181 جیهان

پزیشکیان بۆ خەڵکی ئێران: بە تەنیا جێم مەهێڵن

03:55 - 06/07/2024

زەمەن _ جیهانی

 

 پەرلەمانی ئێران ئامادەیە بەگوێرەی ماددەی ١٢١ی دەستوور ، ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری بەڕێوە ببات، سەرۆکی نوێش داوا لە خەڵکی ئێران دەکات پشتی تێ نەکەن و بە تەنیای جێی نەهێڵن.

 ئەمڕۆ شەممە ٦ی تەمووزی ٢٠٢٤، مەجید بەخشیپوور ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند: دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختە و دەرکردنی مەرسوومی دەست بەکاربوونی مەسعود پزیشکیان لە سەرۆکایەتیی کۆماریی لە لایەن ئایەتوڵلا خامەنەییەوە، ئامادەن پشووی هاوینە هەڵوەشێنێتەوە و بە گوێرەی ماددەی ١٢١ی دەستوور، ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری بەڕێوە ببەن.

هەروەها وتیشی: کاتی سوێندخواردنەکە لە لایەن تیمی سەرۆککۆمارەوە دەستنیشان دەکرێت و پەرلەمان ئامادەیە تەنانەت لە کاتی پشووی هاوینەشدا ئەم ڕێوڕەسمە بەڕێوە ببات بۆ ئەوەی کارەکانی حکوومەت دوا نەکەون.

بەپێی ماددەی ٢٠٢ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی ئێران، سەرۆککۆمار دەبێ لە دوو هەفتەدا پاش سوێندخواردنی سەرۆککۆمار، کارنامە و پلانی حکوومەت و ناوی وەزیرەکانی لەگەڵ سیڤییەکانیان ڕادەستی پەرلەمان بکات، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی دەنگدان و پەسەندکردنی کابینەکەی ڕێک بخرێت.

هاوکات مەسعود پزیشکیان دوای دەرچوونی بە نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "هەڵبژاردن تەواو بوو، بەڵام ئەمە سەرەتای ڕێگەکەیە و ڕێگەیەکی دژوارمان لە پێشە کە بەبێ هاوکاری و هاودڵی و متمانەی خەڵک ناتوانین بیبڕین".

پزیشکیان دەشڵێت: "دەستم بۆ لای ئێوە درێژ دەکەم و سوێندی شەرەف دەخۆم کە لەم ڕێگەیەدا بە تەنیا جێتان ناهێڵم، ئێوەش بە تەنیا جێم مەهێڵن".

ڕۆژی هەینی ٥ی تەممووز، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی چواردەهەمین خولی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران بەڕێوە چوو، مەسعود پزیشکیان کاندیدی ڕیفۆرمخوازەکان بە دەنگی زۆرینە توانی بەرامبەر بە کاندیدای نەریتخوازەکان، سەعید جەلیلی، سەر بکەوێت و ببێتە نۆیەمین سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن