212 تەندروستی

هۆشدارییه‌ك له‌ تەندروستیی هەولێره‌وه‌ لەبارەی شەپۆلی گەرماوه‌

09:37 - 21/06/2024

زه‌مه‌ن – هه‌ولێر

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر چەند رێنماییەکی بۆ هاوڵاتیان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، شەپۆلی گەرما کاریگەری لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان دەبێت.

 

دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ته‌ندروستی هه‌ولێر ده‌ڵێ" رەنگە شه‌پۆله‌كه‌ ببێتە هۆی ماندوێتی و بورانەوە بە گەرما بەتایبەتی لەنێو منداڵان و بەساڵاچووان و تووشبوانی نەخۆشی رەبۆ و نەخۆشی هەناسە.
ئاماژە بەوەش کراوە، پێویستە هاوڵاتیان لە ماڵ دەرنەچن و خۆیان نەخەنە بەر تیشکی خۆر یان کەشوهەوای گەرم بەتایبەت لە کاتژمێر ١٠ـی بەیانی تا ٤ـی ئێوارە، مەگەر زۆر پێویست بێت.

باس لەوەش کراوە، ئەگەر پێویست بوو لە گەرمترین کاتەکاندا بچیتە دەرەوەی ماڵ یان دامەزراوەکە، پێویستە جلوبەرگی سووک و رەنگ کاڵ لەگەڵ کڵاوێکی لێواری پان لەبەر بکەیت، یان چەتری خۆر لەگەڵ خۆتدا هەڵبگریت و چاویلکەی خۆر بەکار بهێنیت.

ئەوەش خراوەتە روو، پێویستە هاوڵاتیان دوور بکەونەوە لە پیاسەکردن لەبەر تیشکی راستەوخۆی خۆر و لە شوێنی سێبەردا پیاسە بکەن، لە ژێر تیشکی راستەوخۆی خۆردا وەرزش نەکەن و لە رووبارەکاندا مەلە نەکەن.

ئەوەش هاتووە، ئاو و شلەمەنییەکان بە رێژەیەکی زۆر بخورێنەوە، بەلایەنی کەمەوە سێ لیتر لە رۆژێکدا، لە هەمان کاتدا خواردنی سەوزە و میوە بۆ پاراستن و شێدارکردنی لەش.

لە راگەیەنراوەکەی تەندروستیی هەولێردا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەگەر تووشی نەخۆشییەکی درێژخایەن بوویت، پێویستە لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕدا پێداچوونەوە بە دەرمانەکانتدا بکەیت. جگە لەوەش لە شوێنی فێنک پشوو بدە کاتێک هەست بە نیشانەکانی فشاری گەرمی دەکەیت، وەک سەرگێژخواردن و سکچوون و سەرئێشەی توند.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن