104 کوردستان

بەریتانیا بەتۆمەتی چالاكی و لایەنگری بۆ پەكەكە دەیان كورد دەستگیردەكات

02:39 - 28/11/2024

كاوە ڕەش/ بەریتانیا

پۆلیسی شاری لەندەن ڕایگەیاندوە، سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، حەوت کەس لەلایەن پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە لە لەندەن، بەتۆمەتی چالاکی گومانلێکراو کەپەیوەندییان بەپارتی كرێكارانی كوردستانەوە هەیە،  دەستبەسەركراون. بەپێی ڕاگەیاندنی پۆلیس، پارتی كرێكارانی كوردستان، لەووڵاتی بەریتانیا پارتێكی قەدەغەکراوە..

پۆلیسی لەندەن دەڵێ; دەستگیركراوەكان پێك هاتوون لەحەوت كەس،كەدوو ژن تەمەنیان ٥٩ و ٣١ ساڵ و چوار پیاو، تەمەنیان ٢٧ و ٦٢ و ٥٦ و ٢٣ ساڵە، لەچەند ناونیشانێكی جیاواز دەستگیرکراون.

هەموویان بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر دەستبەسەرن.

پۆلیسی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر ئاماژەی بەوەشکردووە، پێناچێت دەستگیركراوەكان هیچ هەڕەشەیەکی دوورو نزیکیان بۆ سەرخەڵک و ئاسایشی بەریتانیا هەبێت، بەڵكو ئەوان ئێستا پەیوەست بەچەند  بابەتێك لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو كەسانە دەكەن.

تۆری هەواڵی بی،بی،سی، بڵاوی كردۆتەوە، پۆلیس تادرەنگانی شەوی چوارشەممە، سەنتەری ڕەوەندی كوردیی لە(هێرنگی) لەندەن داخستوە لەچوارچێوەی گەڕان ولێكۆڵینەوەكانی. لەبەرامبەردا بەسەدان كورد لەندەنی پایتەخت و لەنزیك سەنتەری ڕەوەندی كوردیی گردبونەوە ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر گەمارۆدانی سەنتەرەكەو دەسگیركردنی ئەو حەوت چالاكوانە دەربڕی.

بەپێی وێنەو گرتە ڤیدیۆكان، گرژی لەنێوان خۆپێشاندەرانی كوردو هێزەكانی پۆلیس، تادرانگانی شەو بەردەوام بووە، بەو هۆیەشەوە پۆلیس چوار خۆپیشاندەری دەست بەسەركردوە.

بپێی لێدوانی پۆلیسی سكۆتلاند یارد، گەڕان و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵ ئەوانەی تۆمەتبارن بەچالاكوان و ئەندامی پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت.

لەلێدوانێكدا بۆ ڕاگەیاندنەكان، ئحسام میلانی، ئەندامی سەنتەری كۆمەڵایەتی كوردی لەلەندەن دەڵێ، هەڵكوتانە سەر سەنتەری ڕەوەندی كوردیی ناڕەواو نایاساییەو بەتەنها دەستدرێژی  شەڕەنگێزی كردن نیە بۆ سەر گەلی كورد، لەو ووڵاتە، بەڵكو سووکایەتیکردنە بەبنەماکانی دیموکراسی و دادپەروەریی و مافەکانی مرۆڤ، کەبەریتانیا بانگەشەی بەرزڕاگرتنی دەکات.

لەوەڵامی ناڕەزایی ڕەوەندی كوردیی ، پۆلیسی لەندەن ڕایگەیاندوە، ئەمە هەڵمەتێكی دەستگیرکردنی ئامانجدارە بۆ ئەو کەسانەی کە گومانیان لێدەکرێت، دەستیان لەچالاکییە تیرۆریستییەکاندا هەبێت کەپەیوەندییان بەو گروپەوە هەییە.

هێلین فلاناگان، ئەفەسەری پۆلیس دەڵێ، ئێمە تێدەگەین کەئەم دەستگیرکردنانە هەندێک نیگەرانی لەنێو هەندێک ڕەوەندی ناوخۆییدا دروستکردووە، بەتایبەتی ئەوانەی لەڕەوەندو کۆمەڵگەی کوردەكاندان.
بەڵام دەستگیرکردنەکان لەسەر چەند  "تۆمەتێكی زۆر جدیی” دێت، دوای لێکۆڵینەوەكانمان.

وە ئەو هەڵمەت و بەدواداچوون و چالاکییە تایبەتە بەپاراستنی هەموو پێکهاتەکانمان لەبەریتانیا، بەتایبەتی ئەوانەی لەپێکهاتەی ڕەوەندی  تورک و کوردەکاندان.

هاوكات پۆلیس، ئاماژەی بەوەشكردوە، لەگەڵ لێكۆڵینەوەكاندا، ئەفسەرانی پۆلیس بەردەوام دەبن لەدانیشتن و كۆبونەوە لەگەڵ ئەندامانی ڕەوەندی كوردیی، هەروەها پۆلیس و هێزی زیاتریش لەنزیك سەنتەری كۆمەڵایەتی كوردی جێگیردەكرێت، بۆ ڕوونەدانی هیچ ڕەوشێكی نەخوازراو.

جێی ئاماژەپێدانە بەشێكی زۆری ڕەوەندی كوردیی باكوری كوردستان،  لەشاری لەندەن نیشتەجێین و خاوەنی كاری بازرگانی و چەندین پیشەی جیاوازن، لەگەڵ ئەوەش دەورو كاریگەری گرینگ و بەرچاویان هەیە لەناڕەزایەتی و چالاكیەكانی پەیوەست بەكوردانی هەرچوارپارچەی كوردستان.

پارتی كرێكارانی كوردستان، لەساڵی هەشتاكانەوە دژی دەوڵەتی تورك، دەجەنگێ و خەبات دەكات، لەپێناو  بەدیهێنانی ماف و داخوازییەكانی گەلی كورد لەتوركیا.

بەڵام بەهۆی باڵادەستی توركیا لەكۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەرژەوەندی ووڵاتە زلهێزەكان لەگەڵ دەسەڵتدارانی توركیا، هەریەكە لەبەریتانیاو ئەمەریكا، پارتی كرێكارانی كوردستان، وەك ڕێكخراوێكی قەدەغەكراو نایاسایی دەناسن و كارو چالاكی مەدەنی و سیاسیان لەووڵاتەكانیان لێ قەدەغەكردون.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن