆشخانە حکومییەکان و تایبەتیش هەیە.
سنجاوی ئاماژە بەوەش دەکات کە سندوقی کۆمەکیش بۆ توشبوانی
شێرپەنجە زۆر کات تێچوی نەشتەرگەرییەکان دەگرێتە ئەستۆ، ئەو ڕێژەیەی توشبون کە تۆمار
دەکرێت، 25% بۆ 30%ی شارەکانی دیكهیه و لە هەرێمی کوردستان چارەسەر وەردەگرن و ڕاشیگەیاند،
"رێژەی توشبوان لە هەرێمی کوردستان لە خوار ڕێژەی ستانداردی جیهانییە، لە ماوەی
10 ساڵدا، زیاتر لە 71 هەزار و 74 توشبو تۆمارکراوە، ڕێژەی توشبون لە جیهان بۆ هەر
100 هەزار کەسێک 190 توشبوە، بەڵام لە کوردستان بۆ هەر 100 هەزار کەسێک 151 کەسە".
لە سهرهتای ئهمساڵهوه تا 30ی (حوزەیران/6) ڕۆژانه
نزیكهى 30 تا 35 نهخۆشى نوێ تۆماركراون، بەوەش ژمارهى نهخۆشانى تۆمارکراوی شێرپهنجه
لە شەش مانگدا، زیاتر له چوار هەزار کەس بوە، له پارێزگاى ههولێر نزیكهى هەزار
و 800 کەس، له پارێزگاى سلێمانى نزیكهى هەزار و 500 کەس، له پارێزگاى دهۆك نزیكهى
700 کەس بون. زیاترین ڕێژەى توشبو له پارێزگاى ههولێر لە پیاوان 46% و لە ئافرهتان
54% بوه، کە زۆربەی شێرپهنجهى مهمك و كۆڵۆن و سییهكانن.