کاتى گەیشتنى شەپۆلێکى بەهێزى باران بارین راگەیەندرا
08:57 - 30/10/2024
زەمەن - کوردستانى
شەپۆلێكی باران بارینی بەهێز لە دەریای سور و دەریای ناوەڕاستەوە رو لە هەرێم دەكات كە بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسێكی كورد لە ماوەیەكی كەمدا بڕە بارانێكی زۆر دەبارێت و ئەگەری دروستبونی لافاوی هەیە.
محەمەد كەمال، شارەزای كەشوهەوا بە (KNN)ـی راگەیاند: لەسەر نەخشەكانی كەشوهەوا دەركەوتوە و بەپێی پێشبینییەكانیش لە سبەینێوە كاریگەری شەپۆلێك كە لە دەریای سور و دەریای ناوەڕاستەوە سەرچاوەی گرتوە دەستپێدەكات كە سەرەتا شەپۆلەكە لاواز دەبێت و پێدەچێت لە سنوری گەرمیان و سلێمانی باران ببارێت.
وتیشی: لە رۆژی هەینیدا لە بەشێك لە ناوچەكانی خۆرهەڵاتی گەرمیان رێژەیەكی كەم باران دەبارێت، بەڵام لە رۆژی شەممەوە لە كاتەكانی نیوەڕۆوە لە گەرمیان و سلێمانی هەڵەبجە و سنوری كەركوك تاوە باران لەگەڵ چالاكبونی رودانی هەورە بروسكە دەبارێت.
رونیكردەوە؛ لەبەرەبەیانی رۆژی یەكشەممەوە كاریگەری هەردو شەپۆلەكەی دەریای سور و دەریای رەش لە ئاسمانی هەرێمی كوردستان بەتەواوی دەردەكەوێت و تا دەرەنگانێگی شەو و بەرەبەیانی رۆژی دوشەممە تاوە بارانی زۆر بەهێز رو لە هەرێم دەكات.
محەمەد كەمال، شارەزای كەشوهەوا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لەگەڵ شەپۆلەكە شێیەكی كیشوەربڕ دەگاتە هەرێمی كوردستان، ئەمەش وادەكات شەپۆلەكە زۆر بەهێز بێت، هەروەها بەهۆی بارینی بڕە بارانێكی زۆر لە ماوەیەكی كەمدا لە هەردو رۆژی یەكشەممە و دوشەممە ئەگەری رودانی لافاو هەیە كە ئاستی ئاو لە سەنتەری شارەكان بەرز دەكاتەوە.