106 تەندروستی

وەزیری تەندروستی : ڕێژەی شیرپەنجە لە هەرێم کەمترە لە ستانداردە جیهانیەکان

10:29 - 23/08/2024

زه‌مه‌ن - هه‌رێمی كوردستان

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ل دەڵێت ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستاندا کەمترە لە ستانداردی جیهانی و زیاتر 90٪ تووشبوانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانە گشتیەکاندا چارەسەر وەردەگرن.

دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ شاری سلێمانی ڕایگەیاند، "شێرپەنجە ڕووی لە زیاد بوونە لە جیهاندا، بەڵام ڕێژەی تووشبوون لە هەرێم زۆر کەمترە لە ڕێژەی ستانداردی نێودەوڵەتی. بە بەراورد بە وڵاتانی پێشکەوتوو بە پێی داتای تۆمارکراو لە هەرێم، ئامارەکان پێمان دەڵێن لە جیهاندا لە هەر سەد هەزار کەسێک 190 کەس تووش دەبێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا بۆ هەر سەد هەزار کەسێک 151 کەس تووش دەبێت، ئەمەش کەمترە لە ستانداردی جیهانی."

وتیشی، "پێداویستییەکانی شێرپەنجە لە ئاستێکی باشدایە، لە سەدا 85 بۆ 90 لە نەخۆشخانە گشتییەکان چارەسەر وەردەگرن، ڕاپۆرتە عیراقیەکان دەڵێن خزمەتگوزاری دژی شیرپەنجە باشە و لە ئاستێکی باشدایە."

ئێوارەی دوێنێ 22ی مانگی هەشت لە شاری سلێمانی کۆنفڕانسی دووەمی نەخۆشیەکانی خوێن و شیرپەنجە بە بەشداری وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی و چەندین پزیسکی پسپۆڕی ناوخۆیی و دەرەکی بەڕیوەچوو، لە کۆنفڕانسەکەدا تیشک خرایە سەر نەخۆشیەکانی خوێن و شیرپەنجە و ئاستی نەخۆشیەکە لە هەرێمی کوردستاندا.


بە پێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی شێرپەنجەی مەمک لە پلەی یەکەمدا دێت.

دکتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئاماری شێرپەنجە لە شەش مانگی ڕابردوو لە شاری سلێمانی 1416 حاڵەت تۆ مارکراوە، بەڵام نزیکەی سێ هەزار کۆد کراوە کە نەخۆشی خوێنیان هەبووە، بەڵام ناشێرپەنجەیین، بە بەراورد بە ڕابردوو ڕێژەکە زیاترە، بەڵام لە نیوان 2023 و 2024 جیاوازیەکی کەم هەیە."

وتیشی، "لە ساڵانی ڕبردووەوە هەتا ئێستا هیوا توانیوێتی لە پلەی یەکەمدا بمێنێتەوە لەسەر ئاستی عێراق، لەڕوانگەی چارەسەر وەرگرتن و ژمارەی نەخۆشیشدا کە لە سەرجەم عێراقەوە نەخۆش وەردەگرین."

ڕاشیگەیاند، "ئامارێک بە پێی جیۆگرافی نییە، ئامارەکان تێکەڵن، هەتا ئێستا لە نێوان شارەکان جیاوازی نییە لە شارێک بۆ شارێکی تر."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن