261 تەندروستی

دكتۆر هێمن زەمانی پزیشکی جوانکاری کورد خەڵاتێکی نێودەوڵەتی دەباتەوە

02:45 - 29/06/2024

زەمەن - تەندروستی

 

 لە پێشبڕكێكی نێودەوڵەتیدا پزیشكێكی جوانكاری كورد بەنوێنەرایەتی عێراق و هەرێمی كوردستان خەڵاتێكی نێودەوڵەتی دەباتەوە.

لەسەر ئاستی دنیا، بەدەستهێنانی خەڵاتە جیهانییەکان لەلایەن پسپۆڕانی کوردەوە گرنگیی خۆی هەیە و هۆکارێکی گەورەن بۆ ناساندنی کورد بە جیهان و لەلایەکی دیکەشەوە دەرخەری تواناکانی تاکی کوردە کە وەکو هەر میللەت و نەتەوەیەکی دیکە توانای داهێنان و بەرەوپیشچوونی زانستییان هەیە.

لە ماوەکانی رابردوودا لە شاری بانگکۆکی تایلاند کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بەناوی ”فیلمێد“ بەڕێوەچوو. ئەم کۆنفرانسە بۆنەیەکی جیهانییە و ئەو کەسانە دەتوانن وەک پاڵێوراو بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئەم بۆنەیە بەشداربن کە بەدەستهات و نوێگەرییان لە بوارەکەی خۆیاندا کردووە.

دكتۆر هێمن زەمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری، یەکێک بوو لە پاڵێوراوەکان بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئەم کۆنفرانسە. لەڕاستیدا لە بواری جوانکاریدا ئەو کەسانە دەپاڵێورێن کە بە شێوەیەکی گونجاو نەشتەرگەرییان بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕی چارەخوازان ئەنجامداوە و جوانکارییەکان سروشتیبوونێکیان پێوەدیاربێت. دكتۆر هێمن زەمان-یش یەکێک بووە لە براوەکانی ئەم خەڵاتە.


دكتۆر هێمن زەمان رایگەیاند ، لە ئیڤێنتێکی ئەکادیمیای فلمێتە کە ساڵانە لە وڵاتە جیاجیاکانی دونیادا دەکرێت، پزیشکانیش لە سەرتاسەری جیهاندا تێیدا بەشداری دەکەن، بۆ ئەمساڵی 2024، لە بانکۆکی پایتەختی تایلەند ئەم ئیڤێنتە کرا.
بەوتەی ئەو پزیشکە، "یەکێک لە بڕگەکانی ئەم کۆنفرانسە بریتییە لە؛ پێشبڕکێیەک لەنێوان پزیشکە جیاجیاکانی دونیا کە بەشداربوون، چەند ڕۆژێک بەر لە کۆنفڕانسەکە ئەوکارانەی کە لەبورای جوانکاری ڕووخساردا دەیکەن، دەینێرن بۆ ئەکادیمیایی فیلمێت، ئەو ئەکادیمیایە لەڕیگەی لیجنەیەکی هەڵسەنگاندن، کاری پزیشکەکان هەڵدەسەنگێنێت و بەراوردکارییان بۆ دەکات".

ئەو پزیشکە دەڵێت، "لەناو ئەم پزیشکانەدا پێنج پزیشک وەکو باشترین پزیشک کە کارەکانیان کردووە دەستنیشان دەکرێن و خەلات دەکرێن. لەناویاندا من وەکو پزیشکیکی جوانکاری عێراق و هەرێمی کوردستان کە بەشداریم کردبوو لە ئیڤێنتەکەدا، توانیم لەو پێنج پزیشەکەی کە هەڵبژێردرابوون براوەی یەکەم بم و خەلاتەکەش بەدەستبهێنم".

هێمن زەمان ڕاشیگەیاند، "لەدوای وەرگرتنی خەڵاتەکە هەریەک لە پزیشکەکان کارەکەی خۆی نمایش و پێشکەشی دەکات و باسی کارەکەی دەکات کە چۆن کردوویەتی و بەچ ڕێگەیەکیش ئەنجامیداوە. ئەوەشی زۆر جەختی لەسەر کرایەوە لە ئەکادیمیایەکە ئەوەیە کە کارەکان بەشێوازی زانستی و سروشتی بکرێت، بەجۆرێک ئەو جوانکارییەی بۆ ئەو مرۆڤەی دەکرێت هەست بەو جوانکارییە نەکرێت لەلایەن کەسانی دیکەوە، ئەوە خاڵی گرنگی کۆنفرانسەکە بوو کە زۆر جەختی لەسەر کرایەوە".

دكتۆر هێمن زەمان ئاماژەی بەوەدا کە وەک پزیشکی پسپۆڕ لەم بوارەدا، کاری ئێمە بریتییە لە چارەسەرکردنی ئەو ناڕێکییانەی لە شێوە و جەستەی مرۆڤدا دروستدەبن، بۆنموونە قووڵبوونی لاچاوەکان، یاخود زەقبوونی هێڵی پێکەنین لەسەر رووخساری کەسەکە. هەڵبەت پێویستە جوانکارییەکە بە شێوەیەک بێت کە سیمایەکی سروشتی بە کەسەکە بدات، نەک فۆرمێکی نائاسایی و سەیری پێوەدیاربێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن