مەزڵوم کۆبانێ: ئامادەین بۆ دیالۆگ لەگەڵ تورکیا
08:09 - 30/10/2024
زەمەن - کوردستانى
فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، ئامادەن لەگەڵ تورکیا دابنیشن و داواش لە نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان دەکات هاوکاربن بۆ چارەسەرکردنى پرسى بۆردوومانکردنى رۆژئاواى کوردستان لەلایەن تورکیاوە.
مەزڵوم عەبدى، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایدەگەیێنێت، ئەوان لەگەڵ هەموو لایەنەکان لەنێویاندا تورکیا ئامادەی دیالۆگن، هەروەها داواشی لە نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان کرد لە هەوڵەکانیان بەردەوام بن بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەنێویاندا پرسی بۆردوومانکردنی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە بە مەزڵوم کۆبانیش دەناسرێت، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشییەتید پرێسی ئەمریکی کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە جەخت لە چارەسەری دیبلۆماسی لەگەڵ تورکیا دەکاتەوە.
مەزڵوم کۆبانێ باسی لە هێرشەکەی سەر دامەزراوەی پیشەسازی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە کردووە و دەڵێت، تورکیا هێرشەکە وەکو بیانوویەک بۆ ئۆپەراسیۆن لە سووریا بەکاردەهێنێت.
لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای تورکیا گوتوویەتى، شێوازی هێرشەکە و بەردەوامی هێرشەکە کە شەش رۆژە بەردەوامە، ئەوە دەردەخات کە هێرشەکە تەنیا وەڵامدانەوەیەک نییە، رووداوەکەی ئەنقەرە تەنیا بیانووە.