144 تەندروستی

بەخشندە بە، نەک دەستبڵاو

04:56 - 10/08/2024

زەمەن _ تەندروستی

د.ماکۆک محەمەد
پزیشکی نەشتەرگەری و نەخۆشیەکانی چاو

ئەگێڕنەوە ڕۆژێک عەرەبێکی دەشتەکی دێت بۆلای پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر)، ئەڵێ: ئەی پەیامبەر، من کەسێکی هەژار و خاوەن مناڵم، هیچی وا شک نابەم بیدەم بە مناڵەکانم، بەشکم هاوکارییەکم بکەیت.

پەیامبەریش ئەفەرموێت: ئەوی ڕاستی بێت منیش هیچی وا لە ماڵەکەمدا شک نابەم، بەڵام ناونیشانی کەسێکت ئەدەمێ لە بازاڕ دوکانی گەنم و وشکەی هەیە، بڕۆ بۆلای دڵنیام بێبەشت ناکات.

کابرای هەژاری دەشتەکی ڕوو لە بازاڕ دەکات و دوای گەڕان و پرسیار ئەو دوکانە ئەدۆزێتەوە.

سڵاو لە دوکاندار دەکات و ئەڵێ: تۆ عبدالرحمنی کوڕی عەوفیت؟

دوکانداریش لەو کاتەدا قاپێکی بچوکی بەدەستەوەبوو، کونوقوژبنی دوکانەکەی ئەگەڕا و هەر دەنکە گەنمێکی ببینیایە کۆی ئەکردەوە و ئەیخستە ناو قاپەکەوە.

بەدەم کۆکردنەوەی دەنکە گەنمەوە وەڵامی سڵاوەکەی دایەوە و وتی بەڵێ من ئەوم.

کابرای دەشتەکی کەمێک ڕاماو و دیمەنی کۆکردنەوەی گەنمەکە حەپەساندی، لە دڵی خۆیدا وتی ئەم پیاوە زۆر ڕەزیلە، ئاوا دەنک دەنک کۆی بکاتەوە هیچ خێرێکی لێ نابێتەوە.

بۆیە بەبێ دەنگی کشایەوە دواوە و هیچی نەوت و دوکانەکەی بەجێهێشت.

عبدالرحمنی کوڕی عەوف، بانگی کرد و وتی: ئەی پیاو، سڵاوێکت کرد و هیچت نەوت! ئیشێکت هەبوو؟

ئەویش وتی وەڵا بۆ شتێک هاتم بەڵام پەشیمان بوومەوە، قەینا ، وازی لێ بێنە !!

عبدالرحمن وتی: هەر بیڵێیت باشترە، کێ ئەڵێ سودی نابێت.

کابرا وتی: وەڵا پێغەمبەری خوا ناردمی هەتا هاوکارییەکم بکەیت.

عبدالرحمن بەبێ چەند و چوون، یەکسەر وتی: کام فەردە گەنمە پڕە و زۆری تیایە بیبە و نۆشی گیانتان بێت.

کابرای دەشتەکی بە دڵخۆشی و پەرۆشەوە خێرا فەردە گەنمێکی پڕی دا بە شانیا و ڕۆشت.

دوو سێ هەنگاوی نا و گەڕایەوە، وتی توخوا شتێک لە دڵمایە حەزەکەم بیڵێم، گەردنم ئازادکە ئەگەر لەسەردڵت گران بێت.
عبدالرحمن وتی: فەرموو بیڵێ .

عەرەبی دەشتەکی وتی: تۆم بینی نەتهێشت یەک دەنکە گەنمت خەسارببێت، هەموویت کۆکردەوە، ئێستا چۆن دەستت تێیچوو ئەم فەردە گەنمە بدەیت بە من؟

عبدالرحمن زەردەخەنەیەکی کرد و وتی: ئێمە بە دەنک دەنک کۆی دەکەینەوە و بە فەردە دەیبەخشین.
...
هونەری کۆکردنەوەی پارە و شێوازی خەرجکردنی پێی ئەوترێت ئابوری، مەرج نیە کەسێک وردبێت لە کاسپیدا ئیتر ڕەزیل بێت، لەوانەیە لە کاتی پێویستدا زۆر بەخشندە بێت.

بەخشندەیی بە مانای دەستبڵاوی نایەت، بەخشندەیی واتە بزانیت چۆن پارە خەرج دەکەیت نەک پارە بەهەدەر بدەیت، بزانی لە چ کاتێک بۆ هاوکاری خەڵک بەکاری بهێنیت نەک بەکارت بهێنن و بە گێلت بزانن.

بەخشندەیی واتە ئەبێ کاتێک هاوکاری خەڵک بکەیت کە شوێنی خۆی بگرێت و ئەو کەسەش پێی بزانێت، نابێت بەشێوەیەک بێت کەسی بەرامبەر هیچ پێزانینێکی نەبێت و خودی چاکەش بێنرخ بکەیت.

چەندە ڕەزیلی ناشیرینە، هێندەش دەستبڵاوی ناشیرینە.

نابێت پارە تەخشان و پەخشان بکەیت تەنیا لەبەر ئەوەی پێت نەڵێن ڕەزیل.
...

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن