139 عیراق

گەندەڵییەکی گەورەی حكومەت ئاشکرا دەبێت

04:19 - 04/09/2024



زەمەن - عێراقی 

هێشتا لەکەی دزی سەدە لەسەر عێراق کاڵنەبووەتەوە گەندەڵییەکی گەورەی دارایی کە بە 10 هێندە زیاتر لە دزی سەدە دەخەمڵێندرێت لەسەر وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاشکرا دەکرێت.

 میدیا عێراقیەكان بڵاویانكردەوە كە حکوومەت بەم دواییانە شانازی بەوە دەکرد، پرۆژەی هێڵی ئاسنین بۆ بەستنەوەی بەشی باشوور بە بەشی باکووری دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ بەڵام دەرکەوت پرۆژەکە تەنیا کوتانەوەی ئاسنەکانی هێڵە کۆنەکەی سەدەی ڕابردووە نەک پرۆژەیەکی سەردەمییانە و عێراقیش پابەندی گرێبەستێکی مەترسیدا دەکات.

یاسر حوسەینی، سەرۆکی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: گەندەڵییەکی دارایی لەسەر وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لەسەر هێڵی ئاسنین کە بەشی باشوور بە بەشی باکوور دەبەستێتەوە ئاشکرا کراوە کە قەبارەی گەندەڵییەکە 10 هێندەی دزی سەدەیە.

حوسەینی ئاماژەی بەوەش کرد، گەندەڵییەکە لە گرێبەستێکە کە لەگەڵ سێ کۆمپانیای کۆریای باشووردا کراوە بۆ چاککردنەوەی هێڵی ئاسنینی کۆن نەک دروستکردنی هێڵێکی ئاسنینی کارەبایی یان هێڵێکی ئاسنینی سەردەمیانەو هەر لەسەرەتاوە تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکە گەندەڵی تێدایە و واژۆ بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری گواستنەوە کۆدەکەینەوە.

بەگوێرەی گرێبەستەکە نەوتی عێراق بە بارمتە دادەندرێت لەبەرامبەر پابەندکردنێکی یاسایی بەپێدانی 22 ملیار و  500 ملیۆن دۆلار بە کۆمپانیاکان.

بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لەریزبەندی وڵاتانی گەندەڵ لەکۆی 180 وڵات عێراق 157ـەمینە و  بەرپرسانی عێراقیش رەتیان نەکردووەتەوە ، لەرابردوودا حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق رایگەیاندووە 50 هەزار سەرباز وکارمەند بێ ئەوەی بوونیان هەبێت مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە.

 هەروەها عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق دەڵێت: لەنێوان ساڵانی 2003-2015 زیاتر لە 450 ملیار دۆلار بەهەدەر دراوە. ئەمە جگە لەوەی لەنێوان ساڵانی 2006-2014  دەیان ملیار دۆلار بۆ شەش هەزار پڕۆژەی وەهمی خەرجکراوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن