1595 جیهان

چۆن سیخوڕەکانی مۆساد دزەیان کردە ناو حزبوڵڵای لوبنان؟

09:55 - 05/10/2024

زەمەن - ناوچەیی

لە شەڕی ٢٠٠٦ لەگەڵ حزبوڵڵا، ئیسرائیل سێ جار هەوڵی تیرۆرکردنی “سەید حەسەن نەسروڵڵا”ی دا و هەر سێ جارەکە شکستی هێنا. بەڵام شەوی هەینی سوپای ئیسرائیل قەرەبووی ئەو هەڵانەی کردەوە. تەلئەبیب لە بنکەیەکدا لەژێر کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبون (شوقە) لە باشووری بەیروت شوێنپێی سەرۆکی حزبوڵڵای هەڵگرت و ٨٠ بۆمبی بەسەر ناوچەکەدا فڕێ دا، بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی کە لە ژیاندا نەماوە. لەم هێرشەدا لانی کەم ٤ بینای نیشتەجێبوون وێران بوون. بە گوتەی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئیسرائیل، ئەوەی لە ماوەی 4 هەفتەدا ڕێڕەوی ململانێکانی گۆڕی و گورزی وێرانکەری لە یەکێک لە گەورەترین ڕکابەرە ناوچەیییەکانی ئیسرائیل گەیاند، قووڵایی و کوالیتیی ئەو زانیارییانە بوو کە ئیسرائیل لە ماوەی 2 مانگی ڕابردوودا بەدەستی هێنا و، یەکەمیان ئەنجامەکەی لە تیرۆرکردنی فەواد شوکر، دەستی ڕاستی سەید حەسەن نەسروڵڵا لە ٣٠ی تەممووزدا دەرکەوت.

ئەم بەرپرسانە گۆڕانکارییە گەورەکە لە هەوڵە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر جموجۆڵەکانی حزبوڵڵا دوای شکستی ئیسرائیل لە ساڵی 2006 ڕوون دەکەنەوە. لە پاش ئەو ڕووداوە و ماوەی دوو دەیەی پاشتردا، یەکەی هەواڵگریی ئاڵۆزی ئیسرائیل، یەکەی ٨٢٠٠ و دەزگەی هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل (أَمَان)، بڕێکی زۆر زانیارییان بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتەی ئەو گرووپە چەکدارەی کە لە سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل گەشەی دەکرد، کۆ کردەوە.

بە گوتەی میری ئیسین (Miri Eisin)، ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی ئیسرائیل؛ ئەم کۆکردنەوەی هەواڵگرییە پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی هەبوو لە شێوازی سەیرکردنی حزبوڵڵا وەک بزووتنەوەیەکی گەریلاییی لوبنانی کە سینگی بۆ ئیرادە و کۆڵنەدانی ئیسرائیلی دەرپەڕاندبوو لەو تاڵاوە ١٨ ساڵییەی داگیرکردنی باشووری لوبنان. بۆ ئیسرائیل، داگیرکارییەکە بە پاشەکشەیەکی شەرمەزارکەر لە ساڵی ٢٠٠٠ و شکستێکی بەرچاو لە کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری کۆتایی هات.

بە گوتەی ئیسین، لە بری ئەوە، هەواڵگریی ئیسرائیل دەرچەی ڕوانینی خۆی فراوانتر کرد بۆ چاودێریکردنی تەواوی حزبوڵڵا و لە دەرەوەی باڵی سەربازیی ئەو گرووپە، تەماحە سیاسییەکانی و، هەروەها فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران و پەیوەندییەکانی سەید حەسەن نەسروڵڵا لەگەڵ بەشار ئەسەد لە سووریا خرایە ژێر چاودێرییەوە. هەروەها ئیسین دەڵێت: بۆ ماوەی نزیکەی دە ساڵ هەواڵگریی ئیسرائیل حزبوڵڵای وەک “سوپایەکی تیرۆر” دەبینی نەک گرووپێکی تیرۆریستی “وەک ئوسامە بن لادن لە ئەشکەوتێکدا”. ئەوەیش گۆڕانکارییەکی چەمکییانە (conceptual shift) بوو کە ئیسرائیلی ناچار کرد بەوردی و بەبەرفراوانی لە حزبوڵڵا بکۆڵێتەوە وەک هێزەکانی دیکە، بۆ نموونە سوپای سووریا.

لە هەمان کاتدا کە حزبوڵڵا بەهێز بوو و بەتایبەتی لە سەروبەندی ناردنی هێز بۆ سووریا بۆ یارمەتیدانی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد لە ساڵی ٢٠١٢، ئیسرائیل دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا ڕێوشوێنی هەواڵگریی پێویست بگرێتە بەر. دەرەنجامەکە بەدەستهێنانی “وێنەیەکی هەواڵگری”ی چڕ بوو کە بۆ نموونە؛ کێ بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی حزبوڵڵا بووە، کێ پلەی بەرزی پێ دەدرێت، کێ گەندەڵ بووە یان تازە لە سەفەرێکی نادیار گەڕاوەتەوە.

لە کاتێکدا چەکدارانی حزبوڵڵا لە جەنگی سووریادا ئەزموونیان وەردەگرت و شارەزا دەبوون، ژمارەی هێزەکانی ئەم گرووپە بەرەو زیادبوون دەچوو بۆ ئەوەی لەگەڵ فراوانبوونی بازنەی ململانێکان بگونجێن. بەڵام هەر ئەم ئەندامگیرییانەی هێزی نوێ، وای لێ کردن کە لە بەرامبەر سیخوڕەکانی ئیسرائیل کە بریکارەکانیان لەناو حزبوڵڵا دادەنێن یان بە دوای کەسانی ناڕازی و پەشیماندا دەگەڕان، لاواز بن.

ڕاندا سلیم (Randa Slim)، شرۆڤەکاری ئینستیتیۆتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن دەڵێت: سووریا سەرەتای فراوانبوونی حزبوڵڵا بوو… ئەم دۆخە، میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردنی ناوخۆی ڕێکخراوەکەی لاواز کرد و دەرگەی حزبوڵڵای بە ئاستێکی بەرفراوان لە بەردەم دزەکردنەوە، ئاوەڵا کرد.

هەروەها جەنگی سووریا، بۆ ئیسرائیل دەوڵەمەندکردنی زانیاری و داتاکانی لێ کەوتەوە، کە بەشێکی زۆریان بەئاشکرا لەبەردەستی سیخوڕەکانی ئیسرائیل و ئەلگۆریتمەکانیاندا بوو. بۆ نموونە، بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنی پرسە لە شێوەی “پۆستەری شەهید” کە بەبەردەوامی حزبوڵڵا بەکاری دەهێنا، زانیاریی لەسەر شاری لەدایکبوونی ئەو کەسە و شوێنی مردنی و بازنەی هاوڕێیانی کوژراوەکەی تێدا بوو کە حزبوڵڵا هەواڵەکەیان لە سۆشیال میدیا بڵاو دەکردەوە. هەروەها پرسەکە دەبووە هۆی ئەوەی بەرپرسانی باڵای ڕێکخراوەکە، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بووبێت، لە سێبەر دەربچن.

لەم بارەیەوە، بەرپرسێکی باڵای پێشووی لوبنانی لە بەیروت ڕای گەیاند، دزەکردنی حزبوڵڵا لەلایەن هەواڵگریی ئیسرائیل و ئەمریکاوە “ئەو باجە بوو کە بۆ پشتگیریکردنی ئەسەد داویانە… دەبوو لە سووریا خۆیان ئاشکرا بکردایە.” لێرەدا بوو کە ئەم گرووپە نهێنییە ناچار بوو لەگەڵ دەزگەی هەواڵگریی بەدناو و گەندەڵی سووریا، یان دەزگە هەواڵگرییەکانی ڕووسیا کە بەبەردەوامی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە چاودێری دەکرێن، لە پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی زانیاریدا بێت.

توێژەرێک بە ناوی Yezid Sayigh لە سەنتەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دامەزراوەی کارنێگی سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت: “ئەوان لە هێزێکی ڕێکوپێک و پاکەوە، ڕێگەیان بە خەڵکێکی زیاتر دەدا بچنە ناو بازنەکانیانەوە؛ تەنانەت زۆر زیاتر لەوەی ڕێگەیان پێ دەدرا… ئەمەیش وای کرد لەخۆباییبوون و خۆبەزلزانین، هەروەها گۆڕانکاری لە شێوازی دامەزراندنی ئەندامان ببێتە هۆی ئەوەی کە وردە وردە نا-ڕێکخراو بن.” هەروەها باڵادەستی و توانا تەکنیکییەکان، وەک مانگی دەستکردی سیخوڕی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ی پێشکەوتوو و تواناکانی هاککردنی ئەلیکترۆنی کە مۆبایلەکانی ئەندامانی حزبوڵڵایان دەکردە ئامێری گوێگرتن، یارمەتیی ئیسرائیلیان دا کە سەرنجی بەرفراوانتر بخاتە سەر حزبوڵڵا.

بڕی ئەو زانیارییانەی کە کۆ دەکرێنەوە ئەوەندە زۆرن کە گرووپێک بە ناوی یەکەی ٩٩٠٠ تایبەتن بە نووسینی ئەلگۆریتمەکان کە لەنێو چەند تێرابایتێک لە وێنەکاندا بۆ بچووکترین گۆڕانکارییەکان دەکۆڵنەوە؛ بەو هیوایەی بۆمبێکی کەناری ڕێگە بدۆزنەوە یان دەرچەیەک لەسەر تونێلێک بدۆزنەوە یان زیادکردنی لەناکاوی پێکهاتەیەکی کۆنکرێتی کە دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ بوونی پەناگەیەک، بەوردی دەستنیشان بکەن. پاشان کاتێک کارمەندێکی حزبوڵڵا دەناسرێتەوە، شێوازی جووڵەی ڕۆژانەی لە داتابەیسێکی فراوانی زانیاری کۆ دەکرێتەوە کە دەتوانێت مۆبایلی هاوسەرەکەی، ئۆتۆمبێلی زیرەک، یان هەڵکەوتەی شوێنەکەی لەخۆ بگرێت.

بە گوتەی چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلی، ئەم زانیارییانە دەتوانرێت لە سەرچاوەی وەک درۆنێك کە بەسەر سەری ئامانجێکدا دەفڕێت، لە ڕێگەی کامێرای چاودێریی هاککراوەوە کە بەڕێکەوت کەسێک بەلایدا تێ دەپەڕێت، تەنانەت لە دەنگێکیشەوە کە لەسەر مایکرۆفۆنی کۆنترۆڵکردنی ئۆتۆمبێلێکی مۆدێرن تۆمار کراوە، یاخود لە ڕێگەی ڕیمۆتکۆنترۆڵی تەلەڤزیۆنێکیش دەستنیشان بکرێت.

هەر پچڕانێک لە ڕۆتینی ژیانی ئەو کەسانەی لەژێر چاودێریدان، دەبێتە هۆشدارییەک بۆ ئەفسەرانی هەواڵگری؛ تەکنیکێک کە ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات فەرماندەی ئاستی ناوەڕاستی فەوجەکانی دژەتانکی حزبوڵڵا، کە دوو یان سێ چەکداری تێدایە، دەستنیشان بکات. بە وتەی بەرپرسێکی هەواڵگری، ئیسرائیل جارێک چاودێریی خشتەی فەرماندەکانی حزبوڵڵای دەکرد بۆ ئەوەی بزانێت ئایا لە چاوەڕوانیکردنی هێرشێکی پێشبینیکراودا، لەناکاو بانگهێشتی بەرەکانی شەڕ دەکرێن یان نا. بەرپرسێکی پێشووی سەربازی دەڵێت: “ئیسرائیل توانایەکی زۆر و زانیارییەکی زۆری هەبوو کە هەڵگیرابوو و چاوەڕێی بەکارهێنانیانی دەکرد لە کاتی پێویست… دەمانتوانی زۆر پێش جەنگ ئەم توانایانە بەکار بهێنین، بەڵام نەمانکرد.”

پێ دەچێت ئەم دانبەخۆداگرتن و پشوودرێژییە بۆ سوپای ئیسرائیل، بەرهەمدار بووبێت. ماوەی زیاتر لە دە مانگە ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان لە هەردوو دیوی سنوورەکەوە پێکدادانیان هەبووە. لە کاتێکدا زۆرینەی ئەو هێزانەی حزبوڵڵا بە درێژاییی چەند کیلۆمەترێک لە سنووری باکووری ئیسرائیل بڵاو ببوونەوە، بەڵام ئیسرائیل تەنها چەند سەد هێزێکی ئاستنزمی حزبوڵڵای دەکردە ئامانج.

وا دیارە ئەم پێکدادانە کۆنتڕۆڵکراوە، سەید حەسەن نەسروڵڵای گەیاندە ئەو دەرەنجامەی کە هەردوو لایەن سەرقاڵی تاقیکردنەوەی جۆرە ململانێیەکی نوێ بوونە، کە تیایدا هێڵە سوورەکان بەباشی دیاری کراون و تا ئەو کاتەی ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەست لە غەززە دەگەنە ڕێککەوتن، هەر بەم شێوەیە پێکدادانەکان بەڕێوە دەبردرێت و دوای ئەوەیش حزبوڵڵا دەتوانێت لەسەر ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل ڕێک بکەوێت. بۆ نموونە، هەندێک جار حزبوڵڵا لێرە و لەوێ چەند مووشەکێکیان هەڵداوە و دواتر لە بەرامبەردا چەند جارێك لێیان دراوە و، بۆیە پێیان وا بوو مەودای پێکدادانەکان هەر لەم ئاستەدایە و بە هیچ شێوەیەک لەم سنوورە تێ ناپەڕن. بەڵام تەنانەت ئەگەری ئەوەی کە حزبوڵڵا بیەوێت ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدات کە حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەردا ئەنجامی دا و هەزار و ٢٠٠ کەسی کوشت و ٢٥٠ کەسیشی بەبارمتە گرت، بەس بوو بۆ ئەوەی ئیسرائیل ناوچە نیشتەجێبوونەکانی نزیک سنووری لوبنان چۆڵ بکات. لە ئەنجامدا، نزیکەی ٦٠ هەزار کەس ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێ بهێڵن و ناوچە سنوورییەکان بوونە ناوچەیەکی شەڕی چالاک لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان.

پێ دەچێت نەتانیاهۆ بۆ دابینکردنی هەلومەرجی ئاسایشی بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتیانەی ئیسرائیل، توانای هێرشبەریی پێشکەوتووتری بەکار هێناوە. ئەمەیش تەقینەوەی بێوێنەی هەزاران پەیجەری بۆمبڕێژکراو، لە دوو هەفتەی پێشووتردا لێ کەوتەوە، کە هەزاران ئەندامی حزبوڵڵا بریندار بوون. بەکارهێنانی ئەم  ئامراز و کەرەستانە ڕۆژی هەینی بە تیرۆرکردنی نەسروڵڵا، گەیشتە لووتکەی خۆی.

لە چەند مانگی ڕابردوودا- ئەگەر نەڵێین لە چەند ساڵانی ڕابردوو- هەواڵگریی ئیسرائیل توانایەکی تەکنیکیی پێشکەوتووی بەدەست هێنابوو کە ڕێگەی پێ دەدا لانی کەم بە شێوەیەکی پچڕپچڕ شوێنی سەید حەسەن نەسروڵڵا دەستنیشان بکات.

بە وتەی بەرپرسێکی ئیسرائیلی، لە چەند ڕۆژی دوای ٧ی ئۆکتۆبەر، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە فەرمانی بۆردوومانکردنی ئەو شوێنەی کە سەید حەسەن نەسروڵڵای تێدا بووە، دەستیان بە چالاکی کرد، بەڵام لەسەر داوای کۆشکی سپی ئۆپەراسیۆنەکە هەڵوەشایەوە. ڕۆژی هەینی، دەزگەی هەواڵگریی ئیسرائیل دیسانەوە شوێنی ڕێبەری حزبوڵڵایان دەستنیشان کرد. ناوبراو لە ڕێگەدا بوو بۆ پەناگەی “فەرماندەیی و کۆنترۆڵ” کە بڕیار بوو کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرکردەکانی حزبوڵڵا و فەرماندەیەکی باڵای ئێرانی لە بەشی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران ئەنجام بدرێت.

نەتانیاهۆ لە پەراوێزی وتارەکەی لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نیویۆرک لەبارەی ئەو پرسە ئاگادار کرایەوە. بە وتەی کەسێکی ئاگادار، نەتانیاهۆ پێش وتارەکەی لە ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبارەی ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردنی سەید حەسەن نەسروڵڵای زانیاریی هەبووە. لەم بارەیەوە ئیسین دەڵێت: لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا حزبوڵڵا لەناو نەچووە؛ هەرچەندە ئێمە ئازارمان پێ گەیاندوون و لاوازمان کردوون و لە دۆخێکی پشێوی و ماتەمینیدان.” هەروەها  ئیسین ئاماژەی بەوەیش کرد کە  حزبوڵڵا هێشتا توانایەکی زۆریان هەیە کە زۆر هەڕەشەئامێز و مەترسیدارە.
سەرچاوە: خانەی هزری کوردستان

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن