58وتار

کوردی باشوور، نائومێدی، باوەڕ بە هیچ نەمان، هیچگەرایی (نیهلیزم)

9/28/2024 1:13:00 PM
‌ئالان عەتوف

کوردی باشوور ئەو شێرە نیهلیستە‌ی نیتشه‌یه‌ کە تەنها دەتوانێت بەها کۆنەکان لەناو ببات بێ ئەوەی بتوانێت بەهای نوێ دروستبکات؟ كه‌متره‌ یان زیاتر؟ 

 لە زۆر ناوەند و ووتار و کۆمێنت و میدیا وشوێنەوە دەبیستین کە کوردی باشوور تووشی نائومێدیی بووە، هیچ بەدیلێک بۆ دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری خۆی شک نابات. بەمەش کوردی باشوور  بە نابەدڵی کەوتووەتە دۆخێکەوە کە تەسلیم بووە بەو واقعەی کە ئێستا هەیە. 
گەر ئەمە راست بێت کە تاکی کوردی باشوور نائومێدە، کە بە نابەدڵی تەسلیم بووە، واتە بە ویستی خۆی شت ئەنجام نایات، كه‌واتە تاکی کوردی لە ژێر فشاردایە و لە دۆخی پەرچەکردارێکدایە لەناوەوەی خۆیدا چونکە نە خۆی پێ دەگۆردرێت نە دەوروبەرەکەی. 

 

گەر وابێت واتە تاكی كوردی گەیشتووە بە دۆخی هیچگەرایی یا (نیهلیزم) یان ئەو دۆخەی کە نیتشە به‌ دۆخی (دوا مرۆڤ) ناوزه‌دی ده‌كات. (دوا مرۆڤ – last man) ئەو دۆخەیە کە تێیدا تێده‌گه‌ین لەوەی کە پێویستە بەها کۆنەکان رەتبکه‌ینه‌وە بەڵام شوکرین بەو دۆخەی كه‌ تێیداین و هەوڵ ناده‌ین بەهای نوێ دروست بکه‌ین. ئه‌مه‌ بۆ هه‌موو كایه‌كان راسته‌، ئیدی ره‌تكردنه‌وه‌ی به‌ها كلتووریه‌كان بێت یان به‌ها سیاسییه‌كان یا كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و به‌های ناو كایه‌كاكانی تریش.

 

نیتشە کەمێک لەمەدا کۆمەکمان دەکات. بەم پێیە بێت کوردی باشوور هەم لە دۆخی هیچگەرایی و هەم لە دۆخی (دوا مرۆڤ – last man)ی نیتشەدایە. چونکە بە قسەی نیتشە بێت، ئەو ساتەی دەکەوینە دۆخی بێ باوەڕی رەها و هیچگەراییەوە (نیهلیزم)ەوە، ئەوە ئەو ساتەیە کە ئامادە دەبین بۆ سەرڕێخستنی (دووبارە هەڵسەنگاندنەوە و گۆڕانکاریکردن - transvaluation) لە کۆی بەهاکاندا. نیتشە ئەم پرۆسەیە ناو دەنێت (transvaluation). هەر بۆیەش نیتشە کۆی نوسینەکانی و فیکری خۆی وا وه‌سف ده‌كات كه‌ بریتین له‌ پرۆسه‌یه‌كی (دووبارە هەڵسەنگاندنەوە و گۆڕانکاریکردن – transvaluation) چونکە پێی وابووە کە ئەوروپاش لە سەردەمی ئەودا کەوتووه‌ته‌ دۆخێکی هیچگەراییەوه‌ و لای وابووه‌ ئیدی دەبێت ئەوروپاش دەرگا بخاتە سەر پشت بۆ هیچگەرایی. 

 

ئایا هەمان شت راستە کە کوردی باشووریش ئامادەیە دەرگا بۆ ئەم هیچگەراییە بخاتە سەر پشت؟ تۆزێکی تر بۆمان ده‌رده‌کەوێت. بەم پێیە بێت، واته كاتێک تاک یان کۆمەڵگە تەسلیم ده‌بێت و باوەڕی به هیچ نامێنێت خۆی له خۆیدا و به جۆرێك ساز و ئاماده ده بێت بۆ رەتکردنەوەی بەهاکانی پێشوو و داهێنان و دروستکردنی بەهای نوێ. 

 

لە کتێبی (وەها دووا زەردەشت)دا، نیتشە ئاماژە دەدات بە دروستبوونی (دوا مرۆڤ – last man). دوا مرۆڤ کێیە؟ لای نیتشە دوا مرۆڤ نەفرەتلێکراوترین مرۆڤە لەبەرئەوەی چی دی لە توانایدا نییە خۆی رەتبکاتەوە. نە دەیەوێت حوکمڕان بێت نە حوکمکراو، نە دەیەوێت دەوڵەمەند بێت نە هەژار، دەیەوێت هەمووان لە یەک بچن و هەمان شت ئەنجام بدەن. "دوا مرۆڤەکان دەڵێن 'ئێمە بەختەوەریمان دروستکردووە' و چاویشیان دەتروکێنن،" ئەمە قسەی زەردەشتە کاتێک زەردەشت دەیەوێت وەسفی دوا مرۆڤ بکات و خەڵک بەئاگابهێنێتەوە دەربارەی ئەم جۆرە مرۆڤە. بۆیە لە کتێبەکەدا گوێگرانی زەردەشت سەراسیمە دەبن بەو وێنەیەی کە زەردەشت لەسەر دوا مرۆڤ دەیکێشێت و دەڵێت، "مرۆڤی هاوچەرخ هێشتا دوا مرۆڤ نییە، بەڵکو دوا مرۆڤ ئایدیاڵەکەیەتی".

 

بەڵام نیتشە جیاوازییەکە دەکات لە نێوان (دوا مرۆڤ) و  (هیچگەراییدا) و لای وایە کە هیچگەرایی ناڕەزایەتییەکە بەرامبەر رێبازی دوا مرۆڤ. هەر ئەمەشە وامان لێئەکات بڵێین، کوردی باشوور هێشتا لە دۆخی دوامرۆڤدایە، هێشتا بەرزنەبووەتەوە بۆ دۆخی هیچگەرایی تەواو کە پێدەچێت دۆخێک بێت کە پێویسته‌ بە هۆشیارییەوە پێی بگەین. هاوکێشەکە بۆ هیچگەرایی بەم شێوەیەیە: هیچ شتێک راست نییە، هەموو شتێک رێگەپێدراوە. هه‌ر لەبەرئەوەی سەلمێنراوە کە هەموو تموح و ئایدیاڵەکان مانایان نەماوە، ئیدی مرۆڤەکان ناتوانن خۆیان بۆ دۆزێک تەرخان بکەن: (واتە هیچ ئایندەیەکیان نییە (ویست)یان هەبێت بۆی). 

 

بۆیە خەریکە بۆمان دەردەکەوێت كه‌ ئه‌گه‌ر گەر بەم هاوکێشەیە بێت، کوردی باشوور چەند قۆناغێک لە دواوەیە بۆ ئەوەی توانستی گۆڕانکاری دروستکردن لەخۆیدا بچێنێت. ئێمە جارێ باس لە قۆناغی خۆ نەجاتدان دەکەین لەو دۆخی (دوا مرۆڤ)ەی کوردی باشوور تێی کەوتووە، ئنجا نۆرەی ئەوەیە هیچگەرایی لەخۆ بگرێت و قۆناغی (دووبارە هەڵسەنگاندنەوە و گۆڕانکاریکردن) سەرڕێ بخات و ئنجا بگاتە ئەو دۆخەی کە نیتشە پێی دەڵێت (مرۆڤی باڵا – Superman). ئەم قۆناغانەش هەمووی ئیش کردنە لە خۆتدا، واتە لەسەر ئاستی تاک چونکە نیتشە بیرمەندێکی تاکگەرایە و هەموو پرۆژەکەی تەرکیز لەسەر تاک دەکات بە پێچەوانەی هیگڵەوە کە پرۆژە فیکریەکەی تەرکیز لەسەر دروسترکردنی فەزایەکی گشتی دەکات کە هەمووان تیایدا ئازاد بن. دوایی کەمێک باسی ئەو لایەنەی هیگڵ دەکەین. 

 

بەڵام بە رای نیتشە بێت، کیفایەت نابێت کە کوردی باشووری لە دۆخی (دوا مرۆڤ)دا بمێنێتەوە و دەبێت تەکانێک بەخۆی بات تا بە هۆشیارییەوە بگات بە (هیچگەرایی – نیهلیزم)ی تەواو چونکە وەک وتمان هیچگەرایی توانستت پێ دەبەخشێت بەها نوێیەکان دابهێنیت. 

 

بە مانایەکی تر لای نیتشە (بێ باوەڕی و هیچگەرایی ساتی گەورەترین مەترسی نین لەسەر مرۆڤ بەڵكو ساتی دروستبوونی گەورەترین شیاوبوونی مرۆڤیشن چونکە دروستکردنی باڵای بەهاکانی ئایندە مومکین دەکەن). 

 

بۆ ئەوەی بگەین بەمە، نیتشە رەچەتەیەکی تر پێشکەش دەکات. پێشنیاری دروستکردنی (مرۆڤی باڵا – Superman) دەکات. سوپەرمان (مرۆڤی باڵا) پرۆژەی نیتشەیە بۆ ئایندەی مرۆڤ. مەبەست لێی بەدیهێنان و تێپەڕاندنی بەرزترین ئایدیاڵەکانی مرۆڤە کە پێشتر بیریان لێ کراوەتەوە. 
مرۆڤی باڵا بەشێکی شاعیرە، بەشێکی فەیەسوف، بەشێكی (کەشیش یا قدیس).  شاعیرە چونکە ئەفرێنەرە، بەڵام زیاترە لە شاعیرەکانی ئەمڕۆمان کە نیتشە رەخنەیان لێدەگرێت بەهۆی ئەوەی درۆزنن "ئەو پێدراوانە ساختە دەکەن کە مانایان نییە" و لەبەرئەوەی شکست دەهێنن لەوەی بەهای نوێ بخولقێنن، لەبری ئەوە وەک خزمەتکارەکانی ئەخلاقی نەریتی هەڵسوکەوت دەکەن. 

 

مرۆڤی باڵا بەهای نوێ دروستدەکات بۆیە لەم رووەوە لە (فەیلەسوفی نەریتی دەچێت)، بەڵام دروستکراوەکانی خود-ئاگایانە دەبن. 

 

دواجار، مرۆڤی باڵا لە کەشیش دەچێت چونکە رۆحی هەموو ئەو قووڵییەی تێدایە کە مەسیحیەت بەخشیویەتی بە مرۆڤ [ئەمە شکۆداکردنی مەسیحیەت نییە له‌لایه‌ن نیتشه‌وه‌. لێرەدا باسی ناکەین لەبەر درێژەنەبوونەوەی بابەتەکە].

 

مرۆڤی باڵا دەبێت بویسترێت. هیچ زەرورەتێک نییە بۆ ئەوەی دەربکەوێت؛ ئەو تەنها شیمانە یان دەرفەتێکە بۆ ئایندە. 

 

(کەواتە گرفتە گەورەکە ئەوە یەکە مرۆڤ چی دی لەتوانایدا نییە مرۆڤ بێت؛ یا دەبێت بەرزبێتەوە بۆ مرۆڤی باڵا  یان دەبێت رۆبچێت و ببێتە خوار مرۆڤ (Subhuman).  واتە لێرەدا و لەم سیاقەدا کە دەکەوینە هیچگەراییەوە، هیچ بژاردەیەکی ترمان لەبەردەمدا نییە. گەر دۆخی مرۆڤی باڵا بەدەست نەهێنین، دەبینە خوار مرۆڤ، واتە لە مرۆڤ کەمتر.)

 

مرۆڤی باڵا پرۆژەی (ئازادی) نیتشەیە بۆ ئایندەی مرۆڤ، بەڵام ڕیشەکانی کە داکوتراون لە ئایدیاڵەکانی رابردووی مرۆڤدا و تێیان دەپەڕێنێت.. مرۆڤی باڵا نوێنەرایەتی سێهەم مەسخی رۆح دەکات. ئەو شێرە نیهلیستەی کە تەنها دەتوانێت بڵێت "من ویست (ئیرادەم) هەیە" و بەها کۆنەکان لەناودەبات بەبێ ئەوەی بتوانێت بەها نوێیەکان دروستبکات جێگەی دەگیرێتەوە بەو منداڵەی کە دەڵێت "من هەم یا من بوونم هەیە – I am".

 

(وه‌ك پێشینه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ته‌شبیهه‌ تێبگه‌ین، لە (زەردەشت وەها دووا)دا، مەسیحیەت وەک مەسخی رۆحیی مرۆڤ لەقەڵەم دەدرێت، کە بە قبوڵکردنی مەسیحییەت دەبێتە حوشتر. خۆی بار دەکات بە پابەندبوونە ئەخلاقییەکان کە فەرمان بە رۆح دەکەن: "تۆ دەبێت .....". مرۆڤ خۆی "بار دەکات" بە مەرگی هەستی شانازی خۆی، بە كه‌م سه‌یركردنی دانایی خۆی، بە دڵسۆزی بۆ دۆزە دۆڕاوەکان، و بە گەڕان بۆ حەقیقەت. حوشترەکە دەیداتە بیابان بەڵام [لێرەدا) دووەم [قۆناغی] مەسخ روودەات: رۆحی مرۆڤ دەبێتە شێر. لە دژی ئەو (بار)کرانەی خۆی یاخی دەبێت. دڕندەی پاپەندییەکان لەناو دەبات؛ لەبری گوێگرتن بۆ فەرمانی دڕندەکە کە دەڵێت "تۆ دەبێت ...."، ئێستا بەخۆی دەڵێت "من ویستم (ئیرادەم) هەیە .....". بەڵام لە کاتێکدا شێر رەنگە دڕندەی بەهاکان بکوژێت کە لە پێش (ویست - ئیرادەی) مرۆڤەوە دێت، بەڵام ناتوانێت بەهای نوێ دروست بکات؛ بۆیە لە بیاباندا [بە تەنها] جێ دەمێنێت.)

 

بۆیە لەمەوە تێدەگەین کە ئیشی نیتشە ئەوەبووە کە نەیویستووە رێگەیەکی عەمەلی سیاسیانە پێشنیاربکات کە وابکات ئەگەری مرۆڤی باڵا بکاتە واقیع. واتە بە پێچەوانەی هیگڵەوە، نیشتە ئیش لەسەر چاککردنی تاک دەکات نەک ئەوەی (مرۆڤی باڵا) بکاتە پرۆژەیەکی سیاسی ناو فەزای گشتی. 

 

لە نیتشەدا مەیلێکی بەهێزی تاکگەرایی (individualism) رادیکاڵ هەیە. ئامۆژگاری مرۆڤەکان دەکات ببنە خودی راستەقینە. ئامۆژگاری مرۆڤەکان دەکات کە بەدوای تەنیاییدا بگەڕێن، لە ژیانی گشتی هەڵبێن، شێوازە دامەزراوەکانی رەفتار و بیرکردنەوە رەتبکەنەوە. لەم بۆچوونەوە رەنگە بتوانین دووپاتی بکەینەوە کە مرۆڤی باڵا نوێنەرایەتی چارەسەرێکی نا-سیاسی دەکات بۆ قەیرانە سەراپاگیرەکەی مۆدێرنیتی. [بەڵام لەولاوە هیگڵ ئەمانگرێتەوە و دەڵێت چارمان نییە کە هەموومان لە فەزایەکەی گشتیدا بژین کە دەوڵەت فەرامی دەکات و سازش بکەین لە ئارەزوو و تموحە تایبەتییەکانمان).

 

بە رای من هەردوو رێبازەکەی نیتشە و هیگڵ پێویستن بۆ ئێستای کورد کە بریتین لە (ئیشککردنی لەسەر تاکگەرایی و ئیشکردنی لەسەر دروستکردنی سیستەمێک بۆ هەمووان و فەزای گشتی).

 

بەم پێیە بێت تاکی کوردی دەبێت پرۆژەی هەبێت بۆ خۆی و بۆ ئایندەی خۆی. پرسیار ئایا چۆن توانستی بۆ دروستبکەین هەنگاوێک بەرەو هیچگەرایی راستەقینە بڕوات و بیر بکاتەوە لە دروستکردنەوەی ئایندەی خۆی؟ پێ ئەچێت وەڵامە قورس بێت. 

 

هەر چەند لەوانەیە زوو بێت باسی رەچەتەی هیگڵ بکەین بۆ دۆخی کوردستانی باشوور بەڵام لەوانەیە بەسوود بێت بۆ ئەم سیاقە. 

 

هیگڵ متمانەی هەیە بە عەقڵ وەک ناوەندێک بۆ ئاشتبوونەوەی گەردوونی. وەک کیێرگیگارد، هیگڵیش دان بەوەدا دەنێت کە ژیانی مۆدێرن بە تەنگژە دەورە دراوە – تەنگژە لەنێوان تاک و کۆمەڵگەدا، تەنگژە لەنێوان ئازادی و زەروورەتدا، تەنگژە لەنێوان زانست و ئیماندا. هیگڵ دەڵێت، عەقڵ ئەو جۆرە دەسەڵاتە یان “رۆح”ەیە کە کۆشش ئەکات بۆ مانیفێست کردنی خۆی لە جیهانا. وەک بینیمان، نیتشە باس لە عەقڵانیەت ناکات بەڵکو لە زۆر شوێندا دژی ده‌وه‌ستێته‌وه‌. به‌ نموونه‌ نیتشە ئیدانەی هەردووک دەوڵەتی مۆدێرن و کۆمەڵگەی مۆدێرن دەکات. دەوڵەت بتێکی بەهێز و نوێیە، بەڵام نیتشە لە غەمی لەناوبردنی بتەکاندایە. دەوڵەت تەنها سەرخانێکە (superstructure) کە لەسەر بنەمای کوالیتی ناوازەی گەلێک دامەزراوە، بەڵام ئەو ناوازەییە دەشێوێنێت: دەوڵەت بانگەشەی دۆکترینێکی گەردوونیی دەکات وەک مافەکانی مرۆڤ. بەڵام ئەم گەردوونیبوونە رووکەشە بلیمەتیی گەلانێکی دیاریکراو لەناودەبات، ماشێنە بێ کەسایەتییەکەی [دەوڵەت]، مرۆڤ لە کەسایەتیبوون دەخات. کوالیتیەکی ساختە باڵ بەسەر کۆمەڵگەدا دەکێشێت. سەرکەوتن لە بازاڕدا نیشانەی بێ نرخیی دەبێت. دەبێت، پێچەوانەی خودی رەسەنی خۆمان، ببینە ئەکتەر تا سەرکەوتوو بین. [بوار نییە باسی ئەم لایەنە بکەین].

 

به‌ڵام له‌ولاوه‌ تاقیکردنەوەی تەحقیقی-خود [لای هیگڵ] نەخشەیەکی دیالێکتیکی هەیە: عەقڵ سەردەکەوێت بەسەر ناکامڵیی خۆیدا، زیاتر لە قوتابیەک دەچێت کە پێویستە لەسەری لە پرۆسەی فێربووندا رووبەڕووی سەختیی ناوبەناو ببێتەوە بەڵام دواجار لەرێی کۆششەوە کامڵیی و تێگەیشتن بەدەست دەهێنێت.

 

بۆیە لەرووی سیاسیەوە، دیالێکتیکی [هیگڵ] واتە سەرهەڵدانی حکومەتی دەستووریی و کامڵبوونی کۆمەڵگەیەک کە هیچ تاکێک تیایا بێ ئازادی نابێت. لەبەرئەوە بەلای هیگڵەوە کۆمەڵگەیەکی تەواو مۆدێرن کۆمەڵگەیەکی تەواو عەقڵانیە، و – ئەمەش خاڵێکی جەوهەریە – لەبەرئەوە عەقڵانیەت سیفەتێکی هاوبەشە لەلایەن هەموو تاکەکانەوە. لە جیهانێکی عەقڵانیدا چی دی تاک هەست بە هاودژیی ناکات لەنێوانی بەرژەوەندی خود و چاکەی گشتیدا. لێکۆڵەری بواری هیگڵ، تێری پینکارد، ئەم بیرۆکەیە ناودەنێت "کۆمەڵایەتیبوونی عەقڵ. 

 

باس لە گەیشتن بەم دۆخەی كه‌ هیگڵ داوای ده‌كات ناکەین بۆ کوردی باشوور چونکە دۆخی دەستوورگەرایی زۆر دواتر دێت لە گەیشتن بە ئەو پرۆژە تاکگەراییەی نیتشە هەیەتی بۆ دۆخی چاککردنی تاک. 

 

لێرەیا دەوەستین. بەڵام بەرمەبنای دیزاینی نیتشە بۆ جۆرە مرۆڤێکی نوێ کە من ناوی دەنێم (مرۆڤی پاش-هیچگەرایی)، ئایا تاکی کوردی چۆن بتوانێت لە دۆخی (دوا مرۆڤ)ی نیتشە قوتاری بێت و تاکی کوردی پۆست-هیچگەرایی دەبێت چۆن بێت؟ 
به‌ سوود وه‌رگرتن له‌: کتێبی مێژووی فەلسەفەی سیاسی -  ئامادەکردنی لیۆ شتراوس و جۆزێف کرۆپسی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن