1736 عیراق

بەپەلە.. هێزە ئەمنییەکان دەیان دەرچووی بەشە پزیشکییەکانیان خەڵتانی خوێن کرد

02:01 - 19/08/2024

زەمەن _ عێراق

دوای چەندین جار گردبوونەوەی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی زانکۆکانی عێراق، ئەمڕۆ جارێکی تر گردبوونەوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پەلامار دران و دەیان کەسیان  بریندار کران.

 

ئەمڕۆ دووشەممە، ١٩ی ئابی ٢٠٢٤، بۆ دووەمین هەفتە لەسەریەک دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان لە پارێزگا و شارە جوداکانی عێراق بۆ خۆپیشاندانی مەدەنیانە لە بەغدا چوونەتە بەردەم وەزارەتی تەندروستی، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە زەبری هێز هەوڵی بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەرانیان کردووە و بەهۆیەوە توندوتیژی لێکەوتووەتەوە و بەگوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە دەیان خۆپیشاندەر بە شێوەی جیاواز بریندار کراون.

 

هەروەها وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، خۆپیشاندەران هەوڵیان داوە بچنە نێو باڵەخانەی وەزارەتی دارایی، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە ئەرکی یاسایی خۆیان هەڵساون و ڕێگریان کردووە و بەهۆیەوە توندوتیژی دروستبووە.

 

ئاماژە بەوەشدراوە بەهۆی توندوتیژییەکانەوە ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.

 

ئەمە لە کاتێکدایە، زیاتر لە 50 هەزار خۆپێشاندەر کە هەموویان لە دەرچووانی پیشە تەندروستییەکانن داوای پشکی دامەزراندنی ڕاستەوخۆی ناوەندی دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە وەزارەتی تەندروستی بەر لە هەمواری یاسای پیشە تەندروستییەکان و بە سەرەکی دانانی دامەزراندنی پزیشکە دەرچووەکان، کارکردنی بە یاسا کۆنەکە ڕاگرتووە کە دەرفەتی دامەزراندنی پیشە تەندروستییەکانی دەدات، بەمەش دەرچووانی کۆلێژەکانی دەرمانسازی، پزیشکی ددان، تەکنیکە پزیشکییەکان و شیکاری نەخۆشییەکان مافی دامەزراندنیان نییە لە کەرتی گشتیی بەهۆی ئەوەی ژمارەی ئەو پسپۆرانە لە ڕادە بەدەر زۆر بووە لە نەخۆشخانە حکوومەتییەکاندا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن