24وتار

ئەگەر و لێکەوتەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

10/1/2024 10:59:00 AM
بڵند دلێر شاوەیس

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو گرنگی زیاتری پێدەدرێت چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش، لەگەڵ هیوامان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئارام و بێ گرفت، پێدەچێت ئەم هەڵبژاردنە تاقیکردنەوەیەکی گرنگ بێت بۆ پرسی دیموکراسی و پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان کە ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر چارەنوسی ئەم قەوارە فیدراڵییە.

لەم هەڵبژاردنەدا قوڵبونەوەی ناکۆکی نێوان حزبەکانی دەسەڵات و زیادبونی ژمارەی حزب و لیستەکانی ئۆپۆزسیۆن بە ئاشکرا بەدی دەکرێت، کە ڕەنگە گڕوتینێکی زیاتر بدات بە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن و بەشداریکردنی هاوڵاتیان لە پرۆسەی دەنگدان. 

لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و خوێندنەوەی جوڵەی لایەنەکان دەکرێت پێشبینی بۆ ئەنجام و کاریگەری و لێکەوتەی ئەم هەڵبژاردنە بکرێت لەسەر ناوخۆی حزبەکان و دۆخی هەرێم و پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەلایەک و پەیوەندییە هەرێمایەتییەکانی لەلایەکی تر :

١- ئەم هەڵبژاردنە ئاستی هوشیاری دەنگدەر و ئەو ئاڕاستەیە ڕوون دەکاتەوە کە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان پیایدا تێدەپەڕن و شایستەیی گەل دیاری دەکات، دۆخی ئابوری و گرفتەکانی حوکمڕانی کاریگەری بەرچاویان دەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکە.

٢- ئەگەری دابەشبوونی دەنگەکان زۆرە بە هۆی زۆری لیست و قەوارەکان و کەمکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان بۆ (١٠٠) کورسی و دیاریکردنی کورسی کۆتای پێکهاتەکان بە پێنج کورسی  لە کۆی (١٠٠) کورسییەکە بە گوێرەی بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە (٨٣ وموحدتیها ۱۳۱ و ۱۸٥ /اتحادية /۲۰۲۳) لە ٢٠٢٤/٢/٢١ و بڕیاری ژمارە (١٢٦/اتحادية/۲۰۲٤) لە ٢٠٢٤/٥/٢١ و (نظام توزیع المقاعد واستبدال الاعظاء لبرلمان كوردستان - العراق رقم ۹ لسنة ۲۰۲٤ الصادر عن المفوضية العليا المستقلة للانتخابات).

بۆیە پێشبینی دەکرێت نەخشەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان گۆڕانکاری بەسەردا بێت و جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی دیکە سوپڕایز لەخۆ بگرێت.

٣- بە ئەگەرێکی زۆرەوە پێکهێنانی حکومەت لە دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئاڵۆزتر دەبێت و کاتی زیاتری دەوێت بەراورد بە خولی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بە هۆی ئەوەی ڕەنگە بە زیاتر لە دوو لیست بتوانن (نیوە + یەک) بەدەست بهێنن.

٤- ئەم هەڵبژاردنە ئایندە و چارەنوسی هەندێک لە حزب و قەوارەکان دیاریدەکات، لەگەڵ ئەوەشدا چارەنوسی سیاسی هەندێک کەسایەتی بەندە بە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەوە.

٥- ئەنجامەکەی بنەمایەک دەبێت بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندی نێوان حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێم، لەسەر بنەمای دەستور و یاسای بودجە و بڕیارەکانی دادگای باڵای ئیتیحادی. 

٦- کاریگەری دەبێت لەسەر دیاری کردنی چارەنوسی وەزارەتەکانی پێشمەرگە و دارایی و سامانە سروشتیەکان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بە پێی مادەکانی(٨٤ و ١١٠ و ١٢١) لە دەستور و بڕیارەکانی دادگای باڵای ئیتیحادی.

٧- کاریگەری دەبێت لەسەر دەرچونی یاسای نەوت و گازی ئیتیحادی بە گوێرەی (م١١٢، اولا) لە دەستور و یاسای بەڕێوەبردنی گومرگەکان بە گوێرەی(م١١٤، اولا) لە دەستور.

٨- ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە کاریگەری دەبێت لەسەر ڕێکخستنەوەی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی هەرێمی و لێکەوتەی دەبێت لەسەر دۆخ و چارەنوسی هێز و لایەنە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان.

ئەوەی ماوەتەوە بگوترێت لە خودی هەڵبژاردنەکە و تێپەڕاندنی پرۆسەکە بە ئارامی گرنگتر قبوڵکردنی ئەنجامەکەیەتی، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر مانەوەی ئەم هەرێمە فیدراڵییە بە یەکگرتویی، بە پێچەوانەوە ئەگەری دابەش بوونی هەیە لەکاتێکدا کە (م ١١٩)ی دەستوریش ڕێگە دەدات.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن